ئایا سلێمانی شارێکی باشە بۆ ژیان؟
11/19/2026 1:02:00 PM
کەمال چۆمانی
گۆڤاری ئیکۆنۆمیست پاشکۆیەکی ساڵانە دەردەکا کە باشترین شار بۆ ژیان لە دونیادا هەڵدەبژێرێ. لێکۆڵەرانی ئیکۆنۆمیست لەسەر بنەمای ٣٠ نیشاندەر کە بۆ سەر پێنج کاتاگۆری دابەشکراون هەڵسەنگاندن بۆ شارەکان ئەنجام دەدەن -لە خوارەوە لینکی پاشکۆی ئەمساڵ دادەنێم-. پێنج کاتاگۆرییەکە ئەمانەن؛ <<سەقامگیری، پەروەردە، تەندروستی، ژێرخان و کەلتور و ژینگە>>.
ئەمساڵ ١٧٣ شاریان هەڵسەنگاندوە. کۆپنهاگن پلەی یەکەم، ڤیەننا پلەی دوەم، و مێلبۆرن پلەی سێیەمیان گرتوە. تاران پلەی ١٦٤ و دیمەشق پلەی ١٧٣.
بۆ نمونە ئەگەر کاتاگۆری کەلتور و ژینگە هەڵبژێرین، ئەم نیشاندەرانەی خوارەوە بە پێوەر دانراوە؛ رێژەی شێ و پلەکانی گەرمی، ناخۆشیی ئاووهەوا بۆ رێبواران، ئاستی گەندەڵی لە شارەکە، قەدەغە دینی و کۆمەڵایەتییەکان، ئاستی سانسۆر یا بڵێین ئازادیی رادەربڕین، هەبونی شوێنی وەرزشکردن، هەبونی شوێنە کەلتورییەکان، باشیی و خراپیی خواردن و خواردنەوە، خزمەتگوزارییەکانی بەرخۆری.
ئێستا ئەگەر بێین سلێمانی یا هەولێر یا دهۆک بە پێودانگەکانی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست هەڵبژێرین، من پێموانییە پلەیەکی باشتر لە تاران بەدەستبێنن کە ژێرخانی تاران زۆربەی شارەکەی لەڕێی میترۆوە بەیەکەوە بەستۆتەوە.
میدیا و بەرپرسانی یەکێتی ساڵانە دێن کۆمەڵێک شیعر و گۆرانی جوانمان لەسەر سلێمانی پێشکەش دەکەن و هەستوسۆزی خەڵک دەجوڵێنن وەک بڵێی سلێمانی باشترین شاری کوردستانە.
بەڵێ، سلێمانی شارێکی خۆشە و خۆشمان دەوێ، هەروەک چۆن دهۆک و کەلار و پێنجوێن و زاخۆش شاری خۆشن و خۆشمان دەوێن، بەڵام ئەوەی شارێک وا لێ دەکات بۆ ژیان باش بێ، گۆرانی و شیعرەکانی ئەو کەسانە نییە کە خۆشەویستییان بۆ شارەکە دەربڕیوە، بەڵکو پێوەر هەن. ئەمە زانستە، قسەی میدیاکارێکی سەر شاشە نییە کە بە گۆرانی <<بە گەنجی قاڕونی نادەم خاشاکی کوچە و کۆڵانی>> دەستپێدەکات.
سلێمانی و هەولێر و دهۆک و کۆی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، تا ئێستاش بە دەست نەبونی هۆکارەکانی هاتوچۆی گشتییەوە دەناڵێنن. نە ترام هەیە نە قیتار و میترۆ. تەنانەت پاسی باشیش نین. ئاو و هەوایەکی ناخۆشیان هەیە. رێژەی سەوزایییان زۆر زۆر کەمە. فەزای گشتی سنوردارە. ئازادیی قسەکردن تێیاندا یا نییە یا زۆر سنوردارە.
یادی شارێک نابێ وەک دین و ناسیۆنالیزم بەکاربێ بۆ گەوجاندنی خەڵک، بەڵکو دەبێ بەکاربێ بۆ ئەوەی دابنیشین و بیربکەینەوە ئەو شارە پێویستی بە چییە و کەموکوڕەکانی چییە نەک بقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی روە گەشەکەی مێژوی شارەکە بەکاربهێنرێ بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو ناشیرینییانەی گروپێکی سیاسی لێی بەرپرسیارن.
پرسیارەکە ئەوە نییە سلێمانی چی بوە لە رابردودا و شاعیر و گۆرانیبێژەکانی چییان هۆنیوەتەوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا شارێکی باشە بۆ ژیان؟ ئایا گەنجەکانی بێکارن یان کاریان هەیە؟ ئایا کرێکارەکانی مافەکانیان پارێزراوە؟ ئایا گەڕەکە هەژارنشینەکان لەم زستانەدا نەوتیان هەیە خۆیانی پێ گەرمبکەنەوە؟ ئایا کاتێک مامۆستایەک یا هەر دانیشتویەکی شارەکە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، ئاسان دەتوانێت نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێ یا نەخۆشخانە تایبەتەکانی مرۆڤ هەڵدەلوشن؟ هتد...