وتار

نەوت لە سیاسەتی نوێی ئەمریکادا

8/31/2020 6:29:00 PM 233 جار خوێندراوەتەوە
سەردار عەزیز

جیمی کارتەر لەوە نەئەچوو وەهابێت. پیاوێکی مۆرمۆنی ئاینی، هەموو کەس چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرد کە بایەخ بە خودا و عیسا و مافی مرۆڤ و بەها باڵاکان بدات. ئەو وەها دائەنرا کە تەنها سەرۆکە پاش ودرۆ ولسن کە لە ڕوی خوداناسییەوە، تیولۆجیی، شارەزابێت. هەموومان وڵسن و چواردە خاڵەکەی دەزانین.، سەرەتای بە ئاگابونەوەی کوردە بە ئەمریکا، ڕەنگە ئەمەش هۆکاری ئەو ئایدیالیزمە بێت کە لە کرۆکی پەیوەندییەکەدا بونی هەیە. ئەم باوەرەی کارتەر وەهای لێکرد کە وەک کەسێک دەرکەوێت کە بیەوێت دژایەتی ڕژێمە سەرکوتکەرەکان بکات لە جێگاکانی تر. هەندێک بە ئایدیالیست و لاواز لە قەڵەمی ئەدەن، بە بڕەودانی بە خیتابی مافی مرۆڤ، شای ئێرانی لاوازکرد و نەیارەکانی بەهێزکرد و پاشان شۆرشی ئێرانی ڕویدا، کە بوە شکستێکی گەورە بۆی.
بەڵام کارتەر بە دۆکترنەکەی ناسراوە. لە ساڵی ١٩٨٠ لە وتاری بۆ گەلی ئەمریکا کە بە state of the Union ناسراوە، کارتەر ووتی: با هەڵوێستمان ئەوپەڕی ڕون بێت: هەر هەوڵێک لە لایەن هەر هێزێکی دەرەکییەوە، بۆ دەست بە سەراگرتنی نەوتی کەنداوی فارسی لە لایەن ئەمریکاوە وەها دادەنرێت کە هێرشە بۆ سەر بەرژەوەندییە سەرەکیەکانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بۆیە هەر هەوڵێکی وەها لە لایەن ئەمریکاوە دژایەتی دەکرێت، تەنانەت ئەگەر پێویست بە بەکارهێنانی چەکیش بکات.
ئەو ڕۆژگارە سۆڤیەت و ئێران مەترسی بوون. ئەمریکاش بۆ دابینکردنی وزە و ئاسایشی وزەی خۆی و هاوپەیمانانی پشتی بە نەوتی کەنداو دەبەست. بەڵام ئەمڕۆ دونیا وەها نیە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٥ بڕی خواستی زیادبونی نەوت لە ئەمریکا و ئەوروپا تەنها ٢٠٠ هەزار بەرمیل بوە لە ڕۆژێکدا. بەڵام بە پێچەوانەوە، خواست لە سەر نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زیاتر لە پەنجاجار لەو بڕە زیاترە، بە پێی ئینستیتویەتی بەیکەر.
لە گەڵ ئەمەدا ئەمریکا خۆی بوە بە بەرهەمهێنی نەوت. بەم پێیە ئێمە سێ خەسڵەتی سەرەکی گۆڕانکاریمان هەیە: یەکەم، خواستی کەم لە سەر نەوت، دووەم، گۆڕان بۆ بەکارهێنانی وزەی نوێبوەوە، سێیەم، گۆڕینی جۆری ئابوری، لە گەڵ پەرەسەندنی ئاگایی ژینگەیی.
ئەمانە هەموو پێکەوە وەها دەکات کە چیدی ئەمریکا و ئەوروپا لە ڕوانگەی ئاسایشییەوە خەمی دابینکردنی نەوتیان نەبێت. کەواتە سیاسەتی ئاسایشی وزە، کە هەمیشە بەشێک بوە لە ئاسایشی نیشتمانی، گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە. بەڵام ئایا لە سیاسەتی دەرەوەی نوێدا ئەمریکا چۆن نەوت بەکاردەهێنێت؟
وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، کاتێک نەوت بۆ ڕۆژئاوا گرنگی نامێنێت و بۆ ڕۆژهەڵات گرنگی زیاد دەکات، لە هەمانکاتدا سیستەمی جیهانی بەرەو ئەوە دەچێت کە ببێتە چەند جەمسەریی و کێبڕکێ دروست بێت لە نێوان ئەم جەمسەرانەدا، ئەوا نەوت دەبێت بە ئامرازێکی کێبڕکێ. خوێندنەوەی چۆنێتی بەرجەستەبونی ئەم ئامرازی کێبڕکێیە، بۆ کورد گرنگە.
دوو ڕوداو لەم روانگەیەوە هەڵدەسەنگێنم، یەکەم، گرێبەستی نەوتی کۆمپانیای Delta Crescent Energy لە گەڵ پەیەدەدا. دووەم هەوڵی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە گەڵ عێراقدا.
سیتفن کینزەر لە ستونەکەی خۆی لە ڕۆژنامەی بۆستن گلۆب ستونێکی لە ژێر ناونیشانی ئەوە نوسی کە نەوت ڕەنگە ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێڵیتەوە. بۆ ئەوانەی چاودێرن، ستیفن کەسێکی ناسراوە، بە شارەزایی دەربارەی ناوچەکە، بە تایبەتی ئێران و ئەمریکا و عێراق، چ وەک پەیامنێری نیویورک تایمز، چ وەک لێکۆڵەرێک و نوسەرێک. ئەو خاوەنی چەندین کتێبی گرنگە لە سەر ناوچەکە.
ستیفن بڕوای وەهایە کۆمپانیای دەلتا کرێسێنت بە تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوە. خاوەنەکانی کەسانێکن کە پاشخانی سەربازییان هەیە، زیاتر لە پاشخانی نەوتی. بە دیدی ئەو ئامانجی ئەم کۆمپانیایە و گرێبەستەکەی ئەوەیە کە بەهانەیەک بۆ ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکا دروست بکرێت هەتا سوپای ئەمریکی لەو ناوچەیە بمێنێتەوە چونکە بە دیدی ڕیالیستەکان، ئەمریکا هیچ بەرژەوەندییەکی نیە لە سوریا و پێویست ناکات لەوێ بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر کۆمپانیای ئەمریکی لەوێ هەبێت ئەوا بەرژەوەندی بۆ ئەمریکا دروست دەبێت و ئەمریکا دەبێت سوپاکەی لەوێ بهێڵێتەوە. ئەمە لە هەمانکاتدا پاشەکشێیە لە سیاسەتی گۆڕینی ڕژێم و دیموکراسیکردنی سوریا و ئەو هەوڵانە. بەڵام خاڵێکی تری گرنگ لێرەدا و شایانی ئاماژە پێدانە.
لە دیدارێکیدا لە گەڵ ئەتلانتیک کاونسڵدا، جاک سولیڤان، کە ئەگەری هەیە ببێتە وەزیری دەرەوە ئەگەر بایدن هەڵبژاردنەکان بباتەوە، دەڵێت سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی بایدندا لە ماڵەوە دەست پێدەکات. وەها دیارە ئەو وەرچەرخانەی کە لە سەردەمی ترامپدا رویدا، بە ئاسانی ناگۆڕێت. بەم ئەم دیدە نوێیە، دەبێت هەمو هەوڵێکی ئەمریکا لە دەرەوە بە سود و قازانجی ناوەوە بێت، یان هیچ نەبێت لە ڕوی دارایی و مرۆییەوە لە سەر ئەمریکا نەکەوێت. پرسی پەیوەندی ئەمریکا لە گەڵ کورددا لە سوریا لە چەند ڕویەکەوە لەم ڕوانگەیەوەیە. یەکەم، ئەمریکا کاریگەری زۆری هەیە و تەنها ٨ سەربازی کوژراوە. دووەم، تێچونی کەمە. سێیەم، بە بونی کۆمپانیای نەوت، هەم سەرچاوەی دارایی بۆ کورد پەیدا دەکەن و پێویست ناکات بیانژێنن، هەروەها بەهانە بۆ ئەمریکا دابین دەکەن کە بۆچی سوپایان لەوێیە. هەموو ئەمانە بۆ ئەوەی ئەمریکا سیاسەتی تر بکات لە میانەی ململانێی و هاوسەنگی هێز و بەرژەوەندی لە ناوچەکە.
ئەگەر سوریا بۆ ئەمریکا جێگای ململانێی ئێران و ڕوسیا و هەتا ئاستێک تورکیایە. ئەوا عێراق سەرزەمینی ململانێی ئێران و چینە. وەک لە گرێبەستە نوێکاندا دەیبینین هەوڵێک هەیە بۆ بوژانەوەی غازی عێراق ، ئەم هەوڵە بۆ پێدانی توانای سەربەخۆبونی عێراقە لە ئێران. لە هەمانکاتدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەیانەوێت بێنەوە ناو کایەی نەوتی عێراقی، هەرچەندە ئەمە ئاسان نیە، چونکە دژایەتی و بیروکراتیەت و نەبونی ئاسایش ڕێگرە لە هاتنەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان. بەڵام هەمووی پێکەوە ئەوەمان پێدەڵێت کە وزە لە لایە ئەمریکییەکان بوەتە ئامرازێکی ململانێ نەک سەرچاوەیەکی سەرەکی ئابوری و ژیاریان. لە هەشتاکانی کارتەرەوە، بگرە لە پەنجاکانی موسەدەقەوە نەوت داڕێژەری سیاسەتی ناوچەکەیە، نەوت چۆن بەردەوام بێت و بە نرخێکی گونجاو. ئەم سەردەمە کۆتایی هاتوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر کۆتایی دێت. ئێستا نەوت تەنها ئامرازێکە بۆ ئیدارەدانی ململانێکانی ناوچەکە.


Chat Conversation End
Type a message...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement