85وتار

تکایە بازرگانی بە ئاین و خودا ڕاگرن

5/23/2026 2:23:00 PM
رەهێڵ دزەیى

دیاردە نامۆکان لە کۆمەڵگاکەمان لە زیادبووندایە.
ماتەمینەکانیش بوونەتە ئامرازێک بۆ خۆ نمایش کردن و پۆزلێدان.
ئەو کاتەی کەسێکی ئازیزت لەدەست دەدەیت، تاکە شت کە واتلێدەکات هەندێک سێبوریت بێت و ئاهی دڵت دامرکی، ماتەمینەکەیە، ئەو چەند ڕۆژەی تازیە دادەندرێت و خزم و دۆست و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانت لە دەورتن و هاوخەمتن و دڵنەواییت دەدەنە.
تازیە دانان شێتکی زۆر زەرورە و لایەنی ئەرێنی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینردرێت بەتایبەتر لە شاری هەولێر زۆر دوورە لەو بۆنە کۆمەڵاتیەی لە کلتور و داب و نەریتی کوردەواری بوونی هەبوو.
ئەوەی دەگوزەرێ بەم شێوەیە.
خاوەن مردوو لە هۆڵێکی تایبەت بە تازیە ڕۆژێک یان چەند ڕۆژێک دادەنیشن( تازیە لە هۆڵەکان شتێکی باشە)، هەر یەکسەر پەیوەندی دەکرێت بە ژنێک کە پێی دەڵێن مەلاژن بێت قورئان بخوێنێت(ئەوەشیان باشە،بەڵام ئەگەر قورئان بخوێنێت) مەلاژن دێت بەخۆی و مایکرۆفۆن و بڵندگۆ و دەفکەی، هەندێ جار کەسێکی تری لەگەڵە وەک کۆرس.
دەبێ شوێنێکی تایبەت لە ناوەڕاستی هۆڵەکە بۆی دابین بکرێت، ئەوجا مەلاژن دەست دەکات بە دەف لێدان و گۆرانی گوتن! ئاوازی ئەو گۆرانیانەی دەیڵێ هەمان ئاوازی گۆرانیەکانی تاهیر توفیق و حەسەن زیرەک و بەشێکی تری گۆرانی بێژەکانی ترە، وشەکان هەمان وشەن، تەنها لەنێوان وشەکان جار جار ناوی پێغەمبەر محەمەد مستەفا(ص) دەڵین، وەک ئاماژەیەک ئەم وشە سۆزدارانە بۆ ئەو بێت.
قورئان خوێندن هەر زۆر کەمە، من بۆ خۆم لە هەر هەموو ئەو تازیانەی چوومە نەمبینیوە مەلاژنێک ئایەتێک بەتەواوی بخوێنتەوە.
مەڵاژن دەبێتە خاوەن تازیە هەر یەکێک دێت بۆ تازیەکە لە بڵندگۆیەکە بەخێرهاتنی دەکات و شوێنی بۆ دیاری دەکات لێی دانیشیت! لە هەمووی سەیر و سەمەرەتر، مەلاژن دەست دەکات بە ئامۆژگاری ژنەکان و باسی دین و دونیا و قیامەتیان بۆ دەکات و پێیان دەڵێ چ حەرامە چ حەڵالە، بێ ئاگا لەوەی ئەو پێش هەمووان پێشێلکاری ڕێنمایەکانی ئاین و خوا دەکات و پارەیەکی حەرام بەدەست دێنێت بە بازرگانی کردن بە ئاین و خوداوە، ئەگەر بێتو پارە وەرنەگرێت،یان دەستنیشانی بڕی پارەکە نەکات بیهێلێتەوە بۆ خاوەن تازیە ئەو وەک هاوکاری و دیاری بڕە پارەیەکی بداتێ، هێشتان ڕێگای دەچێتێ ڕێزیان لێبگرین، بەڵام ئەوان مامەڵە دەکەن و لە (دە هەزار دۆلار ، مامەڵەیان بە دۆلارە!)کەمتر وەرناگرن بۆ سێ ڕۆژی تازیە، ئەوە باس لە کۆتا ڕۆژی تازیە ناکەم کە دەبێتە ئاهەنگێکی تەواو، پێی دەڵێن مەولود، پاقلاوە و شیرینی و خۆڕازاندەوە دەف لێدان، پارەیەکی زیاتر دەدرێت بە مەلاژن.
بە بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە لە ماتەمینە، خاوەن مردوو سەر و ماڵی دەڕوا، تازیەکە پارەیەکی زۆر لەسەر خاوەن تازیەکە دەوێت.
تازیە دانان بۆ ئەوەیە خاوەن مردوە ئەو چەند ڕۆژە لەگەڵ خزم و دۆست هاوڕێکانی بگری و خەم و ئازاری لەدەستدانی ئازیزەکەی هەڵبڕێژێ، ئەوەش یاریدەدەرێکی زۆر باشە ئەو گریان و خەم و ئاهەی لە ناخیەتی دەریدێنێت، بەڵام ئێستا خەڵکەکە زیاتر لە دەوری مەلاژن و گۆرانیەکانی کۆدەبنەوە وەک بەرنامەی گۆرانی داوەکراو، داوای هەندێ لە گۆرانی دڵخوازی خۆیان لە مەلاژن دەکەن بۆیان بڵێن، لەجیاتی لەدەوری خاوەن مردوو کۆببنەوە و خەمەکانی کەم بکەنەوە.
لەدەستدانی کەسێکی نزیک و ئازیز کۆستێکی زۆر گەورەیە، دەبێ ڕێز لەو کۆستە بگیرێت و ڕێز لە مردن بگیرێن. ئەو چەند ڕۆژەی دیاری کراوە بۆ ماتەمین بە ڕێزەوە بەڕێبکرێت و ڕێز لە خەم و پەژارەی ئەو کەسانە بگیرێت کە خودا بەسەری کردونەتەوە و ئازیزیان لەدەست داوە، بەڕێزوە بچین بۆ تازیەکان، نەک بۆ نمایش کردنی جل و خشڵ و زێر، لوتکەی بێ ڕێزی و موڕالییە، کەسانێک هەن پێش ئەوەی بچن بۆ تازیەکە دەچن بۆ ساڵۆم قژیان چاک دەکەن! بە سوراو سپیاوەوە دێن بۆ تازیەکە.
دواکارم لە وەزارەتی ئەوقاف سنورێک دانێ بۆ ئەو بازرگانیەی بە ئاین و خودا و خەوم لەدەستدانی ئازیزانمان دەکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن