31 کوردستان

نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ڕابەری کۆچکردوو (کاک نەوشیروان مستەفا)

05:38 - 19/05/2026

زەمەن_هەواڵ

 

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان...
هەڵسوڕاو و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان...

ئەمڕۆ ١٩ی ئایاری ٢٠٢٦، نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردە، فەیلەسوفی سیاسی، و ڕابەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، (نەوشیروان مستەفا)دا تێپەڕ دەبێت. لەم یادە خەمناکەدا، بە شکۆوە کڕنۆش بۆ خەبات، مێژوو و ئه‌و میراتە فکری و سیاسییە دەست پێ دەکەین کە بۆ گەلی کورد و نەوەکانی داهاتووی بەجێهێشت.

کاک نەوشیروان تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو خاوەنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی، عەقڵانی و ئەخلاقی گشتگیر بوو. ئەو وەک هێمایەکی نەگۆڕی دژایەتیکردنی گەندەڵی، چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، سەروەری یاسا، و ڕیفۆرمی ڕیشەیی لە سیستمی حوکمرانی هەرێمی کوردستاندا مایەوە. پەیامەکەی ئەو، ستراتیژێکی هەمەلایەن بوو کە لە ئاسایشی نەتەوەییەوە تا دەگاتە پاراستنی کەرامەتی تاک، بوژاندنی کشتوکاڵ و ئاوەدانی، و بونیادنانی هێزێکی چەکداری نیشتمانیی دوور لە هەژموونی حزبی دەگرتەوە.

هاونیشتمانیانی خۆشەویست...
ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ئەم سەرکردە مەزنە دەکەینەوە، کە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی، قەیرانی دارایی و سیاسی، و مەترسیی جدی لەسەر قەوارەی دەستوریی هەرێمەکەماندا تێپەڕ دەبێت. جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای ئەو عەهد و پەیمانەی بە ڕابەری کۆچکردوو و کۆمەڵانی خەڵکی داوە، دووپاتی دەکاتەوە کە تاکە ڕێگای دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە، گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنەما عەقڵانی و دەستورییانەی کە کاک نەوشیروان تەمەنی خۆی بۆ بەخشی؛ ئەویش لە ڕێگەی یەکڕیزیی نیشتمانیی ڕاستەقینە، ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە لەسەرجەم سێکتەرەکاندا، و دامەزراوەییکردنی فەرمانگە و هێزە نیشتمانییەکان.
ئێمە لە جڤاتی نیشتمانی، لەم یادەدا بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە پارێزەری پرەنسیپە نەگۆڕەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بین، پەرۆشی مافە ڕەواکانی خەڵک، باشکردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان، و چەسپاندنی لێپرسینەوە و شەفافییەت بین لە حوکمڕانیدا. بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی مەدەنی و ڕیفۆرمخواز، بە پشتگیری هێزی گۆڕانخوازی ئێوەی دڵسۆز، بەردەوام دەبێت لە هێنانەدی ئەو ئامانجە باڵایانەی کە نەتەوەکەمانی پێ دەگاتە کەناری ئارامی.
سڵاو لە گیانی پاکی ڕابەری کۆچکردوو کاک نەوشیروان مستەفا و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
پەیام و فکری عەقڵانی و ئەخلاقیی تۆ، هەمیشە چرای ڕێگای خەباتمان دەبێت.

 بزوتنەوەی گۆڕان
 گردی زەرگەتە 
١٩ی ئایاری ٢٠٢٦

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن