نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ڕابەری کۆچکردوو (کاک نەوشیروان مستەفا)
03:35 - 19/05/2026
نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ڕابەری کۆچکردوو (کاک نەوشیروان مستەفا)
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان...
هەڵسوڕاو و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان...
ئەمڕۆ ١٩ی ئایاری ٢٠٢٦، نۆ ساڵ بەسەر کۆچی
دوایی سەرکردە، فەیلەسوفی سیاسی، و ڕابەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، (نەوشیروان مستەفا)دا
تێپەڕ دەبێت. لەم یادە خەمناکەدا، بە شکۆوە کڕنۆش بۆ خەبات، مێژوو و ئهو میراتە
فکری و سیاسییە دەست پێ دەکەین کە بۆ گەلی کورد و نەوەکانی داهاتووی بەجێهێشت.
کاک نەوشیروان تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو،
بەڵکو خاوەنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی، عەقڵانی و ئەخلاقی گشتگیر بوو. ئەو وەک هێمایەکی
نەگۆڕی دژایەتیکردنی گەندەڵی، چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، سەروەری یاسا، و ڕیفۆرمی
ڕیشەیی لە سیستمی حوکمرانی هەرێمی کوردستاندا مایەوە. پەیامەکەی ئەو، ستراتیژێکی هەمەلایەن
بوو کە لە ئاسایشی نەتەوەییەوە تا دەگاتە پاراستنی کەرامەتی تاک، بوژاندنی کشتوکاڵ
و ئاوەدانی، و بونیادنانی هێزێکی چەکداری نیشتمانیی دوور لە هەژموونی حزبی دەگرتەوە.
هاونیشتمانیانی خۆشەویست...
ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ئەم سەرکردە مەزنە دەکەینەوە،
کە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی، قەیرانی دارایی و سیاسی،
و مەترسیی جدی لەسەر قەوارەی دەستوریی هەرێمەکەماندا تێپەڕ دەبێت. جڤاتی نیشتمانی
بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای ئەو عەهد و پەیمانەی بە ڕابەری کۆچکردوو و کۆمەڵانی
خەڵکی داوە، دووپاتی دەکاتەوە کە تاکە ڕێگای دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە، گەڕانەوەیە
بۆ ئەو بنەما عەقڵانی و دەستورییانەی کە کاک نەوشیروان تەمەنی خۆی بۆ بەخشی؛ ئەویش
لە ڕێگەی یەکڕیزیی نیشتمانیی ڕاستەقینە، ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە لەسەرجەم سێکتەرەکاندا،
و دامەزراوەییکردنی فەرمانگە و هێزە نیشتمانییەکان.
ئێمە لە جڤاتی نیشتمانی، لەم یادەدا بەڵێن
نوێ دەکەینەوە کە پارێزەری پرەنسیپە نەگۆڕەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بین، پەرۆشی مافە ڕەواکانی
خەڵک، باشکردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان، و چەسپاندنی لێپرسینەوە و شەفافییەت بین لە
حوکمڕانیدا. بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی مەدەنی و ڕیفۆرمخواز، بە پشتگیری هێزی گۆڕانخوازی
ئێوەی دڵسۆز، بەردەوام دەبێت لە هێنانەدی ئەو ئامانجە باڵایانەی کە نەتەوەکەمانی پێ
دەگاتە کەناری ئارامی.
سڵاو لە گیانی پاکی ڕابەری کۆچکردوو کاک نەوشیروان
مستەفا و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
پەیام و فکری عەقڵانی و ئەخلاقیی تۆ، هەمیشە
چرای ڕێگای خەباتمان دەبێت.
بزوتنەوەی گۆڕان
گردی زەرگەتە
١٩ی ئایاری ٢٠٢٦