پێنج ژن کارێکی مەترسیداریان کردووە و بازرگانیان بە مرۆڤەوە کردووە
03:00 - 01/09/2026
زەمەن_هەواڵ
دادگای تاوانەكانی كەرخ لە بەغدا، سزای شەش ساڵ گرتنی بۆ پێنج ژن دەركردووە كە تۆمەتبارن بە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، لەوانە فرۆشتنی منداڵێكی تازە لەدایكبوو بە سێ ملیۆن دینار.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١ی ئەیلولی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ دادگای تاوانەكانی كەرخ، سزای شەش ساڵ گرتنی بۆ پێنج ژن دەركردووە، دوای ئەوەی تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤیان بەسەردا سەلمێنراوە و یەكێك لە سزادراوەكان كە دایكی منداڵەكەیە، منداڵە تازە لەدایكبووەكەی خۆی بە هاوكاریی چوار ژنی تر و بە بڕی سێ ملیۆن دیناری عێراقی فرۆشتووە.
ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای مادەی شەش لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ (ژمارە 28ی ساڵی 2012) و مادە پێوەندیدارەكانی یاسای سزادانی عێراقی دەركراوە.