86 عیراق

عێراق دەستپێكردنی خوێندنی بۆ ناوەراستی مانگی 10 دواخست

12:54 - 15/09/2026

زەمەن – هەواڵ

 

 لەبەر سێ هۆکار دەوامی قوتابخانەکان لە عێراق دواخرا

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە واژۆی عەلی سعوود عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گشتی و ئەهلی و بیانی لەسەرە و ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە، بڕیار درا بە دواخستنی کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، بە رەزامەندیی وەزیری پەروەردە، بڕیار درا رۆژی یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026 بکرێتە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دەوام، لە جیاتی رۆژی 20ـی ئەیلوول پێشتر دیاری کرابوو.

وەزارەتی پەروەردە چەند هۆکارێکی بۆ ئەم بڕیارە خستەڕوو، لەوانە پێدانی کاتی پێویست بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بۆ ئەو پۆلانەی کۆتایی قۆناخەکان نین. هەروەها ئامادەکاریی تەواو بۆ ساڵی نوێی خوێندن، سەرباری بەرزبوونەوەی ئاستی پلەکانی گەرما لەم ماوەیەدا. نووسراوەکەش ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکان کراوە بۆ ئەوەی کاری پێویستی بۆ بکەن.

لە ئێستادا عێراق بەدەست چەندین کێشەی پەروەردەییەوە دەناڵێنێت، لەوانە کەمیی باڵەخانەی قوتابخانەکان، ئەمەش وای کردووە لە یەک بینادا دوو یان سێ دەوام بکرێت. هاوکات نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئامێری فێنککەرەوە لە نێو پۆلەکاندا، وادەکات دەستپێکردنی دەوام لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا ببێتە ئاستەنگێکی گەورە بۆ سەر تەندروستیی قوتابیان و مامۆستایان. بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور زۆرجار پلەکانی گەرما تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم لە سەرووی 40 پلەی سیلیزییەوە دەمێننەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن