لوتکەی ئابووریی سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد
02:51 - 17/09/2026
زەمەن:-
بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی ئابووری و پەرەپێدانی کەرتەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان، ئەمڕۆ لە هۆتێل شاری جوان، "لوتکەی ئابووریی سلێمانی بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان" دەستی بە کارەکانی کرد. بڕیارە کارەکانی لوتکەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدارن.
لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا، تەرکیز دەخرێتە سەر پرسە گرنگەکانی ئابووری و بیناسازی. خشتەی کارەکانی لوتکەکە حەوت پانێڵی جیاواز لەخۆدەگرێت کە بەتایبەتی تەرخانکراون بۆ تاوتوێکردن و پێداچوونەوە بە دۆخی کەرتەکانی بانک، خانووبەرە، پیشەسازی و وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، بەهرۆز فەرەیدوون، وتەبێژی لوتکەی ئابووریی سلێمانی ڕایگەیاند؛ ئەمە یەکەمین جارە لوتکەیەکی ئابووریی لەم قەبارەیەدا لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە کارەکانی لوتکەکە دابەشکراون بەسەر سێ تەوەری سەرەکیدا کە بریتین لە وەبەرهێنان، پیشەسازی و سێکتەری بانکی، بەتایبەتی لە چوارچێوەی شاری سلێمانیدا.
سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە، وتەبێژی لوتکەکە ڕوونیکردەوە کە مەبەستی سەرەکی دروستکردنی پەیوەندی و بەستنەوەی ئەو کەرتە گرنگانەیە بەیەکەوە، بۆ ئەوەی پێگەی سلێمانی لە ڕووی پیشەسازی و وەبەرهێنانەوە بەهێزتر بکرێت. هەروەها هەوڵێکە بۆ هاندانی ڕاکێشانی سەرمایە و پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییە جیاوازەکان لە شارەکەدا.
لە ڕووی ئاستی بەشدارییکردنیشەوە، ئاشکرا کرا کە چەندین کەسایەتیی باڵا ئامادەی کارەکانی لوتکەکە دەبن، لە دیارترینیشیان سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیران و کەسایەتییە شارەزاکانی بوارەکانی ئابووری. بڕیاریشە لە پەراوێزی پانێڵە ئاشکراکاندا، چەندین کۆبوونەوەی داخراو لەنێوان بەشداربووان و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجام بدرێت.