119 کوردستان

راپۆرت؛ لەدادگا لاهوری شێخ جەنگی و هاوڕێکانی ئەمڕۆ چیان وت؟

04:20 - 17/09/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 پێنجەمین دانیشتنی دادگایی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بەڕێوەچوو و تێیدا هەموو تۆمەتەکانی کە ئاڕاستەیان کرابوو ڕەتکردەوە.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٦، دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، ڕایگەیاند: لە پێنجەمین دانیشتنی دادگای تاوانەكانی دووی سلێمانی، لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێیانی هەموو تۆمەتەكانیان ڕەت كردەوە و وتوویانە؛ كە بوونی هێز بۆ پاراستنی مالی مام جەلال و هێرۆ خان بووە نەك بۆ كوشتنی بافڵ تاڵەبانی.

ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتباران وتەی خۆیان پێشكەش كردووە و ڕێبوار حامی حاجی غالی بە دادوەری ڕاگەیاندوە كە لاهور شێخ جەنگی هیچ فەرمانێكی بۆ كوشتنی بافڵ تاڵەبانی پێنەداوە، بەڵكو تەنها پێی وتوون ماڵی مام جەلال بپارێزن چونكە كودەتایەك لە ئارادا بووە.

هاوکات، پۆڵاد شێخ جەنگی هەموو وتەكانی ناو دۆسیەكەی ڕەتكردەوە و وتویەتی، "من كوردی نازانم، وتەم لێ وەرگیراوە لە ژێر كاریگەریی تەندروستیدا بووم، بریندار بووم، حەبم پێدراوە و بێهۆش بووم، وتەم لێ وەرگیراوە؛ داوای پارێزەرم كردوە، پارێزەریان بۆ ئامادە نەكردوم".

دواتر لاهور شێخ جەنگی لە بەردەم دادوەر قسەی كردوە و وتویەتی، "من ئێستاش و لە ڕابردودا لە بەردەم دادگا بوم، دەمەوێ دادگا سەروەریی خۆی بپارێزێت؛ من ئێستا لە دەرەوەی دادگا دەبون ئەگەر سوڵحم كردبایە، بۆیە هاتومەتە دادگا بۆ ئەوەی دادگا سەروەری بێت".

سەبارەت بە تۆمەتی كوشتن، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، "ئەگەر مەبەستم كوشتنی بافڵ جەلال تاڵەبانی بوایە، لە بەردەم دەرگای ماڵی خۆمان دەمتوانی لێی بكوژم، بەڵام مەبەستم كوشتنی هیچ كەسێك نەبوە؛ ئەو هێزەی هێناومە بۆ پاراستنی خۆم بوە چونكە هەڕەشەم لێ كراوە." تیمی پارێزەران داوای كۆمەڵێك بەڵگەی وەك هاردی كامێراكانیان كردوە بەڵام تاكو ئێستا وەڵامی داواكارییەكانیان نەدراوەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە ڕێبوار حامی حاجی غالی كە كەسایەتییەكی سەربازیی نزیك بوو لە لاهور شێخ جەنگی، وردەكارییەكانی پیلانێكی كوشتنی  بافڵ تاڵەبانی ئاشكرا كرد.

ئەو وتی كاتێك چوە بۆ شوقەیەكی سیتی تاوەرز، ڕێبوار قودرەتی بینیوە و شوقەكەش پەنجەرەی پێوە نەماوە و تەنها پلاستیكێكی پێوە بوە. كاتێك پرسیاری لێ كردوە چی دەكەی، ڕێبوار قودرەت وتویەتی كە بافڵ تاڵەبانی دەكوژێت، وتم چۆن شتی وا دەكەی. ڕێبوار حامی ئاماژەی بەوەشكرد كە دەستكاریی دوربینی قەناسەكەی ڕێبوار قودرەتی كردوە تاوەكو ئامانجەكەی نەپێكێت.

هەر لە وتەكانیدا، ڕێبوار حامی جەختی كردوەتەوە كە لاهور شێخ جەنگی داوای لێ نەكردوە بافڵ تاڵەبانی بكوژێت، بەڵكو تەنها پێیوتوە بچێتە ناو ئەو شوقەیەوە تاوەكو بزانێت چی لەوێ دەگوزەرێت. ئەو ئاماژەی بەوەشكرد كە دەستكاریكردنی دوربینەكە هۆكارێك بوە بۆ ئەوەی بافڵ تاڵەبانی نەكوژرێت، بەڵام وتیشی "خوداش نەیكوشت". ئەم دانپێدانانە لە یەكەمین ڕۆژی وەرگرتنی وتەكانی ئەو تۆمەتبارانەدا لە بەردەم دادوەر تۆماركراون و وەك پێشهاتێكی نوێ دەبینرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ململانێی ناوخۆیی یەكێتیی لە ٨ی تەموزی ٢٠٢١وە دەستیپێكرد، كە تێیدا گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە پەیكەری فەرماندەیی و ئەمنیی ئەو حزبەدا كرا و لاهور شێخ جەنگی كە هاوسەرۆكی حزبەكەبو دورخرایەوە. ڕۆژی ٢٢ی (ئاب/٨)ی ٢٠٢٥ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چونە سەر بارەگای بەرەی گەل (هۆتێل لالەزار) و ماڵی لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانی و ئەوکات داوای لێکرا خۆی رادەستبکات، چونکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە بەڵام ڕوبەڕوبونەوە رویداو و دواتر لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی دەستگیرکران.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن