هەواڵێكی خۆش لە نێچیرڤان بارزانی یەوە
02:47 - 17/09/2026
زەمەن_هەواڵ
نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پێشمەرگە ڕایگەیاند: هەمویان لە چوارچێوەی وەزارەت كۆبونەتەوە. ئەو ئاماژەی بە بونی هەوایەكی ئەرێنی لە نێوان پارتی و یەكێتی كرد و جەختی كردەوە كە بەرەو پێكهێنانی حكومەت لە سەر ئاراستەیەكی دروست دەڕۆن.
ئەمرۆ پێنجشەممە، ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی لە پەراوێزی لوتكەی ئابوریی سلێمانی بۆ میدیاکان وتی: پڕۆسەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە بە كۆتا هاتووە و ئاشكرای كرد كە لەم چەند ڕۆژەدا مەراسیمێكی فەرمی بۆ ڕاگەیاندنی كۆبونەوەی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەت ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە هەنگاوێكی مێژوییە بۆ سەقامگیریی هەرێم. سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكانیش، بارزانی دڵخۆشیی خۆی دەربڕی كە گەشە و هەوایەكی باشتر لە نێوان پارتی و یەكێتیدا دروست بوە، كە هیوای خواست ئەمە ببێتە هۆی گەیشتن بە ئەنجامێكی باش كە خزمەت بە هەمو هەرێمی كوردستان بكات.
سەبارەت بە دۆسیەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوە كرد كە ناتوانێت وادەیەكی دیاریكراو ڕابگەیەنێت، بەڵام زنجیرەیەک كۆبونەوەی گرنگ لە نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، هەروەها لە نێوان هێزە ئەمنی و مەكتەب سیاسییەكانی هەردو حزب ئەنجامدراون.
نێچیرڤان بارزانی پێیوایە كە ئێستا ئاراستەی كارەكان بەرەو پێكهێنانی حكومەت دروستە و زەمینەیەكی لەبار بۆ ڕێككەوتن هاتوەتە كایەوە.
یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە یەكێك بوە لە مەرجە سەرەكییەكانی وڵاتانی هاوپەیمان بۆ بەردەوامیی هاوكارییە سەربازییەكان بۆ هەرێمی كوردستان. لە سالانی ڕابردودا هەبونی یەكەكانی 70 و 80 وەك كۆسپێك لە بەردەم دروستكردنی سوپایەكی نیشتمانیی یەكگرتو دەبینرا.
لە لایەكی ترەوە، دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دوای هەڵبژاردنەكان، هەرێمی كوردستانی ڕوبەڕوی ئاڵنگاریی ئیداری و دارایی كردوەتەوە. ڕاگەیاندنی نزیكبونەوەی پارتی و یەكێتی لە سلێمانییەوە، وەك ئاماژەیەكی ئەرێنی بۆ كۆتاییهێنان بە چەقبەستویی سیاسی لە هەرێمدا لێك دەدرێتەوە.