3وتار

چارەنوسی هەرێم لە نێوان ململانێی ناوخۆیی و هەموارکردنەوەی دەستور

11/17/2026 2:29:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس

لەکاتێکدا لایەنە سیاسیەکانی هەرێم سەرقاڵی دەست شکاندنەوە و ململانێی ناوخۆیین و نێو ماڵی کورد بەرەو لێکترازان دەچێت، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و لەسەر ئاستی بەرزترین پێگەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق باس لە هەموارکردنەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ز و گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و سنوردار کردنی پسپۆڕیەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەقاڵبدانی دەسەڵاتەکانی دەکرێت. 

لە میانی سەردانی دادوەر "فایەق زێدان" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ بەریتانیا و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی دەستپێشخەری عێراق ٢٠٢٦ "مؤتمر مبادرة العراق ٢٠٢٦" (Iraq Initiative conference 2026) كە لە لایەن پەیمانگای شاهانە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە لەندەن (Chatham House) لە ڕۆژی (٢٠٢٦/١١/١١) ئەنجامدرا، دادوەر "فایەق زێدان" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق چاوی کەوت بە (تۆم باراک) باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا و یەکێک لەو پرسانەی گفتوگۆیان لە بارەوە کردووە بریتی بووە لە هەموارکردنەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ز و گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی.

پاشان لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا دادوەر "فایەق زێدان" بە ڕاشکاوی باسی لە گرنگی هەموارکردنەوەی ئەو مادە دەستوریانە کرد کە پەیوەندییان بە پسپۆڕیەتی و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر و هاوسەنگی دەسەڵات و پسپۆڕیەتی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، دادوەر "فایەق زێدان" ڕایگەیاند:
زۆربەی ئەو گرفتە سیاسیانەی دوچاری عێراق بۆتەوە لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک دەقی دەستوری کە زیاتر لە خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێت، بۆیە پێویستە ئێمە ئەو دەقە دەستورییە ناڕوونانە هەموار بکەینەوە.
هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو دەقە دەستورییانەی تایبەتن بە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەقانەی تایبەتن بە پرسی دەرکردن و فرۆشتنی نەوت تا ئێستا دوو شرۆڤەی هەڵەیان بۆ دەکرێت، هەرێمی کوردستان پێی وایە کە دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی بە پێچەوانەوە پێی وایە سامانی سروشتی بە گوێرەی دەستور موڵکی هەموو گەلی عێراقە هەربۆیە ئەم بابەتە لە پسپۆڕیەتی حکومەتی فیدراڵییە.

ئەم چاوپێکەوتن و لێدوانانەی سەرۆکی دەسەڵاتی باڵای دادوەری عێراق لەم کاتەدا و لەم شوێنەدا پێویستە خوێندنەوەی قوڵی بۆ بکرێت :

١-دادوەر "فایەق زێدان" کاتێک لە لەندەن و لەگەڵ (تۆم باراک) باس لە گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی عێراق دەکات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، هەنگاوی یەکەمە بۆ وەرگرتنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و بەریتانیا بە ئاڕاستەی چڕ کردنەوەی پسپۆڕیەتی و دەسەڵاتەکان لە بەغدا و قۆناغ بە قۆناغ گەڕانەوە بۆ سیستەمێکی ناوەندی دکتاتۆری لە عێراقدا و لە کۆتاییدا هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی.
٢-دادوەر "فایەق زێدان" لە کۆنفرانسەکەدا بە دوو بڕگە باسی لە گرفتەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کرد:

أ-ئەو دەقە دەستوریانەی تایبەتن بە دەسەڵات و پسپۆڕیەتیەکانی هەرێمی کوردستان. 
ئەم بڕگەیە گرنگترین و هەستیارترین پرسە کە لایەنەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق بە شیعە و سوونە و پێکهاتەکانی ترەوە مەبەستیانە دەستوری بۆ هەموار بکەنەوە بە ئامانجی سنوردار کردنی پسپۆڕیەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەقاڵبدانی دەسەڵاتەکانی.

ب-ئەو دەقانەی تایبەتن بە پرسی دەرکردن و فرۆشتنی نەوت کە تا ئێستا دوو شرۆڤەی هەڵەی بۆ دەکرێت.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە دادوەر "فایەق زێدان" لە هەموو کەس زیاتر دەزانێت دەستوری هەمیشەیی عێراق ئەم پرسەی یەکلا کردۆتەوە لە ڕێگای مادەی (١١٢) بە ڕێکخستنی ئەم بابەتە لە ڕێگای دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، هەروەها بە گوێرەی بڕگەی (دووەم) لە مادەی (٩٣)ی دەستور شرۆڤەکردنی دەقەکانی دەستور لە پسپۆڕیەتی دادگای باڵای ئیتیحادیە کە بە گوێرەی مادەی (٩٤)ی دەستور بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتیحادی یەکلاکەرەوەیە و تانەیان لێنادرێت.
جگە لەوەی لەسەر ئاستی عێراق پرسی نەوت و گاز بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٥٩/اتحادیة/٢٠١٢ وموحدتھا ١١٠/اتحادیة/٢٠١٩) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٢/١٥ یەکلا کرایەوە و یاسای نەوت و گازی هەرێم (ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٧)ی هەڵوەشاندەوە، پاشان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستەی ناوبژیوانی پاریس(ICC) لە ٢٠٢٣/٣/٢٣ بە بڕیارێک یەکلایکردەوە تاکە لایەنی فەرمی هەناردەکردنی نەوت لە عێراق بریتییە لە کۆمپانیای(سۆمۆ) و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت و دۆسێی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان سەندرایەوە.

٣-پێویستە ئەوەش بەهەند وەربگیرێت ئەوەی گفتوگۆکەی لەگەڵ دادوەر "فایەق زێدان" ئەنجامدا (Sir Simon Fraser) سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی پەیمانگای (Chatham House) کە لە هەمانکاتدا یەکێکە لە دبلۆماتە بەناوبانگەکانی بەریتانیا و پێشتر بریکاری وەزارەتی دەرەوە و شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ڕەنگە ویستێکی بەریتانیا هەبێت بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق ٢٠٠٥ز بە ئاڕاستەی فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی و لە بەرامبەردا کەمکردنەوەی پسپۆڕیەتی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن