10وتار

مێزی پێناسەکردنەوەی حوکمڕانی و کوردستانێکی یەکگرتوو

11/18/2026 2:19:00 PM
بەهرۆز جەعفەر*


موقتەدا سەدر حیزبەکەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا (وەک هاوپەیمانیی سائیروون لە ٢٠١٨ و ٢٠٢١) زۆرترین کورسیی بەدەستهێناو بەڕێژەیەکی ئێجگار زۆر لە پێش نەیارەکانییەوە بوو.  ئەوکاتەو ئێستاش هیچ کاتێک نەیوت و نەیوتوە من عێراق دابەش دەکەم، نەیگوت فوڵان پارێزگاو فوڵان پارێزگای دیکە بۆ من و جێگەی نفووسی منە؛ چوونکە دەیزانی ئەوە بجووکردنەوەی خۆیەتی.
بەپێچەوانەوە، سەدر بەردەوام جەختی لە یەکێتی خاکی عێراق و بەرزڕاگرتن و ئەکتیڤ کردنی دامەزراوەکانی حکومەت کردۆتەوە؛ هەمیشە خەمی ئەو چارەنووسی دەزگاکانی عێراق بوە؛ لەسەر ئەوەش چەندین کەسی لەڕەوتەکەی خۆی سزا داوەو، دووری خستوونەتەوە.
سیاسەت کارو کاردانەوەو، دەنگە-دەنگی فەیسبوک نییە، ئەوە نییە هەر شت بڵێی و قسە فڕێ بدەی؛ بێ ئەوەی خۆشت و حیزب و ڕەوتەکەشت بزانن چی دەکەن؛ دۆخی ئەوەی کە خۆشت نازانیت چی دەکەی؛ مانای نابووتبوونی سیاسەت و بەتاڵبوونەوەیەتی لەماناکانی خۆی؛ چوونکە سیاسەت پرەنسیپە، هونەری ڕێکخستن و دیدگای ڕۆشنە؛ ئەوەش لە چوارچێوەی بوونی دەزگاو دامەزراوەو، هەبوونی ئەقڵییەتێکی سەردەمییانەی هاوچەرخەوە دەکرێت. گرینگترین شت بە بنەماگرتنی "ئاسایشی وزە" یە؛ ئەمەش بە هەبوونی دەزگاو دامەزراوەی زانستی و یاسایی و ئابوریی دەکرێتە بنچینەیەک بۆ سیاساتی گشتی.
لە سلێمانی و هەڵەبجە چەند مێزێکی شەرمهێنەر بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان لە هەرێمی کوردستان دانراوە؛ حیزبەکانی دەڤەرەکە خۆیان ناکەن بە خاوەنی ئەو چەند مێزە؛ چوونکە خۆیان دەزانن بابەتێکی قێزەونە، سەریش ناگرێت لەڕووی یاسایی و دەستورییەوە. بۆچی و چی دابەش و پارچە-پارچە دەکەن، چۆن! پێشووتر ٣٥ ساڵە بەدەستتانەوە نەبوە؛ چیتان کردوە هەر ئەوە دەکەنەوە؛ جام چی تێدا بێت هەر ئەوەی لێ دەڕژێت.
بە کورتییەکەی، هەرێمی کوردستان وەکو سەرجەم کونج و حوکمڕانییەکانی دیکەی جیهان پێویستی بە خۆ-گونجاندن و یەکگرتوویی هەیە لەسەردەمێکدا کە جیهان بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە  وەرچەرخاوە، ئەوە دەبێت مێزی پێناسەکردنەوەی حوکمڕانی و کوردستانێکی یەکگرتوو بێت، مێزی خەمخواردن بێت بۆ پیاچوونەوەیەکی وەها کە چیتر پەرت نەبین. بەڵی بۆ هەرێمێکی یەکگرتووی بەهێز بۆ کوردستان، بەڵێ بۆ چالاککردنەوەو پیاچوونەوەی دەزگاو سەرپێخستن و بەرز-راگرتنی دامەزراوەکان؛ بەڵێ بۆ سەرپێخستنی پیشەسازیی و کارگەو کارخانەی سەردەمیانەو، ژێرخانی بانکی، بەڵێ بۆ دەرفەتی کار بۆ گەنجان و ڕەخساندنی کار و پالپشتی تواناکان؛ نەخێر بۆ ئەوانەی وا دەزانن ئێستاش ساڵی شەستەکان و نەوەتەکانی سەدەی پێشوە. بەڵێ- بەڵێ بو بونیادنانەوەی کەسێتی تاکی کوردیی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن