بۆچی زۆرینەی داواکانی دادگای باڵای فیدراڵی رەت دەبنەوە ؟
11/18/2026 1:55:00 PM
رێبین عومەر
پێدەچێت وشەی باڵا کە بەشێکە لە ناوی (دادگای
باڵای فیدراڵی ) وشەیەکی سیحراوی بێت و هیوایەکی
زۆر لای ئەوکەسانە دروست بکات کە پەنای بۆ دەبەن ، بە ئومێدی ئەوەی هەرچی نادادییەکیان
لەلایەن لایەنەکانی خوارەوە بەرامبەر کراوە پوچەڵ بکرێنەوە !
ڕاستە ئەم دادگایە زۆر بەرزە و بڕیارەکانی یەکلاکەرەوەیە
و شیاوی تانەلێدان نییە ، بەڵام دەستور و یاسا
لەو بەرزترە و ناتوانێت ئەو چوارچێوەیە ببەزێنێت کە بۆی دانراوە .
دادگای ناوبراو تایبەتمەندی(الاختصاص) زۆرە ، بەڵام
ئەوەی خزمەتی باسەکەمان دەکات ، بڕگەکانی یەکەم و سێیەمی مادە (٩٣) ی دەستوری عیراقی
ساڵی (٢٠٠٥) ە . کە لەخوارەوە بە دو تەوەرە دەیخەینە ڕوو :
تەوەری یەکەم / بڕگەی یەکەمی مادە ٩٣ کە باس لە
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دادگاکە دەکات بەم شێوەیە ( چاودێریکردنی دەستوری بونی
یاسا و سیستمە بەرکارەکان ) . گرنگترین
بابەت لێرەدا ئەوەیە کە دەقی یاسا یان سیستمێک (ڕێنمایی) هەبێت . بە واتایەکی دیکە
ئەم بڕگەیە مامەڵە لەگەڵ دەق دەکات نەک ڕێوشوێن (اجراء) . واتا ئەگەر یەکێک لە دام
و دەزگاکان لەناویشیاندا پەرلەمان ڕێوشوێنێکی
نا دەستورییان گرتبێتەبەر ، ئەوا ناتوانرێت پەنا بۆ ئەم بڕگەیە ببرێت .
تەوەری دووەم / بڕگەی سێیەمی هەمان مادە . ئەم
بڕگەیە باس لە تایبەتمەندییەکی دیکەی دادگاکە دەکات کە بریتییەلە ( یەکلایی کردنەوەی
ئەو کێشانەی کە دروست دەبێت بەهۆی جێبەجێکردنی یاسافیدراڵییەکان ، و ئەو بڕیار و سیستم
و ڕێنمایی و ڕێوشوێنانەی کە لە دەسەڵاتی فیدراڵییەوە دەردەچن) . دەکرێت ئەم بڕگەیە
بە دوبەش باس بکەین ، یەکەمیان باسکردنە لەو کێشانەی بەهۆی جێبەجێکردنی یاسایەکی فیدراڵییەوە
دێتەئاراوە ، ئەوەی تریان ئەو کێشانەن کە بەهۆی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕێنمایی و ڕێوشوێنی
دەسەڵاتێک لە دەسەڵاتەفیدراڵییەکانەوە دروست دەبێت . واتا ئەم بڕگەیە هەرێمی بەدەرکردووە
لەم بابەتە و قەتیسی کردووە لە دامودەزگا فیدراڵییەکاندا .ئەمەش کەموکورتییە لە دەستورەکەدا .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بوترێت کە ئەو داوایانەی
لەم دادگایەدا دەبینرێن پێیان دەوترێت داوای دەستوری ، جگە لە شارەزایی لە یاسا پێویستی
بە شارەزاییەکی باش لە بڕگە و بابەتەکانی دەستوردا هەیە.