دادگای فیدراڵی سکاڵایەکی لە دژی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە
01:32 - 18/11/2026
زەمەن - هەواڵ
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕەتکردنەوەی سکاڵایەکی ڕاگەیاند کە تیایدا کراوابوو خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بە نادەستووری لەقەڵەم بدرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دادگای باڵای فیدراڵیی دانیشتنی خۆی بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزر ئیبراھیم حوسێن و ئامادەبوونی سەرجەم دادوەرە ئەندامەکان ئەنجامداوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە دانیشتنەکەدا، وردبینی بۆ سکاڵای ژمارە (٢١١/فیدراڵی/٢٠٢٦)ی رۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ی کراوە کە دژبە سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان (سەرۆکی بەتەمەن) تۆمارکرابوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە سکاڵاکەدا، داوا لە دادگای باڵای فیدراڵیی کرابووە بڕیار بدات لەبارەی نادەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق و دانانی لێکەوتە یاساییەکانی ئەو بڕیارە بەپێی حوکمەکانی دەستوور و یاسا بدات، ئەوەش بە پشتبەستن بەو ھۆکارانەی کە سکاڵاکار لە داواکەیدا ئاماژەی پێدابوون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە تایبەتمەندیی دادگای باڵای فیدراڵیی لە پیادەکردنی چاودێریی دەستووریدا، تەنھا یاسا و پەیڕەوە بەرکارەکان دەگرێتەوە، ئەویش بەپێی حوکمەکانی مادەی (٩٣/یەکەم)ی دەستووری کۆماریی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ و درێژنابێتەوە بۆ چاودێریکردنی ڕادەی دەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لەبەر ئەوە دادگای باڵای فیدراڵیی بڕیاریداوە، سکاڵاکە بەھۆی نەبوونی تایبەتمەندییەوە ڕەتبکاتەوە و بڕیارەکەش بە کۆی دەنگ دەرچووە و بەپێی مادەی ٩٤ی دەستوور، دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان پێوەی پابەندبن.