هاوپەیمانییەکی نوێی کوردی لە باکوور دامەزرا
03:55 - 11/11/2026
زەمەن_هەواڵ
هاوپەیمانییەك بە ناوی "هاوپەیمانی نەتەوەیی كوردستان" لە شاری ئامەدی باكوری كوردستان دامەزرا، لە ڕێگەی بەیاننامەیەكی ڕۆژنامەوانییەوە ڕایان گەیاند، سیاسەتی ئەنتەگراسیۆن و سیاسەتی دەوڵەتی توركیا كە ساڵانێكە لە دژی كورد پێڕەو دەكرێن، ڕەت دەكەنەوە.
كۆنفرانسێك لە شاری ئامەد لەلایەن پارت و ڕێكخراوە كوردستانییەكانەوە لەبارەی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نەتەوەیی بەڕێوەچوو.
لە ئەنجامی ئەو كۆنفرانسەدا، بڕیار درا هاوپەیمانی نەتەوەیی كوردستان دابمەزرێت. هەروەها لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بە بەشداریی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان، پارتی سۆسیالیستی كوردستان، پێلكورد، پەدەكە باكور، تەڤگەری ڤەژینی كوردستان و ئینسیاتیفی یەكێتی نەتەوەیی، دامەزراندنی هاوپەیمانی نەتەوەیی كوردستان ڕاگەیەنرا و ئاماژە بەوە كرا، سیاسەتی نەتەوەیی لە باكوری كوردستان لە ڕێگەی میتۆدێكی نوێوە نوێنەرایەتی دەكرێت.
مستەفا ئۆزچەلیك سەرۆكی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان، بە میدیاكانی ڕاگەیاند: ئەمە برینێكی قووڵە، لە باكوری كوردستان ئەو هەوڵانەی كە بۆ پێكهێنانی یەكێتیی نەتەوەیی دراون، سەركەوتوو نەبوون. ئێمە شێوازێكی نوێ و جیاواز دەگرینەبەر، بەرنامەیەكمان داناوە و هیوادارین ئەمجارە سەركەوتوو بێت.
هاوپەیمانی نەتەوەیی كوردستان ئەنجوومەنێكی بۆ خۆی پێكهێناوە كە 51 كەس لەخۆی دەگرێت. ئاماژە بەوە كراوە كە بەشێوەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە دەست بە خەبات و تیكۆشانی خۆی لە باكوری كوردستان دەكات ، سیاسەتێكی نەتەوەیی كاریگەر بۆ گەیشتن بە مافە بەكۆمەڵەكانی كورد پێڕەو دەكات. هەروەها باس لەوە كراوە كە دۆخی باكوری كوردستان بۆ سیاسەتێكی جێگرەوەی نەتەوەیی گونجاوە.
چالاكی مەدەنی نەجمەدین ڕوهایی دەڵێت: لە باكوری كوردستان كەلێنێك لە نوێنەرایەتیكردنی سیاسەتی نەتەوەیی هەیە، كۆمەڵگەش ئەو بۆشاییە دەبینێت و داوای سیاسەتێكی نەتەوەیی دەكات، بۆیە ئێمە دەڵێین بەستێنەكە بۆ سیاسەتێكی نەتەوەیی، لەبار و گونجاوە.