8وتار

سەردەمی بێباکی ستراتیژیی!

10/15/2026 12:22:00 PM
رابەر تەڵعەت

 گەر لە سەدەی بیستەمدا نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر مێزی زلهێزەکانی وەک بەریتانیا و دواتر ئەمریکا و سۆڤیەت، بە ئامانجی گۆڕین و داڕشتنەوە کێشرابێت، ئەوا ئەمڕۆ مێژوو پێ دەنێتە قۆناغێکی تەواو جیاواز و بگرە سامناکەوە. ئێمە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین رەنگە زیادەڕەوی نەبێت ئەگەر ناوی بنێین بێباکی ستراتیژیی! 

 لەناو دڵی ئاژاوە و غەوغای ئەمڕۆی جیهاندا، هیچ ئاکتۆرێکی نێودەوڵەتی خەونی چاککردن یان بونیادنانی سیستەمێکی تەندروستی لەم جوگرافیا پڕکێشەیەدا نەماوە. ئەگەر جاران زلهێزەکان دەیانویست بە باش یان بە خراپ وڵاتانی ئەم ناوچەیە لەسەر وێنەی خۆیان دروست بکەنەوە، ئەمڕۆ هاوکێشەکە بەتەواوی ئاوەژوو بووەتەوە. 

 واشنتۆن دوای ئەزموونە تاڵ و تێچووە زەبەلاحەکانی لە عێراق و ئەفغانستان، لەو وەهمە سیاسییە بەئاگا هاتەوە کە پێی دەگوترا بونیادنانی نەتەو (Nation-building). لە پاڵ ئەمەشدا، شۆڕشی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی (Shale Oil) لە ناوخۆی ئەمریکادا، کۆتایی بەو سەردەمە هێنا وڵاتەکە لە پێناو دڵۆپێک نەوتی کەنداو شەڕی مان و نەمان بکات. ئەمڕۆ، ستراتیژیی ئەمریکا لە سێ خاڵی سارد و پراگماتیکیدا کورت دەبێتەوە: یەکەم؛ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بێ هیچ مەرجێک. دووەم؛ ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی هێزێکی هەژموونگەرای ڕەها (وەک ئێران) کە هاوسەنگییەکان تێکبدات. سێیەم؛ هێشتنەوەی ناوچەکە لە دەرەوەی باوەشی چین. لە دەرەوەی ئەم سێ خاڵە، بۆ واشنتۆن هیچ جیاوازییەکی نییە کێ لە ناوخۆی ئەم وڵاتانەدا حوکم دەکات؛ جا سەرکردەی میلیشیایەکی چەکدار بێت یان دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژ!

پەکین، وەک بازرگانێکی بێ هەست و سۆز مامەڵە دەکات. چین نە ئامۆژگاریی مافی مرۆڤت دەکات و نە مەرجی ئەخلاقی و سیاسی بەسەر کەسدا دەسەپێنێت. ئەو تەنیا حەزی لە نەوتی کەنداو، عێراق و ئێرانە بۆ سوڕانەوەی کارگەکانی، هەروەها بازاڕێکی کراوەی دەوێت بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی و سەرخستنی پرۆژەی ستراتیژیی (پشتێنە و ڕێگاکان). لە بەرامبەر ئەمەدا، پەکین ئامادەیە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای سەرکوتکردن و کامێرای چاودێریی زیرەک بداتە هەر ڕژێمێکی ملهوڕ، بەو مەرجەی تەنیا یەک داواکاریی جێبەجێ بکەن: سەقامگیرییەکی ڕووکەش بپارێزن تاوەکو لوولە نەوتەکان نەتەقێنرێنەوە و ڕێڕەوە بازرگانییەکان پارێزراو بن.

مۆسکۆ بە ئابوورییەکی فشۆڵ و لاوازەوە ناتوانێت لە گۆڕەپانی بازرگانی و تەکنەلۆژیای جیهانیدا ڕکابەری بکات، بۆیە پەنای بۆ ستراتیژییەکی وێرانکەر بردووە: سیاسەتی ئاژاوە و کۆنترۆڵکردن. ڕوسیا پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا تەنیا لە ڕێگای فرۆشتنی چەک، مانەوەی ڕژێمە شکستخواردووەکان و تێکدانی یارییەکەی ڕۆژئاوادا دەبینێتەوە. بۆ کریملین، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکرات و خاوەن دامەزراوەی یاسایی واتە مەرگی بەرژەوەندییەکانی؛ چونکە تەنیا لە ژینگەیەکی پڕ لە جەنگ و قەیراندایە بازاڕی چەک و گرووپە بەکرێگیراوەکان گەرم دەبێت، و لە هەمان کاتدا نرخی نەوت و گاز دەگاتە لوتکە کە دەماری ژیانی ئابووریی ڕوسیایە.

قاڕە پیرەکەش لە ڕووی سەربازییەوە ئیفلیج و پاشکۆیە، تەنیا یەک کابوس خەوی لێ زڕاندووە: شەپۆلێکی نوێی پەنابەران. ئەوروپا لەوە دەترسێت لێشاوی کۆچبەران لەم ڕۆژهەڵاتە وێرانەیەوە، ببنە سوتەمەنی بۆ سەرکەوتن و بەهێزبوونی ڕەوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە ناوخۆی وڵاتەکانیدا کە هەڕەشەن بۆ سەر یەکێتییەکەیان. لەپێناو ڕەواندنەوەی ئەم ترسەدا، ئەوروپا دەستبەرداری تەواوی بەها لیبڕاڵییەکانی بووە؛ ئامادەیە ملیاران یۆرۆ بڕێژێتە گیرفانی هەر دەسەڵاتێکی خۆسەپێن یان تەنانەت میلیشیایەکی چەکداریش، تەنیا بۆ ئەوەی ڕۆڵی پاسەوانی سنورییان بۆ ببینن و نەهێڵن خەڵکی ئەم دۆزەخە بەرەو بەهەشتەکەی ئەوروپا هەڵێن.

ئەنجام؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم سەردەمەدا گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێک زلهێزەکان تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان تیایدا ئامادەن، نەوەک بۆ چەسپاندنی هیچ بەهایەکی باڵا. ئیتر هیچ وڵاتێکی زلهێز نایەوێت کێشەکانی ئەم ناوچەیە چارەسەر بکات، بەڵکو تەنیا دەیانەوێت قەیرانەکان لە سنوورێکی دیاریکراودا کۆنترۆڵ بکەن. لەم هاوکێشە بێڕەحمەدا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە هەر کاتێکی مێژوویی بە تەنیا ماونەتەوە و دەبێت خۆیان ڕووبەڕووی چارەنووسە نادیارەکەیان ببنەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن