سزای ٧ ساڵ زیندانیکردن بەسەر پەرلەمانتار ئەشواق سالم سەپێندرا و دەست بەسەر سامانەکەیدا گیرا
04:02 - 23/09/2026
زەمەن -هەواڵ
دەستەی دەستپاکی
فیدراڵی ڕایگەیاند، سزایەکی ئامادەیی زیندانیکردن بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەسەر پەرلەمانتار
(ئەشواق سالم حەسەن)دا سەپێندراوە، ئەمەش بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دەوڵەمەندبوونی
نایاسایی.
لە
ڕاگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە، دادگای تاوانەکانی ناوەندی تایبەت بە نەهێشتنی
گەندەڵی، بەپێی حوکمەکانی ماددەی (١٩/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەوڵەمەندبوونی
نایاسایی ژمارە (٣٠ی ساڵی ٢٠١١)ی هەموارکراو، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئەو ئەندامەی
ئەنجومەنی نوێنەران دەرکردووە. هەروەها بڕیاریداوە بە ناچارکردنی بۆ گەڕاندنەوەی بڕی
(٢،١١٤،٨٢٠،٠٠٠) دیناری عێراقی، لەگەڵ (٢،٩٢٤،١٠٠) دۆلاری ئەمریکی لەگەڵ سەپاندنی
سزایەکی دارایی هاوتا بە بڕی دەوڵەمەندبوونە نایاساییەکە، پاڵپشت بە ماددەی
(١٩/چوارەم) لە یاسای دەستەکە.
دەستەکە ئەوەشی
خستەڕوو، هەر بۆ هەمان دۆسیە، دادگا سزایەکی دیکەی بەندکردنی تووندی بۆ ماوەی سێ
ساڵ بەسەر تاوانبارەکەدا سەپاندووە، ئەمەش بەهۆی حەشاردان و شاردنەوەی زانیاری لە
فۆڕمی ئەستۆپاکی دارایی (الذمة المالية) بەپێی ماددەی (١٩/پێنجەم) لە یاسای دەستەکە،
لە هەمان کاتیشدا دادگا بڕیاریداوە قورسترین سزایان لەسەر جێبەجێ بکات.
لەلایەکی دیکەوە،
دادگا بڕیاریدا بە پەسەندکردنی هێشتنەوەی دەستبەسەرداگرتنی گشت سەروەت و سامانە
گوازراوە و نەگوازراوەکانی ئەو پەرلەمانتارە. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە بڕیاری
دادگا مافی ئەوەی بە دەستەی دەستپاکی فیدراڵی داوە کە پاش وەرگرتنی پلەی بنبڕ
(الدرجة القطعية) لە بڕیارەکەدا، بتوانێت داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بکات.