کە ناوی سلێمانی هێنرا، شەپقەکانتان دابگرن!
01:17 - 03/05/2026
زەمەن_هەواڵ
دلێر محەمەد نوری
-چۆن سلێمانی بناسین؟
شارێک هەمیشە لە جووڵە و بزاوت و گۆڕاندایە. تۆ ناتوانی سلێمانی و سلێمانییەکان بناسیت، بە بێ ئەوەی تێیدا بژیت و ژیانی بچێژیت.
بڕۆن مێژوو بخوێننەوە لە باکورەوە هەتا دوا پنتی باشور، لە ڕۆژهەڵاتەوە تا دوا پنتی ڕۆژئاوا، بزانن کام شار وەکو سلێمانی لە سەدد ساڵی کۆتاییدا، تاکە دەیەیەکی نەدیوە بە بێ شۆڕش یان ڕاپەڕین یاخود خۆپیشاندان و ناڕەزایی!
بڕۆن گۆڕستانی سەرجەم شارەکانی کوردستان بگەڕێن، بزانن کام گۆڕستانە هێندەی گۆڕستانەکانی سلێمانی ماڵی پڕ لە شەهیدانە!
بڕۆن بە لیستی پێشمەرگەی دێرین و زیندانیانی سیاسی و بە لیستی لە سێدارەدراوان و بە لیستەکانی گوولەبارانکراوان و وونبوواندا بگەڕێن بزانن لیستی کام شارە لە لیستەکانی سلێمانی درێژترە؟
بە سەرجەم شارەکانی کوردستانی مەزندا بگەڕێن بزانن بینای ئەمن و ئیتیلاعات و میتی کام شار لە ئەمنە سورەکەی سلێمانی سورتر خوێناویتر و پڕتربووە لە ئازادیخوازان و شۆڕشگێران.
وە چیرۆکەکانی تەعزیب و تەبعیس و ئەتککردن و تەعەدای دوژمنی کامیان لە هی ڕۆڵەکانی سلێمانی بە ئازارتر بووە؟
بڕۆن بە هەموو مێژوودا بگەڕێن بزانن کام شار بە وێنەی ئەوەی لە شاری سلێمانی-دا، ڕووی داوە، گۆڕی بە کۆمەڵی وەکو حامییەی سلێمانی (پاڕکی ئازادی ئەمڕۆ) لە ناو جەرگەی کامیاندا، دروست کراوە؟
بڕۆن بزانن کام شاری کوردستان هێندەی سلێمانی حزب و رێکخراو و بزوتنەوەی سیاسی تێدا لێ لەدایک بووە و دڵی کام شاری کوردستان هێندەی دڵی سلێمانی زیندوو بووە.
بڕۆن بزانن چ شارێک وەکو سلێمانی یەکەم مەملەکەتی کوردی و یەکەم هونەر و یەکەم سرود و یەکەم ئاگری نەورۆز و یەکەم شانۆ و یەکەم ڕۆمان ویەکەم قوتابخانەی فێربوونی کوردی و یەکەم شیعری کلاسیکی، تەنانەت یەکەم تۆڕی زێراب و یەکەم و یەکەم و یەکەمی یەکەمەکانە.
-ئەمە تەنها بەرگرییە لە سلێمانی نەک دژایەتی هیچ شارێکی کە.
ئەمەی من ڕیزم کردوون و باسم کردوون تەنها ئەوەیە کە من تا کاتی ئەم نووسینە لە بیرمن، دەنا دەستکەوت و پێشکەوتن و قوربانییەکانی سلێمانی گەلێ لەمە زیاترن. ڕوباری خوێنی ئەم شارە گەلێ درێژترو بەردەوامترە.
هەر بۆیە، بۆ سلێمانی کەمتر لە شاری هەڵمەت و قوربانی بێ پسانەوە، غەدرە و ناشکرێ مەدالیای خەبات و قوربانی بەر لە هەر شارێک بە سنگی سلێمانیدا هەڵنەواسرێ.
ئەوە سلێمانییە، یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی لێدا. ئەوە سلێمانی بوو ڕاپەڕینی دووەم و دەرپەڕاندنی بەعسی بۆ یەکجارەکی دەست پێ کرد. ئەوە سلێمانی بوو مانی لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و پاراستنی ئاسمانی کوردستانی تا هێڵی ٣٦ سەپاند. ئەوە سلێمانی بوو سوور بوو لە سەر سەپاندنی سیستمی فیدڕاری بۆ کوردستان لە سەرەتای نەوەددەکان، ئەو کاتەی هەڵگرانی بیری فشە کوردایەتی ئەمڕۆ خەریکی ژیانەوەی حوکمی زاتی و ڕێگەی پایتەختی میری بوون. ئەوە دایکانی سلێمانی بوون بە پێ خۆیان گەیاندە هەولێر بۆ ڕێگری لە شەڕی نەگریسی براکوژی. ئەوە خەڵکی سلێمانیە هەم پشوودرێژە لە گەڵ حزب و هەمیش کاسەی پڕ بوو سزای حزب دەدات. حزب نیە لەم کوردستانە لە لایەن سلێمانییەوە پاداشتی چاکەی نەدرابێتەوە و سزای توندی خراپەکاریشی نەدرابێ. حزب نیە دەستپێک و پێگەیاندن و گەشەسەندنی لە سلێمانییەوە دەستی پێ نەکردبێ. حزبیش نیە لە کاتی پێویست و کاتێ کەڵکەڵەی گۆڕانکاری کەوتبێتە سەری، دوو لەت و سێ لەتی نەکردبێ. حزب نیە لایەنی کەمی دروشمەکانی خۆی لەدەست دابێ و لە توڕەیی سلێمانی دەربازی بووبێ. هەر بۆیه ئەوەی ئەیەوێ سلێمانی لە گەڵدا بێ، ئەبێ بە دڵی سلێمانی بکات نەک لە دژی سلێمانی بوەستێت، چونکە سلێمانی هەم پاڵپشتە و هەم بڕیارە و هەم هەڵوێستیشە.
ئەمەی ئەیڵێم تەنها بەرگرییەکی ڕەوایە لە سلێمانی و دەنا بە هیچ جۆرێک نادیدە گرتنی خەبات و تێکۆشانی شارەکانی دیکە نیە کە هەموویان دەستەخوشکی سلێمانین و هەمووشیان پێکەوە جوانن و پێکەوەش کوردستانن.
-بۆچی هەموو دەسەڵاتەکان دژی سلێمانین؟
سلێمانی جیاوازە، چونکە لە ساڵی ١٩١٩وە تاوەکو ئەمڕۆ، تاکە شاری کوردستانە کە دەیەیەکی ئارامی بەخێوە نەبینیوە. سلێمانی هەمیشە لە جوڵە و بزاوت و کەف و کووڵ و ململانێ وگۆڕاندا بووە. بڕۆن لاپەڕە بە لاپەڕە، ڕۆژ بە دوای ڕۆژ، مێژووی سیاسی و شۆڕشگێڕی و تەنانەت ڕۆشنبیری و کولتوری ئەم شارە هەڵ بدەنەو بزانن ئەم شارە بو دە ساڵ بە سەریەکەوە بە ئارامی دانیشتووە؟
ئەمە نەک لە بەر ئەوەی ئەم شارە حەزی لە ژیان نیە و عاشقی نائارامیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە. سلێمانی هەمیشە شاری هەڵوێستە گەورەکان و وەرچەرخانەکان بووە، هەر بۆیە لە سەردەمی دەسەڵاتی پادشایەتییەوە لە عێراقەوە تا دەسەڵاتی ئەمڕۆی خۆماڵی بە سەرکردایەتی پارتی و پاشکۆیەتی یەکێتی لە دەورانی دوای دوو هەزارەوە، سلێمانی هەمیشە سزادراوە و پلانی لە دژ گێردراوە و ئابڵووقە دراوە.
بە داخەوەی ئەو دەسەڵاتەی بە درێژایی مێژوو توندتر لە هەمووانی خەریکی شکاندنی شکۆی ئەم شارەیە خودی دەسەڵاتی کوردییە. ڕۆژانە لە سوشیاڵ میدیا بە سەددان پەیج و چالاکوان و ڕۆژنامووس لە دەرەوە و لە ناوەوە و تەنانەت لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهانیدا خەریکی لێدانن لە سلێمانی. ئەمڕۆ چەندین کەناڵی ئاسمانی و چەندین قەڵەم و کەسایەتی و ڕۆژنامەنووسە، پارەدارکراون دژی سلێمانی، لە هەر مەسەلەیەکدا کە ڕوودەدەن، دەیانەو گۆزەکە لە سەری خەڵکی سلێمانیدا بشکێنن، ئەمە هەم کارێکی قێزەون وهەم مەترسیداریشە. ئەمڕۆ بە هۆی ئەو دژایەتی کردن و پیلانەنەوە زۆرینەی برایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکو ناحەز و دوژمن تەماشای خەڵکی دەڤەری سلێمانی دەکەن. تۆ تەماشا لە کەیسی تیرۆرکردنی هەر چالاکوان و پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵاتە، چاوەکان دەخرێنەوە سەر خەڵکی سلێمانی، بە بێ ئەوەی زۆر بە سانایی بیربکەنەوە کە ئەوە ئێرانی دوژمنە، برایانی ڕۆژهەڵاتمان تیرۆر ئەکات نەک خەڵکی سلێمانی! ئەوە شوێنی نیشتەجێ بوونی برایانی ڕۆژهەڵاتە کە بە زۆری کەمپەکان لە دەڤەری سلێمانیدان ، بۆیە تیرۆرەکان لە سلێمانی ڕوودەدەن نەک لە شوێنێکی دیکە. ئێمە وەکو کورد چ لە دهۆک و چ لە سلێمانی و چ لە هەولێر ئەبێ بە یەک ئاراستە کار دژی ڕژێمە دوژمنە وەکو تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق بکەین و یەک جۆر هەڵوێستمان هەبێت نەک دوژمنەکان لە بیر بکەین و خوێنی بە ناهەق ڕژاوی غەزاڵەکان و دەنیزەکان و سەکینەکان و ئازاد و نەوزادەکان، لە ڕووی یەکتری بسووین، نەک لە ئەستۆی دوژمنی دابنێین. چ لۆژیکێکە تۆ تەرمی غەزاڵی نازدار لە شارێک بشاریتەوە و خەڵکی شارێک چەواشە بکەیت لە کات و شوێنی ناشتنی و دواتریش بێی هێزێکی زەبەڵاحی ئیعلامی دژی ئەم شارە بخەیتە کار. چ شەرمە بۆ دەسەڵاتێک لە هەرچ کەناڵێک و لە هەرچ ناوەندێکی بڕیارەوە بێت بە هەموو هێزی خۆی دژایەتی سلێمانی و ئەنجا کەرکووکیش بکات تەنها لە بەر ئەوەی کەمترین دەنگی لەو شارانەدا هێناوە و ئەو شارانەی وەکو تاپۆ لە سەر هێزی بەرانبەر ئەژمار کردووە. بە بێ بزانە ئەو هێزە لە شارێکی وەکو سلێمانیدا کەمینەیە و تۆ چۆن ڕێ بە خۆت دەدەی مێژووی ملیۆنان خەڵک و سەددان ساڵ و هەزاران قوربانی بکەی بە قوربانی ململانێی قێزەونی حزبایەتی!؟