29وتار

پەڵەی ڕۆنی سیاسی

4/30/2026 1:31:00 PM
فازڵ میرانی

ئەم نووسینانە لە کاروباری سیاسیدا، لە سنووری ئەو شتانەدان کە دەکرێت لێیان بدوێین؛ ئەمە وەسفکردنێک نییە لەسەر بنەمایەکی نادیار، ئێمە دەربارەی شتی نادیار نانووسین، بەڵکو ئەنجامگیرییەکی واقیعییانەیە بۆ لۆژیکی ئەو ڕووداوانەی گوزەراون و دەگوزەرێن، کەواتە ئەمە چوارچێوەبەندییەکی دوای تیۆریزەکردنە.

خواستنی (پەڵەڕۆن) و لکاندنی بە سیاسەتەوە، ئاماژەیەکی مەبەستدارە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت تێبگەن؛ لەوانەی یاری بە پیرۆزیەکانی وڵات دەکەن و ئەوانەشی کە یارییەکانی ئەوانی تریان بەسەردا سەپاوە. دەمانەوێت بڵێین دۆخەکە بەهۆی ئەوانەوە خەریکە لە
کارەساتە سیاسییەکان نزیک دەبێتەوە؛ ئەو کارەساتانەی کە پێشتر لەلایەن کەسانێکەوە، کران کە ئێستا خەریکی سووککردن و زەمکردن و بە تاوانبارناساندنیانن، ئەی چی گۆڕاوە کە ئێستا هەمان ڕێچکە دەگیرێتەبەر؟

هەتا ئابووری سەرکەوتوو نەبێت، بێگومان سیاسەت یەکێکە لە هۆکارەکان. پێکهاتەکانی ئابووری و بنیادنانەکەی، دوو فاکتەری ئاشکراکەرن بۆ عەقڵی سیاسیی فەرمانڕەوا.
تەنها تێگەیشتنی دەسەڵات لە گرنگیی ئەم دوو فاکتەرە بەس نییە، چونکە هەر تاکێکی ئاسایی دەتوانێت مانای هەبوون یان نەبوونی ئەو دوو فاکتەرە بزانێت، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکە لە بنەڕەتدا لە ئەستۆی دامەزراوەکانی حوکمڕانیدایە. تاک و کۆمەڵگە -کە نزیکترینن لە ڕەسەنایەتی- خۆیان بەشێکن لە سەروەت و سامان و پاڵپشتیکاری ئابووری.

چەمکی ئابووری فراوان بووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم فراوانبوونەدا، گروپێک هەن تەنها لەو سنوورەدا تێی دەگەن کە لە سروشتی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئابوورییەوە سەرچاوەی گرتووە؛ گروپێکی تریش کلیلەکانی ژیانی خۆیان ڕادەست کردووە لەبەر بێئومێدییان
لە لێپرسینەوە لە بڕیارەکانی دەسەڵات. ئەمەش بەڵگەی لاوازیی کۆمەڵایەتی و جۆرە فریاگوزارێکی (خزمەتگۆڕینەوەی) خراپە لە نێوان دامەزراوەکانی چاودێری و جێبەجێکردندا.

ئابووری لە یەکێک لە ماناکانیدا بریتییە لە "ئامادەکاری" (ڕێکخستن و بەڕێوەبردن)، تەدبیریش بەستراوەتەوە بە سەرکەوتن، ئەگەرنا دەبێتە "خراپیی هەڵسەنگاندن". خراپیی هەڵسەنگاندن لە حوکمڕانی و بڕیارەکانیدا، مانایەکی هەیە کە بەسە بۆ دوورخستنەوەی فەرمانبەر لە شوێنەکەی، چونکە ئەو ئازاد نییە لە بەڕێوەبردنی ئابووریدا، چونکە ئابووری "ماڵ و موڵکی تایبەت" نییە (سەروەت هەموو شتێکە کە بەها و نرخی هەبێت، نەک تەنها دراو و  سکەی کانزایی).

ئابووری لەسەر سروشتی سەرچاوەکان و بەڕێوەبردن ڕاوەستاوە. هەموو دەوڵەتەکان کشتوکاڵی نین و هەمووشیان پیشەسازی نین؛ ئەگەر دەوڵەتێک یەک سەرچاوە یان زیاتری هەبێت و بەڕێوەیان ببات، یان ببێتە نێوەندگیر لە هاوکێشەیەکی ئابووریدا، ئەوا ناسنامەیەکی ئابووری بۆ خۆی بنیاد دەنێت.

دەوڵەتێکی وەک عێراق کە زۆربەی پشکی ئاوەکەی بۆ بەکارهێنانی مرۆیی و ئابووری لە دەرەوە وەردەگرێت، دەبێت پەنا بۆ پەیوەندییە بەرهەمهێنەرەکان ببات لەگەڵ دەوڵەتانی سەرچاوەی ئاو. لەبەر ئەوەی عێراق وێستگەی کۆتایی وەرگرتنی ئاوەکەیە، دەبێت سیاسەتێکی ئابووریی وای هەبێت کە گەشەی دانیشتووان و بەردەوامیی کشتوکاڵ هەژمار بکات، چونکە خاوەنی زەوییەکی کشتوکاڵییە کە بەشێکە لە کۆی بەرهەمی ناوخۆ. تێگەیشتن لە ناسنامە ئابوورییە ناوخۆییەکان دوای هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەکانیان، واتای بوونی کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی دەگەیەنێت کە دەبێت بپارێزرێت و بەهێز بکرێت، بە پێچەوانەوە شکستی کۆمەڵایەتی چاوەڕوانکراو دەبێت و زیانی مرۆیی و جوگرافی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.

من لێرەدا بە نموونەیی (ئایدیالیستانە) نادوێم، بەڵکو بە هەموو واقیعیەتێکی ژیاوەوە دەدوێم؛ واقیعیەتی چاودێرێک کە دەبینێت خۆهەڵواسین بە تەنها یەک پەت یان یەک سەرچاوەی ئابووریدا، وەک سەرکێشییەکی مەبەستداری کەسێکە کە دەرگای فریاگوزاریی هەبێت و بە ئەنقەست دایبخات یان پشتگوێیان بخات، و تەنها یەک دەرگای نادڵنیا بهێڵێتەوە.

پشتگوێخستنی سەرچاوەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە، و ناساندنی دیمەنەکە بەوەی کەتەنها حزبی و سیاسی و ڕەسمییە، وەبەرهێنانێکە هاوشێوەی یاساییکردنی تاوان؛ چونکە تاکێک یان گروپێکی حزبی یان ئایدیۆلۆژی یان سیاسی کە بڕیار یان بەشێک لە بڕیاری دەسەڵاتیان لەدەستە، دەبنە هۆی تێکچوونی زەوی و کەمیی ئاو و بەفیڕۆچوونی دراو بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕ -تەنانەت ئەگەر گریمانەی دەسپاکیی بکەرەکانیشیان بکەین-، ئەم تاک یان گروپە تاوانی وێرانکردن و گۆڕینی ژیانی کۆمەڵگەیەکیان ئەنجامداوە کە خاوەن بەها و فیکر و بژێوی خۆیەتی، و ئەو کۆمەڵگەیە ناچار دەکەن لە نێوان کۆچکردن یان تیاچووندا یەکێکیان هەڵبژێرێت.

هەمان ئەم ڕێکار و ئەنجامە بۆ کۆمەڵگەی پیشەسازیش ڕاستە، بە هەر قەبارەیەک بێت، و هەروەها بۆ کۆمەڵگەی مێشکە زانستییەکان لە ناوەندەکانی خوێندندا، کە لە ڕاستیدا هەموویان بەشێکن لە ئابووری یان دەکرێت ببنە سەرچاوەی ئابووری، وەک گەشتوگوزار و چارەسەری پزیشکی و هاتوچۆی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی.

ئەی پەڵە ڕۆنە سیاسییەکە لە کوێدایە؟ پێش وەڵامەکە سیاسەت بەشێکە لە چارەسەرەکان، یان بەشە سەرەکییەکەیە، بەڵام کاتێک بە هێزەوە دەردەکەوێت و سوودبەخش دەبێت  کە بڕیار و ئەنجامی دروستی لێ بکەوێتەوە. بە پێچەوانەوە، سیاسەت دەبێتە پەڵەیەکی پیسکەر، خنکێنەر و کوشندە، کە خۆی دەسەپێنێت و سوود لە بوون و شەرعییەتەکەی وەردەگرێت، بەڵام لەگەڵ هەر بڕیارێکدا کە فێڵ لە دەقی دەستووری و یاسایی دروست بکات، خیانەت لەو شەرعییەتە دەکات.

هیچ دەوڵەتێکی سەرکەوتوو نییە کە هەموو گەلەکەی لای خۆی دامەزراندبێت، ئەمە دژی چەمکی دەوڵەتە. حکومەت دەبێت ئەوانە دابمەزرێنێت کە خزمەتگوزاری بە کۆمەڵگەی دەوڵەت پێشکەش دەکەن و پەیوەندیی یاساییان بە دەوڵەتەوە هەیە. بەڵام ئەوەی ڕوودەدات -دوور لە هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی خەڵکی پێوە سەرقاڵ کراوە و ئەو گردە سیاسی و ڕێکخراوەییانەی کە قسەیان زۆرە و سوودیان نییە- تێکچوونێکی کۆمەڵایەتییە کە هۆکارەکەی "پەڵەڕۆنێکی سیاسییە" و فڕێدراوەتە ناو ژینگەی کۆمەڵگەوە. پەڵەیەک کە تەنانەت ئازاری ئەو سیاسییانەشی داوە کە خاوەن پڕۆژەی بنیادنانی تۆکمەن. لێرەدا دوو چینی زۆر جیاواز دروست بوون، کە فەزای نێوانیان پڕ بووە لە تووڕەیی و ڕۆژێک دادێت وەک گڕکانێکی وێرانکەر بتەقێتەوە، ئەو کاتە پەڵەڕۆنە دەبێتە سووتەمەنی بۆ ئاگرەکە و گڕی پێ دەگرێت.

بڕی و پێکهاتەی سیاسەت و حزبییەت لە ناو کۆمەڵگەدا، دەبێت بە پێوانەیەکی زانستیی ورد بێت (چڕکردنەوە یان ڕوونکردنەوەی) بەپێی پێویستیی ڕاستەقینە، بۆ ئەوەی هاوکێشەیەکی کیمیایی سەرکەوتوو و سوودبەخش دروست بکات.

چونکە بەبێ ئەوە، هەموو شتێک دەبێتە گاڵتەجاڕی، و گاڵتەجاڕییەکی کوشندەش. هەندێک هەن کە دەزانن و تێدەگەن، هەندێکیش نازانن و لەگەڵ ئەوەشدا سوورن لەسەر ڕۆڵگێڕان.

وەرگێڕانی سەردار پێنجوێنی


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن