هەرێم لە دوای کشانەوەی ئەمریکا؛ نەخشە ڕێگای مانەوەو بەردەوام بوون
10/4/2026 12:37:00 PM
عومەر عەلی محەمەد
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێی پلانێکی نەخشە بۆ کێشراو بوو، کە ئەویش بە بە پێی ڕێکوتنێکی سیاسی و ئەمنی و ستراتیجیی هاوبەش بوو لە نێوان عێراق و ئەمریکادا، ئەمەش لە ساڵی 2014 لە سەر داوای عێراق بووە، بۆ ئەوەی لە جەنگی دژ بە داعش شانبەشانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بجەنگن.
بەڵام لە دوای جەنگی داعش و لاوازبوونیان و ئەنجامدانی نەمانی کاریگەرییان، عێراق دەستی کرد بە دروستکردنی فشار لەسەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمریکا، بۆ ئەوەی بە تەواوی خاکی عێراق بەجێ بهێڵن.
هەرچەندە عێراق ئەو داوایە بە مەبەستی ئەوە دەکات کە بە تەواوی سەروەری بۆ بگەڕێتەوە و هیچ وڵاتێکی داگیرکەر لەسەر زەوییەکەی نەمێنێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە بەشێکی زۆری ئەم فشارانە لەو کاتەوە دروست بوون کە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دژ بە ئێران دەستی پێکرد و ئێران لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە کەوتە جەنگەوە، لە کاتی جەنگەکەدا گرووپەکانی مقاوەمە بە تەواوی بوون بە بەشێک لە جەنگەکە و هێرشەکانیان لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانیان لە ئەنبار و هەولێر و شوێنەکانی تر دەستی پێکرد.
بە هۆی بوونی کونسوڵخانە و بنکەی سەربازیی ئەمریکاش لە هەرێمی کوردستان، هەرێمیش بووە بەشێک لە گۆڕەپانی جەنگ.
بەڵام بەهۆی بوونی بنکەی سەربازی و بەرگریی ئاسمانیی بەهێزی ئەمریکاوە، زۆر لەو هێرشانەی بۆ سەر هەرێم و فڕۆکەخانە و بیرە نەوتەکان و شوێنە ستراتیجییە گرنگەکان کران، پووچەڵ کرانەوە. لە ئێستادا کە ئەمریکا یەکە سەربازی و چەکە قورسەکانی، بەتایبەتی بەرگریی ئاسمانی، لە هەولێر پاشەکشە پێ کردووە و گواستویەتیەوە بۆ تورکیا، لەم کاتەدا قۆناغێکی نوێ دێتە پێشەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بۆ ئامادە نەکردووە.
چونکە یەکێتی و پارتی پێیان وا بوو لەبەر ئەوەی پێشمەرگە شەڕی داعشی کردووە و هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای خودی کورد لەم ناوچەیەدا بە ئارامی ماونەتەوە و لە ڕوی سیاسی و سەربازیەوە گوێڕایەڵی ئەوان بوون ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەمریکییەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە. پاشەکشەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە بەهۆی ئەوەوە ئەمریکا بۆچوونی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕیوە.
تۆم باراک بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمریکا پشتیوانی لە یەک دەوڵەت و یەک سوپا و یەک نەتەوە دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە دوایەمین لێدوانیشدا دەڵێت تێکەڵبوونەوەی هەسەدە بە سوپای سووریا کارێکی سەرکەوتوو بوو، لەبەر ئەوە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بۆچوونەدا ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکا پلانی ئەوەی هەبێت پێشمەرگە تێکەڵ بە سوپای عێراق بکاتەوە.
ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی ئەمریکا بەرامبەر بە سیاسەتەکانی یەکێتی و پارتی دێت کە لە 2014 ەوە داوایان لێ دەکەن کە سوپایەکی نیشتمانی دروست بکەن و کۆتایی بە هێزی میلیشیایی بهێنن، بەڵام ئەو کارەیان نەکرد، هەتا هاوکارییەکانی ئەمریکا کە مانگانە 26 ملیۆن دۆلار بوو، لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە بڕدرا.
لە لایەکی تریشەوە، بابەتی ناردنی چەکی ئەمریکا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێران و دیارنەمانی و نەگەیشتنی بە دەستی ئەو هێزانە، نیگەرانییەکی زۆری لەلای ترەمپ دروست کرد و لە چەندین دیداری ڕۆژنامەوانیدا نیگەرانییەکانی خۆی نەشاردەوە. ئەمریکای ئێستا جەنگ لە پێناو بەرژەوەندیدا دەکات، ناوچەیەک کە زۆر گرنگ نەبێت بۆی، بەتایبەتی لە ڕووی وزەوە، ئامادە نییە بەرگری لێ بکات و خەرجییەکی زۆری بۆ تەرخان بکات ئەگەر خاوەنی سەرچاوەیەکی وزەی باش نەبێت وەک ووڵاتانی کەنداو. لە ئێستاشدا هەرێمی کوردستان نە خاوەنی نەوت ماوە و ئەو نەوتەی کە هەیبوو چووەتە دەست بەغدا، لە جەنگی ئێرانیشدا پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی لەگەڵ ئێران باشترە لەوەی لەگەڵ ئەمریکادا هەیانە کە ئەمەش هیچ خزمەت بە ستراتیجیەتی سیاسی و سەربازی ئەمریکیەکان ناکات.
لەبەر ئەوە ئەمریکا ئەو هێزانە لەم ناوچەیە پاشەکشە پێ دەکات بۆ ناوچەیەکی تر کە ئەمریکا بەلایەوە گرنگە.بەتایبەتیش لە ئێستادا کەلەگەڵ چین و ڕووسیادا لە ململانێیەکی سەختدایە.
لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێستا هەرێمی کوردستان کەوتووەتە قۆناغێکی نوێوە و پێویستە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و هەنگاوی نوێ بنێت، لەوانەش:
1-بنیادنانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر بنەمایەکی نیشتمانی و لەژێر سایەی وەزارەتێکی تەکنۆکراتدا، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕاهێنان و بنیادنانی سەربازگەی پێشکەوتوو، و پشتبەستن بە هێزی نیشتمانی لە جێی وڵاتانی ئیقلیمی و ئەمریکا و وڵاتانی تر.
2-بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ڕێککەوتنە ئەمنییەکان لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی ئێستا پڕ بکەنەوە و ڕێگە لە زیندیبوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بگرن؛ لە لایەکی تریشەوە بەغدا ڕێگە بگرێت لەوەی گرووپەکانی مقاوەمە هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە و بیرە نەوتییەکان و شوێنە ستراتیژییەکان.
3- کردنەوەی پردێکی پەیوەندیی ئەمنی و سیاسی لەگەڵ بڕیاربەدەستانی سیاسیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەک فەڕەنسا و بەریتانیا، بۆ پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕووی ئەمنی و ڕاهێنان و ئاڵوگۆڕی زانیارییەوە.
4- چارەسەری دۆسیە هەڵپەسێراوەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی جۆرێک لە ئارامی لە پەیوەندییەکاندا دروست ببێت و کێشەکانی مووچە کۆتاییان پێ بێت، کە ئەمەش کاتێک دەبێت کە لەسەر دۆسیەی نەوت بە باشی ڕێک بکەون.
5-حکوومەتی هەرێم هەوڵ بدات سەرچاوەکانی دارایی فرەچەشن بکات و تەنها پشت بە بەرهەمی نەوت نەبەستێت، پلانێکی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەبێت لە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازی و گەشتیاریدا.
6-پرۆسەیەکی چاکسازیی فراوان دەست پێ بکات بۆ ڕێگرتن لە گەندەڵی و دادگاییکردنی گەندەڵکاران و بوونی شەفافیەت لە بودجە و دەستکەوتە داراییەکانی کەرتی وزە، ناوخۆ و گومرگەکان.
7- دروستکردنی حکوومەتێکی نیشتمانی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دوو حیزبی فەرمانڕەوا لە دوو زۆنی سەوز و زەرد، هەروەها بنیادنانی پەرلەمانێکی چالاک و بەهێز کە توانای چاودێریکردنی حکوومەتی هەبێت و بتوانێت بە باشی نوێنەرایەتیی خەڵک بکات و مافەکانیان لە ڕووی هاووڵاتیبوونەوە بۆ دابین بکات.