سەروەریی بێ قەڵغان!
9/29/2026 4:49:00 PM
رابەر تەڵعەت
کاڵفامییەکی سیاسیی گەورەیە ئەگەر سەروەریی تەنیا لە دروشمی بڕیاردان لە چارەنوسدا کورت بکەینەوە. بەیانی ٣٠ ئەیلول عێراق لەسەر کاغەز سەروەری بەدەست دەهێنێت، لێ لەولاوە نە توانای پاراستنی ئاسمانەکەی هەیە و نە دەتوانێت کۆنترۆڵی سنورەکانی بکات؛ واتا لەسەر ئەرزی واقیع هیچ سەروەرییەکی بەدەست نەهێناوە، بەڵکو تەنیا فۆڕم و ئاراستەی داگیرکارییەکەی گۆڕیوە.
لێرەدا، درزێکی قووڵ لە نێوان سەروەری یاسایی و فیعلیدا هەیە. دەرکردنی بڕیاری سیاسی بەبێ هەبوونی هێزی بەرپەرچدانەوە، ڕێک لەوە دەچێت لەناو ماڵێکی بێدەرگادا جاڕی سەربەخۆیی بدەیت. عێراق نە خاوەنی ئاسمانێکی پارێزراوە و نە توانای ملکەچپێکردنی گروپە چەکدارەکانی هەیە؛ ئەم هەنگاوەش نەک هەر سەروەریی نیشتمانی ناگێڕێتەوە، بەڵکو لەوانەیە دەرگای پشتەوە بۆ سەرهەڵدانی ئاژاوە واڵا بکات.
دەبێت تێبگەین سەروەری، پڕۆسەیەک نییە بە دەنگدانی پەرلەمان یان دەرکردنی بەیاننامەی ئاگرین بەدەست بێت؛ بەڵکو سەرمایەیەکی قورسی ستراتیژی، ئەمنی و پیشەسازییە. ئەگەر ناوەندی بڕیار لە بەغدا توانای چاودێریی ئاسمان، پاراستنی سەروەریی خاک، داماڵینی چەکی نایاسایی و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژیی دەرەکیی نەبێت، ئەوا چوونەدەرەوەی ئەمریکا، بە ئەگەری زۆر دەبێتە مایەی دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی و لەوانەیە مەترسی چالاکبوونەوەی داعش چاوەڕوانکراو بێت!
ئەنجام؛ سەروەری خودی توانای بەرگریکردنە. بەدیلی عەقڵانی بۆ کشانەوە، هاوبەشییەکی پتەوی ئەمنییە، نەک خوڵقاندنی بۆشاییەکی کوشندە. ئەم فۆڕمەی ئێستای کشانەوە، رەنگە زیاتر رووەو پشێوی بچێت، وەک لەوەی هەنگاوێک بێت بۆ چەسپاندنی سەروەری! دەرئەنجامەکە جێگای نیگەرانییە، و پێویستە بگوترێت سەروەریی سەر کاغەز و بێقەڵغان، کورتترین و خێراترین ڕێگایە بەرەو هەڵدێر و داڕمانی یەکجارەکی.