8وتار

لەدوای کشانەوەی ئەمەریکا چ دەبێ بکرێ !

9/29/2026 4:51:00 PM
هەڤاڵ کوێستانی

کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، بە کوردستانیشەوە، تەنها کۆتاییهێنان نیە بە ئامادەبوونی سەربازی ئەمەریکا؛ بەڵکو گۆڕانە لە هاوسەنگیی هێز لە عێراق و لە تەواوی ناوچەکەشدا.

هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی داعش، نفووزی هێزە چەکدارە نزیکەکانی ئێران و هەژموون و دەستوەردانی زیاتری تورکیا و ئێران دایە و، کەمبوونەوەی پشتیوانیی بەرگریی ئاسمانی و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی مەترسیەکە گەورەتر دەکا، بۆیە هەرێم  پێویستیی زیاتری بە رێکخستنی ناوماڵی خۆیی و بە ئەنجامدانی چاکسازیی جدی و بە یەکخستنی هێزی  پێشمەرگە و  بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی، لەگەڵ بەغدا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی هەیە.

ئەگەرچی من پێموایە ئەم کشانەوەیە تەنها کشانەوەی سەربازیی ئەمەریکایە، بەڵام هەژموون و کاریگەریی ئەمەریکا بە شێوازی تر بەردەوام دەبێ. 

ئەم ناوچەیە، بە کوردستان و ئێراق و بە سوریاشەوە، بایەخ  و گرنگی ستراتیژی بۆ ئەمەریکا و بۆ هاوپەیمانانیش هەیە و بەو ئاسانیە جێی ناهێڵن؛ ئەوەی روودەدا، گۆڕینی شێوازی وجودی ئەمەریکا و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا، لەهەمان کاتیشدا داڕشتنی نەخشەی نوێی وزەی جیهانی و بازرگانییە، نەک دەستبەرداربوونی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کشانەوەیە، تەنها گۆڕانێکی سەربازی نیە، بەڵکو گۆڕانە لە هاوسەنگی سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنیی هەرێم و ئێراق و ناوچەکەش.

ئەمە قۆناغێکی نوێیە و پێویستی بە بەرنامە و نەخشەرێی نوێ هەیە، بۆیە پەلەکردن لە یەکگرتنی تەواوەتی و کردەنی هێزی پێشمەرگە و هەموو هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی تر،  پەلە کردن لە درووستکردنی حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی و  سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان و  پتەوکردنی هاوسەنگانەی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، لە ئەرکە لەپێشینەکانی هەرێمە.. هەرچەندە گومان لە هەر هەنگاوێکی جدیی سەرانی دەسەڵات دەکەم بۆ خەمی نیشتمانی، بەڵام  ئەگەر ئەمە نەکرێ، لێکەوتەکانی ئەم کشانەوەیە مەترسیدارتر دەبن و ئایندەی هەرێمێش نادیار.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن