عەزیز وەیسی: عێراق ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات و پێشمەرگەش لە ئامادەباشی تەواودایە
04:08 - 01/10/2026
زەمەن_هەواڵ
لیوا عەزیز وەیسی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (زاگرۆس)، ڕایگەیاندووە: کە پێویستە عێراق خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان ئامادە بکات، چونکە بەهۆی دۆخی تایبەتی و ناکۆکیی هێزە سیاسییەکانەوە، پێناچێت عێراق بەتەنیا بتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات.
ئەمڕۆ پینجشەممە، ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لیوا عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی ئاماژەی بە چەند هۆکارێکی سەرەکی کردووە بۆ لاوازیی عێراق، لەوانە: نەبوونی یەکڕیزیی سیاسی، زاڵبوونی ئەجیندای دەرەکی بەسەر سیاسەتی وڵاتدا، هەبوونی گرووپی چەکداری دەرچوو لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت، و لە هەموویان مەترسیدارتر سەرهەڵدانەوەی داعش کە وەک لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕوویدا، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی جەختی لەسەر ئامادەیی و توانای هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند: “پێشمەرگە بە هەموو ئیرادەیەکەوە ئامادەیە و خۆی بە باشی ڕێکخستووەتەوە؛ ئێستا سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە یەکگرتوون و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە پرۆسەی یەکخستنەوەیاندا.” هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە سەرەڕای ئیرادەی بەهێزی پێشمەرگە، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان پێویستی بە هاوکاری، ڕاهێنان و دابینکردنی چەک هەیە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، لیوا عەزیز وەیسی هشداری دا کە ئەگەر بڕیاری گونجاو نەدرێت و هەنگاوی کردەیی نەنرێت، دوو سیناریۆی مەترسیدار لە ئارادان:
1. سیناریۆی هاوشێوەی یەمەن و کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە.
2. بەکارهێنانی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە دروست دەبێت بۆ سەرهەڵدانی گرووپی توندڕەوی نوێ.