7وتار

پارتی سیاسی: کێ ئاییندە دەباتەوە؟

10/3/2026 11:35:00 AM
لاوک سەلاح

لە ئێستادا، چ پارتێکی سیاسی لە جیهاندا بە دەست قەیرانەوە ناناڵێنێت؟ هەر لە پارتە سیاسییە چەپرەوەکانەوە تا دەگاتە راستڕەو و سۆشیال دیموکرات و ئیسلامییەکان و ناسیونالیستە راسترەوە توندرەوەکانیش. قەیرانەکان هەمەجۆرن، هەر لە شیتەڵبوونی پەیکەر و دیسپلینی رەفتاری سیاسی و نەبوونی متمانە و راستگۆیی کاری سیاسی تا دەگاتە لاوازی ستراتیژیەتی پارتی سیاسی و ئاست نزمی پرۆگرامی سیاسی. کەڵەکەبوونی قەیرانە سیاسییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان هۆکاری هاتنەکایەی دۆخێکی سیاسییە کە بەندە بە "تەنیایی و گۆشەگیری سیاسی" ناوزەندی دەکەین.

بۆ قەیران هەیە؟ چ جۆرە قەیرانێک هەیە؟ هۆکار چییە؟ ئایا ئەم قەیرانە سیاسییانە لە ئیستادا بۆنەتە دیاردە و پەتای سیاسی؟ ئایا قەیرانەکان پەیوەندیان بە بوونی بۆشایی سەرکردەی سیاسیەوە هەیە؟ بریتانیا دیارترین نموونەیە، یاخود هۆکارەکە پەیوەندی بە بونیادی پارتە سیاسییەکەوە هەیە؟ وەک ئەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخود هۆکارەکە پەیوەندی بە ئاستی پەروەردەی سیاسی و ئاستی خوێندەواری گشتی و پێشکەوتنی سیاسی و دۆخی سیاسی کۆمەڵگەکەوە هەیە لە قۆناغێکی دیاریکراوی سیاسیدا. 
لە راستیدا، پارتی سیاسی بە دونیایەک گرفتدا تێدەپەرێت هەر لە شێوازی سەرکردایەتیکردنی سیاسی و لاوازی کاریزمای سیاسی کەسەکان و سکاندەڵە سیاسییەکان، پارتی سیاسی گرفتارە. بەر لە هاتنە سیاسیەتەوە، کەسایەتییە سیاسییەکان، هەندێک لە ئەوانەی پارتی سیاسییان دامەزراند، چەندان خەونی شۆرشگێری رۆمانسی سیاسیان هەبووە، لە هاتنە دەرەوەدا لە پارتی سیاسی، میراتێک لە تاوانی شەخسی و دزی و ژێرزەمینێک لە پارەی کەڵەکەبوویان بە جێ هێشتووە، بۆیە، باسی ئالەنگەرییە داراییەکان جارێ هەر مەکە. 

سەرنجێکی بچووک لە مێژووی هەموو پارتە سیاسییەکانی سەرتاسەری دونیا بدەین و نەخشەیەک وەک ئەوەی لە بنکەکانی پۆلیس هەڵدەواسرێن بۆیان بکەینەوە، کەم تا زۆر، تێدەگەین گرفتەکانیان بە شێوازی جیاواز، لە ریشەدا وەک یەکن، گرفتەکان پەیوەندیان بە نەبوونی میکانیزمی کاریگەر و توانای پیشەیی کەسەکان و نەبوونی دامەزراوە و نەبوونی مێژوویەک لە عورفی سیاسی پێوەر و بوونی مێژوویەک لە ناسەقامگیری سیاسییەوە هەیە، هەموو ئالەنگەرییەکانیش دەرژێنە یەک ناونیشانەوە کە ئەویش نەبوونی "متمانەی سیاسی" و نەبوونی توانایە بۆ جێبەجێکردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی گشتگیر، کە ئەگەر سەدان جاریش بنوسرێتەوە، مەرکەبەکەی هەر کاڵ دەبێتەوە. مەرجی سەرکەوتنی کاری سیاسی، بوونی ژینگەیەکی سیاسی تەندروستە، کار و هیلاکی لەبن نەهاتوو دەخوازێت. 

پرسیارە گرنگەکان ئەمانەن: بۆ هەموو پارتە سیاسییەکان،  کەم تا زۆر، بەدەست هەمان گرفتەوە دەناڵێنن، خۆ ناوی پارتە سیاسییەکان و مانفێستیان لە رووکەشدا جیاوازە؟ تۆ بڵێی مێژووی فەلسەفەی سیاسی بەتاڵ بووبێتەوە و پەی بە کارەساتە سیاسییەکان نەدا؟ تۆ بڵێی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و زانکۆکان و بەشەکانی زانستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵناس و میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئیتر نەتوانن سەرکردەی سیاسی راستگۆ بۆ ئاییندە پەروەردە بکەن؟ ئایا ئەم سەردەمە سەردەمی ئەو پارتە سیاسیانەیە کە کادیرەکانیان بە سەرکردەکانیان نامۆن؟ چی بکرێت ئاشتبوونەوە لە نێوان سەرکردە و ئەندامان و کۆمەڵگەدا بێتە کایەوە؟ کێ لە توانای پێغەمبەراندایە بۆ ئەوەی بەردی سیزیڤ بخاتە سەرشانی و نرکە و ناڵاندنی مێژوو بکاتە چرایەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئاییندە، ئەگەر ئەم پارتانە بەم شێوە پەرتەوازەیە بەردەوامبن، بەردەوام دەبن؟ بێگومان نەخێر. پرسیاری قووڵتر ئەوەیە بە کێ دەوترێت پارتی سیاسی ئاییندە؟ واتە کێ دەتوانێت نەخشە و پلان بۆ ئاییندە بکات بۆ ئەوەی ئاییندە بباتەوە؟ لە سەردەمێکدا، کە ئاڵۆزترین سیما و رووخساری نەبوونی  ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەت و عەقیدەیەکی سیاسی کە لە مێژوودا بەجێ ماوە و قەناعەت بە نەوەکانی ئاییندە  ناکات کە ئاییندە بۆ ئەوانە. 

سەرهەڵدانی تەوژمە سیاسییە راسترەوەکان و ناسیۆنالیزمە نوێکان لە ئەوروپا و ئەمریکا  و شوێنەکانی دونیا لەم چەندە "دە"یەی رابردوودا، لە سەرێکەوە دەگەڕیتەوە بۆ بەتاڵبوونەوەی پارتی سیاسی لە مەسەلەی ئینتمایی سیاسی و نیشتمانی، ئاخر ئەگەر وانەبوایە بەهەڵە تەفسیری هۆنراوەکانی شاعیری سوری "محمد الماغوط" لای ئێمە نەدەکرا، هانابردنی نەوەکانی ئاییندە بۆ وتە و دەستەواژەکان لە ژینگە سیاسییە هاوشێوەکانەوە  بۆ ئەوەی پارتی سیاس رەجم بکات، کارێکی ناچارییە.

 لەم سەردەمەدا، پارتی سیاسی تا نووسینی ئەم چەند وشەیە خۆی نۆژەن نەکردۆتەوە، کە دەبێت بیکات، خۆی رێک ناخستۆتەوە کە دەبێت بیکات. ئەندامە زیندووە بەتەمەنەکانی پارتی سیاسی لە گۆرستان و  پرسەی هاورێ و ئەندامە قەدیمەکانیان، سڕ دەبن و بەندی دەستەواژەکانی سەردەمی سەختی شۆرش دەبن، کە نەوەکانی ئاییندە نایانەوێت بەو مێژووە ببەسترێنەوە، لەبەرئەوەی هاوڕێ زیندووەکان، زیندووی رابردوون و مردووی ئاییندەن. هەریەکەیان لە وێستگەی جیاوازدا چاوەڕوانی مەرگی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی بەشەکانی رۆمانی شۆرش کۆتای پێ بێت و بخرێتە مۆزەخانەی نیشتمانییەوە. ئەوان ناتوانن، بەدەست خۆیان نییە، لە بازنەی یادگاری شۆرشگێرەکان و قارەمانەکانی خەیاڵ دەرچن، بەدەست ئەمان بێت، ئاییندەش بکەنە قوربانی رابردوو، بۆ ئەوان رابردوو پیرۆزە، نەوەک تەکنەلۆجیا و دونیای دیجتاڵ و گۆڕانکارییە ئابوورییە خێراکان کە دونیای سەرمەست کردووە، بۆ نەوەکانی ئاییندەش، بە پێچەوانەوە.

سەرباری ئەم هەموو دەردەسەرییە، پارتی سیاسی وەک یەکەیەکی گرنگی کۆمەڵگە هەر دەمێنێتەوە. پارتی سیاسی کۆڵەکەی ژیانی سیاسییە. لە نوسینەکانی رابردوودا باسمان لەوە کرد کە ژیانی سیاسی بەبێ بوونی پارتی سیاسی نابێت، بەڵام ئەگەر پارتی سیاسی خۆی دەمەزەرد نەکاتەوە دەپوکێتەوە و ناتوانێت شان بەشانی گۆڕانکارییە سیاسییەکان هەنگاو بنێت.  هەر بۆیە مەبەست لەم نووسینە راکردن نییە لە پارتی سیاسی، بەڵکو هەڵسەنگاندنێکی  بابەتییانەیە بۆ ئەوەی پارتی سیاسی بەتەواوی ببێتە کایەیەکی مەدەنی، نەوەک سەربازی و ئەمنی، لە زۆر دۆخدا، بە پشتبەستن بە زانستی ئەنسرۆپۆلۆجیا کە باسی ئەو کۆمەڵەگەیانە دەکات کە یاسا و دەوڵەت تێیدا بوونیان نییە، بوونی پارتێکی عەشایری کە ئەندامانی کۆمەڵگە لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، لە پارتێکی ئەمنی ستەمکاری وەک بەعس باشترە یان ئەوانەی مەیلیان بەرەو تۆتالتاریەتە. 

ئەی دۆخی پارتی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان چۆنە؟ پرسیاری سەرەکی وەک دەستپێک ئایا دەتوانین پێناسەیەکی زانستییانەی ئەو پارتە سیاسیانە بکەین کە لە کایەی سیاسیی عێراقدا کار دەکەن؟ ئایا هیچ پێوەرێک هەیە لە دەرەوەی پارە و هێز پێمان بڵێت کێ پارتی ئاییندەیە؟ کێ براوەی ئاییندەیە؟ بە بڕوای من تاوەکو پارتە شیعەکان و سوننەکان و تەنانەت کوردیەکانیش، لە ژێر فشاردا، ئەگەر بیانەوێت ببنە پارتی سیاسی ئاییندە دەبێت ببنە خاوەنی ناسنامەیەکی نیشتمانی بۆ ئەوەی لە ناوچەکانی خۆیان دەربازبن، ئەمەش لە دۆخی سیاسی ئێستادا کارێکی مەحاڵە، ئەوەی کە لە عێراق هەیە خڕبووەنەوەی گروپەکانی خەڵکە، بێگومان لە کوردستان کێشەکە جیاوازە، لێرە، مێژوویەک لە چەوساندنەوەی سیاسی و نەتەوەیی هەبووە کە لە لایەن هەموو حکومەتە مەرکەزییەکانەوە لە بەغدا بەرامبەر کورد کراوە، بەڵام دەبێت وریابین ئەو راستیانەش کاڵ دەبنەوە و رابردوو دوور دەکەوێتەوە و لە زەین دەسڕێنەوە، لەبەردەم شەپۆلەکانی ئاییندە و رەفتارە سیاسییە ناجۆرەکان!  

لە هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی  ئاشکرا هەست بە لاوازی پارتی سیاسی دەکرێت، ئەوە مانفێست و مێژوو و ستراتیژیەت و پلانی سیاسی و بودجەی تەندروست نییە کە پارتی سیاسی دەبات بەڕێوە، ئەوە کەسایەتی نێو پارتە سیاسییەکانە کە پارتی سیاسیان لە کەسایەتی خۆیاندا بەرجەستە کردووە، لە راستیدا، لە سۆنگەی خەمخۆرییەوە، دەڵێین ئەم جۆرە مەنهەجە دوورمەودا، کاریگەری باش نابێت، نە بۆ خۆیان، نە بۆ پارتە سیاسییەکەیان و نە بۆ کۆمەڵگە، لەبەرئەوەی ئەم هەوڵانە نارژێنە نێو خوڵقاندنی پرۆسەی دامەزراوەبوونی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە. بەداخەوە، زۆر لە کەسایەتییە سیاسییەکانی نێو پارتە سیاسییەکان تەنانەت کەسە نزیکەکانیشیان نازانن سەر بە چ مەنهەجێکن. سیاسەتکردن شاردنەوەی حەقیقەتی کار نییە پێویستی بە رەفتاری سیاسی روون و ئاشکرا هەیە.
پوختەی قسە: کێ دەتوانێت ببێتە پارتی سیاسی ئاییندە؟ ئەوانە دەتوانن کە گۆرانکاری ریشەیی لە دید و پەیکەر  و مانفێستی خۆیان دەکەن و توانایەکی راستگۆیانەی عەمەلییان هەیە جێبەجێی بکەن. ئەوانە پارتی سیاسی ئاییندەن کە لە کۆشکەکانی خۆیان دێنە دەرەوە و وەک کەسێکی ئاسایی راستگۆیانە، قەناعەت بە ئەندامانی کۆمەڵگە دەکەن کە پارتی سیاسی هی گروپێک نییە هی هەموو کۆمەڵگەیە. پارتی سیاسی ئاییندە توانای خۆنوێکردنەوە هەیە، هەر لە خێزانەوە بۆ ئەندامانی پارت و هەموو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە، پارتی سیاسی و سەرکردەکانی بۆ ئەوەی ببنە پارتی سیاسی ئاییندە دەبێت رێژەی راستگۆیی سیاسی بۆ هێنانەدی ئینتمای سیاسی و دڵسۆزی سیاسی لە بری ئایدۆلۆژییەکان کە لەمێژوودا ژەنگیان هێناوە، زیاد بکەن. پارتی سیاسی ئاییندە، سەردەمێکی نوێ لە سیاسەت و میکانیزمی سیاسی دێنێتە کایەوە و دابران لەگەڵ تاوانەکانی رابردوو دەکات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن