17وتار

سەروەری و ڕۆژەکەی

10/8/2026 2:11:00 PM
فازڵ میرانی

من لەم دۆخە تێدەکەم و قووڵاییەکەی دەبینم؛ پۆزش بۆ ئەو کەسانە دەهێنمەوە کە
ڕاستییەکان ڕووت دەبینن، بەڵام هەوڵ دەدەن بە ڕەنگێکی تر و لە باوەڕپێکراوترین
شێوازدا پێشکەشی بکەن. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە قەبارەی پرسە ئاڵۆزەکانی  عێراق،
لەگەڵ سەرجەم ئاڵنگارییەکانیدا، تەنها لەبەر یەک هۆکار دوو هێندە قورس بوون: ئەویش
نەبوونی بوێرییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستیەکاندا.

سەیری وڵاتانی جیهان بکەن کە چۆن لە هەناوی قەیرانەکاندا هەڵسوکەوت دەکەن، دەبینن
تەنانەت ئەگەر هەندێک جار ڕاستییەکانیش بشارنەوە، کەچی خاوەنی بڕیاری ئازایانەن بۆ
ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانیان. ئەوان نەزموون و خۆڕاگرییان لە کارکردندا هەیە بۆ
ئەوەی باری لار و چەوتی خۆیان ڕاست بکەنەوە.

لە بەرامبەردا، هەندێک وڵات هەن ، کە ژمارەیان کەم نییە ، دۆخێکی نادروست
بەسەریاندا زاڵە کە دەچێتە پاڵ کەسێکی بەدوای کێشە و قەیراندا دەگەڕێت؛ کەسێک بە مێشکێکی سەرلێشێواو ئاراستەی دەکرێت، نە ئامادەیە ڕازی بێت بە ڕێنمایی کەسێکی دڵسۆز، و نە خۆیشی
خستووەتە ژێر هیچ ڕێسایەکەوە کە ڕەفتارەکانی ڕێک بخات.

ئەو وڵاتانەی  ڕۆڵیان لە زۆر دۆسیدا هەیە بە زەقی دەرکەوتوون، پێگەکەیان سەرەڕای
ئەوەی لاوازە، هاوکات جێگەی مامەڵەیەکی هۆشیارانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە.

سەروەری تەنها ڕۆژێک نییە و لەسەر بنەمای ڕۆژێکیش دانرابێت؛ ئاهەنگگێڕان
شتێکە و ئەوەی ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت شتێکی ترە. ئەگەر سەروەری واقیعێکی بەرجەستە و
ڕاستەقینە بوو، ئەوا ئاهەنگگێڕانەکەش لە جێگەی خۆیدا دەبێت. ئەگەر هاتنی
چاوەڕوانکراو بێت، کەواتە هێشتا نادیارە، بەڵام ئەگەر پێشەکی و نیشانەکانی ڕوون بن و
جێگەی گومان نەبن، ئەوا ئەوە باسێکی ترە.

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ، و دیارە لە نەبەردی سیاسیدا، لە هەر ژینگەیەکدا
کە تێگەیشتن و لۆژیک پێش عەقڵی خاوەنەکەی بکەوێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا خاڵێکی
لاوازە ، لەپاڵ لایەنەکانی تری ناو بزووتنەوەی نیشتمانیی عێراقدا، سوور بوون
لەسەر ڕاستکردنەوەی بڕیاری سیاسیی ناوخۆیی لە عێراقدا. پاش ساڵی ٢٠٠٣ش، هەردوولا
پێداگر بوون لەسەر ئەوەی دەستبەرداری بڕیاری سیاسیی ناوخۆیی نەبن. واتە، ئەو ماوە
سیاسییەی لە سەرهەڵدانی عێراقەوە تاوەکو ئەمڕۆ درێژ دەبێتەوە، بە دوو قۆناغی
سەرەکیدا تێپەڕیوە، قۆناغێک کە تێیدا بڕیاری سیاسیی ناوخۆیی نزیکەی تەواو بوو
هەرچەندە لەسەروەریشدا لاری تێدا بوو، و قۆناغێکی تر کە ڕێژەی سەروەریی ناوخۆیی
 لە سفر نزیک بووەوە.

سەروەری تەنها هێزی سەربازی و هەوڵی ئەمنیش نییە ، کە ئەگەر ئەمانەش هەبن، دەبێت لە
ئاست بەرپرسیارێتی و بەرژەوەندیی گشتیدا بن ، بەڵکو سەروەری لە کۆمەڵگەیەکیشدایە که
تووشی کارەسات نەبێت، کارەساتێک کە هۆکارەکەی هێزی ناوخۆیی بن و تەنها لەپێناو
بەرژەوەندیی تەسکدا کار بکەن، دەستوور و یاساکان پێشێل بکەن، و جا بە فەرمانی
خۆبەخشانە یان بەکرێگیراوی، لە خزمەتی هێزە هەرێمییەکاندا بن.

سەروەری توخمێکی مەعنەوی دەستکردی ڕەمزی نییە، بەڵکو یان واقیعێکی زیندووە، یان فێڵێکی ڕیکلامی قەرەبووکەرەوەیە کە ئەوکەسانە دەیفرۆشنە خەڵک کە لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەگونجێن و وێنەیەک بۆ ڕووداوێک دەگرن کە دەکرێت بە ئاسانی ڕەتبکرێتەوە  وەک ئەوەی هەر نەبووبێت و بوونی نەبێت.

ستەمێکی زۆر بەسەر عێراق و گەلەکەیدا هات، ئەگەر سەردەمی پاش عوسمانییەکان
تاوەکو هاتنی بەریتانیا و دەرچوونی  لەبەر چاو بگرین، دەبینین گەلەکانمان
چەندین جار پەیمانیان لەگەڵ شکستەکاندا بەستووە و لە کاتی بونیاتناندا بوونەتە سفر.
ئەمە لە پاشایەتییەوە دەست پێ دەکات بۆ کۆماری سەربازی، پاشان کۆماری حزبیی تاکڕەو،
و لە کۆتاییشدا بۆ کۆمارێکی نوێی بونیاتنراو بەڵام لەسەر بنەمایەکی شێواو. دیارترین
و سەرەتاییترین شێواندنەکان که زیانی کۆمەڵگەیی قورسی لێکەوتەوە، بریتی بوو لەو
دۆستانەی کە تێیدا ڕۆڵەکان پێچەوانە کرانەوە، ئەو کەسەی دەبوا بەڕێز بن، کرانە
تاوانبار، و دز و هەڕەشەش باڵادەست کران!

سەروەری هەمیشە جێگەی ململانێ و بازارگەری بوو، کەچی هەر زوو لە کاتی پەلاماری
دەوڵەتی ئیسلامیدا (داعش) لە عێراق و شام، هەڕەشەی ڕووخان لەم سەروەریەکرا.

پایە و پێگەی زەبەلاح بۆ سەروەری دانران، کەچی لە بەردەم بۆمبارانکردنی کوردستان و
پێشێلکارییەکانیدا تواوەوە، بینیمان که رووبەڕووی حاڵەتێکی شرۆڤەیی سەیر بووینەوە
سەبارەت به سەروەری، دەسەڵات بۆمبارانەکە شەرمەزار دەکات، کەچی ناوهێنانی ئەو
لایەنەی بۆمباران دەکات قەدەغەیە، ئەمەش هەر ئەو کەسەیە که پێناسەی خۆی بۆ سەروەری
بەسەر دەسەڵاتدارانیدا دەسەپێنێت، کە لە دەرەوەی پێناسە ڕاستەقینەکان و ئەو
واقیعەیە کە وتەی فەرمی باسی دەکات.

جیاوازییەکی بنەڕەتیی یاسایی هەیە لە نێوان کێبرکێی پەرلەمانی به مەبەستی
پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بۆ هاوڵاتییان، و لە نێوان کێبرکێی دەسەڵاتەکان بۆ
قۆرخکردنی بڕیاردا. پێش ئەم و ئەوەش، دەبێت دانیشن و بیر لە دەرەوەی سیستەمی
بازاڕگەریی ڕاگەیاندن بکەینەوە، کە هاوشێوەی فەرمان و دووبارەکردنەوەی 
وتە گەورەکانە و هیچ بنەمایەکیان لە واقیعدا نییە.

کێ ئابووریی دەوڵەت بەڕێوەدەبات و چۆن؟ بارستەی نەقدی لە کوێیە و بڕەکەی چەندە؟
بەهای کڕین چەندە و سەرچاوەی داهات چییە؟ کام هێز دەتوانرێت بونیات بنرێت بۆ ڕێگری
لە دەستدرێژی؟ ئایا دەوڵەت به شێوازێکی سیاسی لەلایەن هێزێکی دیاریکراوەوە
بەڕێوەدەچێت که لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت لەسەر دەرئەنجامی بڕیارەکانیان، یان
دەسەڵات بەپێی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان کار دەکات؟ ئایا کارەکەی به شێوازێکی
دروست ئەنجام دەدات، یان تێکەڵاوی سیاسی و لێخۆشبوونی هاوپەیمانی لەنێوان ئاشکرا و
شاراوەدا باڵادەستە؟

سەروەری پێگەیەکی مەزنە، ئێمە کارمان بۆ کردووە، ئەوانی تریش کاریان بۆ کردووە، و
کەسانی تریش هەن کە کار بۆ لەناوبردنی دەکەن، یان دەیانەوێت بێت و ببێتە هەموو شتێک
جگە لە سەروەریی ڕاستەقینە.

دووبارە دەڵێمەوە، لە نەبەردی سیاسیدا، ئەوەی لۆژیکی دروست پێش عەقڵی باوی
سەردەمەکەی بکەوێت، بێگومان خاڵێکی لاوازە.

وەرگێڕانی: سەردار پێنجوێنی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن