12وتار

شەترنجی یارییکە عەلی زەیدی و کورد:

11/28/2026 12:10:00 PM
سەردار عەزیز

زەیدی چ یارییەک دەکات؟ بۆ فشار دەخاتە سەر کورد؟ بۆچی کورد بژاردەی نیە؟ تۆم باراک\ئەمریکا، چی دەخوازێت؟ دەکرێت چی ببێت؟ دەبێت چی بکرێت؟

عەلی زەیدی لە وەڵامی کۆمەڵێک قەیرانی ئاڵۆزی ناو ماڵی شیعەوە هاتوە. شیعەی عێراق لە بەرامبەر ئەگەری هێرش و لێدانی سەختن لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، کە توانای ڕوبەڕوبونەوەیان زۆر کەمە، بەڵام لە ئەمە گرنگتر، مەترسی بەردەوامی هاتن و نەهاتنی دۆلارە لە لایەن ئەمریکاوە. شیعە لە پێناو خۆپاراستن و هاتنی دۆلاردا دەبێت سازش بۆ ئەمریکا بکەن، لە پێناو ئەوەی خۆیان بپارێزن لە خراپتر کە دۆلار و درۆنە. لە ئەدەبیاتی ئاسیشدا بەمە دەڵێن میتیگەیشن mitigation. ئەم پرۆسەیە بریتیە لە کەمکرنەوە یان خۆلادان لە مەترسییەکی چاوەڕوانکراو. کرۆکی سیاسەتی شیعە بریتین لە کاتکڕین، سازشکردنی سنوردار، بەڵام گەورەکردنی ئەو سازشە وەک ئەوەی سازشی گەورە و گران بێت.
هەموو دەستگیرکردن و پرسی جورف السەخر و ئەوانیتر بەشێکن لەم یارییە.

بۆچی ئاراستەیان گۆڕی دژ بە کوردستان؟

ئەگەر کرۆکی سیاسەتی شیعە کاتکڕین و  خۆپاراستنە، ئەوا گۆڕینی ئاراستەی فشارەکان یەکێکە لە باشترین تاکتیکەکان. کورد لێرەدا نێچەرکی باشبوو. لەلایەن شیعەوە فشار کردنە سەر کورد، کە کورد خۆی زەمینەی ئەوەی سازاندوە هەموو کەسێک بتوانێت فشاریان بخاتە سەر، جگە لە خەڵکە لە پەلوپۆکەوتوەکەی کوردستان نەبێت.

فشار بۆ سەر کوردستان، پەیوەندی ئەمریکا و زەیدی دەخاتە ژێر فشارەوە بەوەی دۆخی چەتال دێتە ئاراوە، دۆخی چەتاڵ لە یاری شەترنجیدا ئەو دۆخەیە کە لە دوو بەرەدا براوەی. بۆ هێزە شیعییەکان فشار بۆ سەر کورد، چەند ئامانجێک دەپێکێت: یەکەم، سەرنج و فشار لە سەر هێزەکان کەم دەکاتەوە بە کردنەوەی بەرەیەکی تر، پەیوەندی ئەمریکا و زەیدی دەختاە دۆخێکی جیاوازەوە. لە میانەی پەیوەندی زەیدی و ئەمریکادا، شی؛ە ؛ە دۆخی چەتالدان، ئەگەر ئەمریکا پشتگیریی بکات ئەوا براوەن بەوەی بۆ یەکەم جار لە دوای جەنگی سارد کورد دەبنە یەکەی نادەوڵتی کە ئەمریکا پشتیوانی دەوڵەت دەکات بۆ ڕام کردنیان. کۆتایی تایبەتمەندیی کوردیی لە عێراقدا.  ئەگەر ئەمریکا پشتیوانی نەکات ئەوا زەیدی دەکەوێتە ژێر فشارەوە کە لە پێگەی دەدات و بۆ کاتکڕین و دروستکردنی هۆسەیەکی کۆتایی نەهاتوو لە پێناو کاتکڕین و کەمکردنی فشار و زیانەکان.

لە ئێستادا ئەمریکای تەقلیدی دژ بەم هێرشە لە سەر کورد، بەڵام ئەمریکای ترەمپ باکی نیە، چونکە بە دیدی خۆی یان خراوەتە دۆخێکەوە، ئەگەر پشتیوانی زەیدی نەکات ئەوا هەوڵەکان بۆ فشار لە میلیشیاکان پوچ دەبێتەوە.

تویتەکەی ترەمپ ئەو پشتیوانییەی دەرخست، بەڵام ئەمریکا دەخوازێت میانگیربێت لە هەمانکاتدا. بەڵام ئەمریکای تۆم باراک ئامانجی جیاوازە.

تۆم باراک بڕوای بە ئابوری یان بازرگانی هەیە نەک سیاسەت. بە تایبەت دەیەوێت لە ڕێگای هەندێک پرۆژەوە ناوچەکە بە یەکەوە ببەستێت کە گوایە دەبێت مایە گەشەی ئابوەی و خەڵکی ناوچەکەش ئەوەیان دەوێت. دیارە ئامانجی سەرەکی  پارە پەیداکردنە، نەک هەبونی دیدێکی تایبەت بە ناوچەکە. بۆ نمونە ڕۆژانی داهاتوو وەزیری گواستنەوە تورکی دێتە عێراق بۆ واژۆکردن و دانانی بەردی بناغەی ڕێگای گەشە. ئەم ڕێگایە پاش ئەوەی عێراق شکستی هێنا لەوەی پشتیوانی بۆ دابینبکات لە دەرەوە ناچاربوو خۆی پارەی بۆ دابین بکات.

نەبونی پارەی دەرەوە، تەنها نیشانەی قەیرانی دارایی نیە، بەڵکو ئاماژەیە بۆئەوەی کە کەس بڕوای بەم پرۆژەیە نیە بەوەی سودمەندبێت.  ئەم پرۆژەیە کە تێچوەکەی ١٦ ملیار دۆلارە لە ماوەی چوار ساڵدا، بارێکی زۆر گران دەبێت لە سەر ئابوری عێراق، بەڵام بەشێکە لە گەمەی بەهێزکردنی تورکیا، بە ئەگەری زۆرەوە کپمپانیای تورکی کارەکان دەکەن، ئایا چۆن باراک سودمەند دەبێت؟ بۆ نمومە لە پرۆژەی کەرکوک بانیاسدا، پلانەکە وەها داڕێژراوە کە بۆڕییە کۆنەکان نۆژەن بکرێنەوە، لە کاتێکدا زۆری کەمتری تێدەچێت کە بۆڕی نوێ دابنرێت، بەڵام نوژەنکردنەوەی بۆ ئەوەیە کە کۆمپانیان سەرەتاکان کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان سودمەند بن. پلانی باراک بریتییە لە کۆمەڵێک پلانی ژێرخانی ئابوری گەورە لە پێناو پەیداکردنی دەستکەوتی دارایی و ئابوری، بەبێ گوێدانە دەرهاوێشتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی. لەم پێناوەشدا وەها دەبینێت کە ئەگەر چەند کەسایەتیەکی بەهێز حوکم بکەن لە ناوچکە کارەکە ئاسان دەکات بەوەی گرێبەستەکان بچەسپێنێت، سودمەندبێت و هەروەها تەنها لە چەند چەند کەسێکدا مامەڵە بکات چونکە کاتی زۆر کەمە. بە ئەگەری زۆرەوە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتودا فشاری کۆنگریس بۆ سەریان دەستپێدەکات.

کورد، کارتی ئاسان!

 کورد خۆیان خۆیان کردوەتە کارتێکی ئاسان، بۆ ئەوەی ببن بۆ کارپێکراو. سیاسەتی کوردی، لە لە ڕاستیدا دەربڕینێکی هەڵەیە، بەڵام ئەگەر وەها بڵێین، دوورە لە بنەماکانی تێگەیشتن لە ڕێساکانی دروستکردنی هێز.

یەکێک لە هاوکێشە ناعەقلانییەکانی دونیای کوردی ئەوەیە کە ئەگەر هێزە کوردییەکان شەڕ بکەن لە سەر خاوەندارێتی کوردستان، ئەوا هیچ نەبێت دەبێت کۆمەڵێک هەنگاو و ڕێسا بگرنە بەر لە پێناو  دروستکردن و  پەرەدان بەوەی کە دەیانەوێت حوکمی بکەن. حیزبە کوردییەکان وەها ڕەفتار دەکەن کە فشاری ناوخۆ بونی نیە، ململانێکانی ناوچەکە دوور لە ئەوان، گۆڕانی جۆری لە سیستەمی نێودەوڵەتی پەیوەندی بە ئەوانەوە نیە. کورد بژاردەی کەمە. دەبێت خۆی بسازێنێت، بەڵام تەنانەت بۆ خۆ سازاندنیش دیدی نیە. بۆ نمونە شیعەکان کە ڕوبەڕوی مەترسی بونەوە، زەیدیان هێنا، ئامادەبون حەکایەتێک دروستبکەن کە دژیانە، و دەیەوێت هێزەچەکدارەکان و گەندەڵەکان لەناو ببات. بەگشتی ئەمە شانۆگەرییە، بەڵام بەردەوامی دەدات بە هاتنی دۆلار و لە هێرش پاراستونی، ئێستا کوردیشیان بۆ دەخەسێنێت.

ئێستا چی دەبێت؟
زەیدی کەسێکە قسەی زلی بازاڕی دەکات. ئەمەش بەشێکە لە گەمەکە. چونکە ئەو دەزانێت لە ئەنجامدا کەمێک لەوەی دەخوازێت دێتە دی.
مەترسی خیتابی زەیدی ئەوەیە کە ئەگەری زۆرە کە کورد ببێت بە نەفرەت لێکراو لە لایەن عێراقی عەرەبییەوە. کورد بە گشتی، نەک تەنها دەسەڵاتداران. بەداخەوە دەسەڵاتدارانی کورد باکیان نیە بە ئەمە. سەیری مێژوی ڕواندا بکەن پێش جیۆساید.
بێگومان هەندێک لەوەی زەیدی دەڵێت دەبێت بێتە دی، بەڵام گومان دەکرێت کە هەموی بێت.  ڕەنگە نەوت ئاسانتربێت لە خالە سنورییەکان، چونکە خاڵە سنورییەکان نەک تەنها ئاسان نین، بەڵکو ئەکتەرێکی گەرەتر هەیە لە گەمەکەدا کە ئێرانە.
بە ئەگەری زۆرەوە تێچونی حوکمڕانی لە کوردستان  مایەی مشتومڕ دەبێت لە نێویاندا ژمارەی زۆری چەکدار و فەرمانبەر. هەرچەندە ئەمە زیاتر دیاردەیەکی عێراقییە تا کوردستانی.

 

دەبێت چی ببێت؟

 ئێستا ساتەوەختێکە کە پێویستە دابران ڕوبدات. لە دوای ڕاپەڕینەوە ئاراستەیەکی هەڵە بوو، بەردەوامیی لێی نەک ئاسان نیە، بەڵکو کۆتایی حەتمییە. چۆن کۆمەڵگایەک ساتەوختی دابران دەهێنێتە ئاراوە؟ ئاسان نیە.

بۆ نمونە کورد لە ڕاپەڕیندا نەیتوانی لە پێش ڕاپەڕین داببڕێت. لە پاش هاتنی ئۆپۆزسیون نەیتوانی هێزی نوێ دروست بکات کە جیاوازبێت لە ئەوانیتر. کورد خاوەن کێشەی ناوخۆیی نیە. بەڵکو خاوەن کەسایەتی لاوازە. کەسایەتی لاواز کشەی بچوک گەورە دەکات.

کورد ناتوانێت لە گەڵ کوردێکی تردا بسازێت. نە میرنشینەکان توانییان، نە تەریقەتەکان، نە حیزبەکان، نەک تەنانەت لەناو پەرلەمانیشدا. بۆیە نەسازان بە دەزگایی بوە. خەڵ بە خۆڕسک باری دەرونییان، زمانیان، ڕەفتاریان بۆ نەسازانە. خۆی بە پیاو دەزانێت سەرسەخت بێت.

بەڵام بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەک وەها نابێت. دەبێت دەستورێک بنوسرێت لە پێناو لە دایکبونی کۆمەڵگای کوردستان.  حوکمداریش لە بەر مەبنای ئەو دەستورە بێت. کارێکی باش دەبێت ئەگەر هەموو سەرۆک حیزبەکان واز لە پۆستی سەرۆک حیزبیی بهێن . میدیا زۆر کەم بکرێتەوە. هاوکاری میدیای کوردستانی مرۆڤدۆست بکرێت. ئابوری لە جەنگەڵی بردن-ەوە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی بێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن