12وتار

بە كوێ دەگەین؟ پارەی (11) ساڵی موچەخۆران لە ژمارە بانگی دوو بەرپرسدا..!!!

11/28/2026 11:54:00 AM
محەمەد رەئوف

ململانێ و ناكۆكی دووساڵی رابردووی نێوان پارتی و یەكێتی و كۆنترۆڵكردنی داهات و نەوت و بازاڕ، قاچاغی نەوت، گوینەدان بە داوای خەڵك و خۆدەڵەمەندكردن، كارتەكانی كوردی لە بەغداد و جیهان و هەرێمایەتیش سوتاندووە، بارزانی بە عەدنان موفتی و ئەرسەلان بایزی وتووە" هەموو هەنگاوەكان بەبڕیاری من دراوەو مەسرور بارزانی بڕیارەكانی من جێبەجێ دەكات" زەیدی وتویەتی "ژمارە بانكی دوو بەرپرسی باڵای كوردم دەستكەوتووە یەكێكیان (14) ملیار دۆلارو ئەوەیتریان (32) ملیار دۆلاری لەسەرە، بەچی؟"بۆیە ئەگەر "رۆژ بخەنە سەر شانی راستم و مانگ بخەنە سەر شانی چەپم واز لە هەنگاوەكانم ناهێنم"، ئەم توندییەی زەیدی لەوكوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ لە یەك ساڵدا دوو تویتی ترەمپ هاوشێوەن، توێتێك بۆ ئەحمەد شەرع" پشتیوانی لە هەنگاوەكانت دەكەم بۆ سەپاندنی دەسەڵات لەسەرتاسەری سوریا" تویتێك بۆ عەلی زەیدی"پشتیوانی لە هەنگاوەكانت دەكەم بۆ كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتەكانت لە سەرتاسەری عێراقدا".

رەنگە ئاهو نوزەلەی خانەنشینێك، دوعای پیرەژنێكی بێ پارەو نەوت، مەراقی مامۆستایەكی كرێچی، فرمێسكی فەرمانبەرێكی موچە فەوتاو، چارەنووسی بەرپرسانی هەرێمی گەیاند بەمڕۆژە، كە هەموو بەرپرسانی هەرێم گیریان خواردووە بەدەست كەسێكەوە"منداڵێكەوە" وەك محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، ئەو دەڵێت بڕیارێكەو دوامە دەبێت بەرپرسانی هەرێم بێنە ژێر بار، بەتایبەت لە مەسەلەی "قاچاغی نەوت و پارە".  ئای كە بە ئازارە، كوردستانێك دوێنێ بە قوربانی و كیمیابارن و شەهید و تینوی ئازادی دەناسراو پشتیوان دەكرا، ئێستا بە قاچاغی نەوت و پارە، لە دونیا دەناسرێت و دۆستەكانی پشتی تێدەكەن. بۆیە چارەنووسی هەرێمی كوردستان بەهەركوێیەك بگات، ئەو هێزانە بەرپرسی یەكەمن كە ماوەی 35 ساڵە كوردستان بەڕێوە دەبەن.

ئێستا ئەوەی پێی دەڵێن "منداڵ" پشتیوانی تەرمپ و ئەمریكا، ئێران و توركیا و وڵاتانی ناوچەكەو ئەوروپا و لایەنە عەرەبییەكان و شەقامی عێراقی و بەشێكی شەقامی كوردیشی لەگەڵە، كەواتا دۆخەكە بۆ زەیدی لەبارە بۆ ئەوەی بگات بە ئامانجەكانی لە هەرێمی كوردستان، جا ئامانجەكەی بەڕاستی بنبڕی قاچاغی و دەروازەكان بێت، یاخود بەپلانەو بیەوێت هەرێم لەناوبەرێت..!! لەهەردوو بارەكەدا بەرپرسانی هەرێم خۆیان ژینگەیەكیان بۆ دەستوەردان خوڵقاندووە، ئەگەر زەیدی مەبەستی گەندەڵی بەرپرسان و قاچاغی نەوتە، خۆ لەبر لوتی خۆی زۆرینەی سەركردەو بەرپرسانی بەغداد ملیۆنێری سیاسی و بازرگانی سیاسی و بازرگانی نەوت و پارەن، بەڵێ راستە بەڵام هەرێمێك كە لە بەرلوتی توركیا و سوریا و ئێران و 22 دەوڵەتی عەرەبی قوت بووەتەوە، لەبری بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەت و هێنانەدی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، بەڵام بەرپرسانیان دەمیان ژەنیوەتە سامانی نەوت و زەی و قاچاغی، رەنگە ئەوەی زەیدی دەیڵێت بۆ هاوڵاتیەكی هەرێم تازە نەبێت كە دەیان ساڵە بەبەرچاویەوە تانكەری نەوت دەڕوات و داهاتەكەشی دیارنیە، بۆیە رەنگە بارودۆخەكە چیدی لە قازانجی بەرپرسانی كورد نەبێت..!!

زەیدی چی دەوێت؟

لە كۆبوونەوەی دوێنێ لەگەڵ فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵ، یەكگرتوو، هەڵوێست) عەلی زەیدی زۆر راشكاو و بێمنەت قسەی كردووە:
-دەكرێت خەڵكی كوردستان سوتەمەنی نەبێت و نەوت و بەنزین بەگران دەستكەوێت و بەبەرچاوییەوە ریزی تانكەر بە قاچاغ نەوت بفرۆشن و پارەكەشی بۆ چەند كەسێك بێت؟(زەیدی دەیەوێت ژیانی هاوڵاتیان لە بەرپرسان دابڕێت و رۆژی سێشەممە وتارێك پێشكەشی هاوڵاتیانی كوردستان دەكات) 
-بەدوایانەوەم، ژمارە حسابی دوو بەرپرسی كوردم دەستكەوتووە، یەكێكیان (14) ملیار دۆلار و یەكێكیان (32) ملیار دۆلاری تێدایە، لە كوێیان بوو؟ وەڵا واز لەو مەلەفە ناهێنم و تا دەگەم  بە ئەنجام.
-من رێگە نادەم یەك بەرمیل نەوت بە قاچاغ بڕواتە دەرەوە، دەروازەكان دادەخەم و ئەو بیرە نەوتیانەشی لەناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن دەبێت بخرێتە سەر وەزارەتی نەوت.

-دڵنیابن دەیكەم و سورم لەسەر هەنگاوەكانم (خۆر بخەنە سەر شانی راستم و مانگ بخەنە سەر شانی چەپم ) دەست لەم كەیسە هەڵناگرم، ئاماژەیە بۆ حەدیسێكی پێغەمبەری خودا (والله لو وضعوا الشمس في يميني، والقمر في يساري، على أن أترك هذا الأمر، ما تركته)
-ئەوان خۆیان نەوت دەبەن و دەشیانەوێت داهاتی نەوتی بەسرەو ناوچەكانی تریان بدەمێ، باشە ئەگەر رازین و خۆیان بۆ بەڕێوەدەبرێت، من هیچیان نادەمێ بابۆخۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن و دیوارێك درووست دەكەم و بیكەنە كۆنفیدراڵی من هەقم نیە بەسەریانەوە.

ئەمانە قسەی عەلی زەیدین لە كۆبوونەوەی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی (هەڵوێست، یەكگرتوو، كۆمەڵ) كردووین و بە وتەی چەند ئەندامێكی بەشدار لە كۆبوونەوەكە كە قسەمان لەگەڵ كردوون، زەیدی زۆر توندتر قسەی كردووەو وتویەتی نایەڵم بەسەر ئەو (.............) یانەوە بچێت..؟؟

كەواتا زەیدی سورە لەسەر هەنگاوەكانی هاوشێوەی (جورف سەخر) كە دوای فشارێكی زۆری لایەنە شیعەكان و هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە، هەنگاوەكەی جێبەجێیكرد، بۆیە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوەشی دوورنيە، بێگومان بە پاڵپشتی ناوخۆیی و ئەمریكا و دەرەكی تەنانەت پێخۆشبوونی لایەنی ناوخۆیی، زەیدی وتویەتی: پارتی لە رێگای ئەمریكیەكانەوە هەوڵی داوە بڕیارەكان رابگرم، بەڵام سورم لەسەری و دەبێت جێبەجێبكرێت)
ئێستا زەیدی چی دەوێت؟

زەیدی دەستی بۆ چەند پرسێك بردووە كە سەرەرای ئەوەی دەڵێت یاسا جێبەجێ دەكەم لەهەمانكاتدا عەیبەیەكی گەروەیە بۆسومعەی هەرێمی كوردستان كە ئەویش بردنی سامانی گشتی و قاچاغی نەوتە.

هەنگاوی یەكەمی زەیدی لە ئێستادا جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەیە كە داویەتی:

-كۆتاییهێنان بە قاچاغی نەوت، لە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، كە ئەمەش بەشێكە لەجێبەجێكردنی ئەجێندای ئەمریكا بەتایبەتیش دەروازەكانی لەگەڵ ئێران، كۆنترۆڵكردنی ئەو هەنگاوە لە قازانجی خەڵكی كوردستانە، ئەم هەنگاوە نەك نادەستوری نیە،بەڵكو پشتیوانی ناوخۆیی و نێدەوڵەتیشی لەسەرە.
-دەستگرتن بەسەر دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، دەروازە سنورییەكان بەپێی دەستور دەبێت بە هاوبەشی لە هەرێمەكان بەڕێوەببردن و دەسەڵاتی فیدراڵین، لە ئێستادا بەپێی ئاماری فەرمی (6) دەروازەی فەرمی دانپێدانراوە هەیە لە هەرێمی كوردستان (6) دەروازەی نیمچە فەرمی هەیە لە هەرێمی كوردستان واتا هەرێم دانی پێدا ناوەو بەغداد دانی پێدا نەناوە، (20) دەروازەی نافەرمی هەیە (62%)ی دەروازەكانی هەرێمە كە هەرێم و بەغدادیش دانیا نپێدا نەناوە، بۆچی هەرێم داینەخستووە، واتا لەمەدا هەرێم خۆی فەلتەی داوە بەدەستەوە، هەموو خەڵكیش دەزانن سەرچاوەی قاچاغی بەرپرسانن.

-ئەوەی زەیدی دەیەوێت كێڵگەو بیرە نەوتییەكانی ناوچە جێناكۆكەكانە، زەیدی دەڵێت بەپێی دەستور سنوری ئیداری هەرێمی كوردستان تا رۆژی 19/3/2003 یە ئەو رۆژەی ئەمریكا لە عێراقیداو هەرێمیش دەنگی بەو دەستورە داوە، بەپێی ئەوەی زەیدی دەڵێت: لە سنوری چەمچەماڵەوە تا مۆنۆمێنتەكە، لە هەولێرەوە تا شۆرا و قوشتەپە، لە كفریەوە تا ناوكفری لە دهۆك و گەرمیانەوە بەهەمان شێوە سەیتەرەی بەعس تا كوێ بوو ئەوە سنوری هەرێمە.

-بۆیە ئەو كێڵگەو بیرە نەوتییانەی لەو ناوچانەن دەبێت حكومەتی هەرێم رادەستی حكومەتی عێراقی بكاتەوە لەوانە:
-كڵێگەی نەوتی خۆرمەڵە لە هەولێر- مەخمور
-كێڵگەی شێخان لە شێخان
-كێڵگەی ئەتروش لە شێخان و ئاكری
-كێڵگەی چاسورخ 
-كێڵگەی بەجیل لە شێخان 
-كێڵگەی سوفەییە لە نەینەوا

ناوخۆی هەرێم؟

 دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تا ئێستاش زۆر خراپە، یەكێتی سورە لەسەر  هەڵوێستەكانی و پارتیش سورە لەسەر هەنگاوەكانی، ئەگەرێك هەیە یەك دوو رۆژی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بكرێت لە دوكان، بەڵام یەكێتی دەڵێت ئێمە تەنیا ئامادەی گفتوگۆین لەسەر پرسی بەغداد و ئەوەی هەرێم تەواو.

بەپێی زانیارییەكان لە چەند رۆژی رابردوودا (عەدنان موفتی و ئەرسەلان بایز)  نامەیەك بۆ مەسعود بارزانی دەنێرن، لەسەر كێشەكانی ناوخۆی هەرێم و پەیوەست بە ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی (پێش بڕیارەكانی زەیدی)، كە نامەكە دەگاتە دەست مەسعود بارزانی، داوا دەكات بیانبینێت، (عەدنان موفتی و ئەرسەلان باییز) دەچنە پیرمام بۆلای مەسعود بارزانی، باسی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەكەن، بارزانی بەڕونی پێان دەڵێت، ئەزانم بافڵ تاڵەبانی و ئەوان خەریكی چین لە بەغداد، من متمانەم بەوان نیە، سورم لەسەر هەنگاوەكانی خۆمان لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و هەنگاوەكانی تریش لە پێكهێنانی حكومەت، بارزانی ئەوەشی ووتووە" زۆر هێرش دەكەنە سەر مەسرور بارزانی كە تاكڕەوەو خۆی بڕیار دەدات، هیچی وانیە ئەوەی ئەو دەیكات و ئەو هەنگاوانەی دەنێرن، هەمووی بە بڕیاری منەو من خۆم ئەو بڕیارانەم داوە" چیش دەبێت باببێت، ئەم كۆبوونەوەیە پێش بڕیارەكانی عەلی زەیدی بووە، بەڵام دوای بڕیارەكانی عەلی زەیدی كە بارزانی ئەوەی زانیوە بافڵ تاڵەبانیش توڕەیە لە بەشێكی بڕیارەكانی زەیدی بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە هێز جوڵاندنەوەو وتویەتی قبوڵی ئەوە ناكەین، بۆیە بارزانی لەرێگەی سیداد بارزانیەوە پەیوەندی بە بافڵ تاڵەبانیەوە دەكات و پێی دەڵێت: "كاتی ئەوەیە لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەینەوەو كاری پێكەوەیی بكەین" ئەوەبوو بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركرد، بەڵام ناڕەزایی زۆری لەناوخۆی یەكێتی لێكەوتووە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی وتویەتی: ئەو هەنگاوە تەنیا بۆ پرسی هەرێمە لەگەڵ بەغداد و لەناوخۆی هەرێم تا ئێستاش سورین لەسەر هەنگاوەكانی خۆمان لەناو خۆ لەگەڵ پارتی.

یەكێتی لە ئێستادا سوورە لەسەر هەڵوێستەكانی خۆی بەرامبەر بە پارتی و بڕیارەكانی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، بە وتەی بەرپرسێكی یەكێتی" یەكێتی دەیەوێت 3 پەرلەمانتارەكەی كە بەشداری كۆبوونەوەكەیان كرد دەربكرێن، سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە" بەڵام پارتی تا ئێستا سورە لەسەر هەنگاوەكەی و بەو مەرجانەی یەكێتی رازی نیە، بەرپرسێكی یەكێتی وتی، تازە بە ئاسانی لەگەڵ پارتی رێكناكەوێن راستە ئەوان رازی بوون وەزیری ناوخۆش بدەن، بەڵام لای ئێمە جەوهەری كێشەكە مەسرور بارزانیەو بۆچونێك هەیە لەناو یەكێتی بەشداری حكومەتێك دەبین بە بێ مەسرور بارزانی، واتا ئەگەر مەسرور بارزانی ئێستا بكشێتەوە بە (24) سەعات حكومەت پێكدەهێنین، بەڵام رەنگە جدیبوونی زەیدی لەسەر بڕیارەكانی، هەڵوێستی یەكێتی و پارتی بگۆڕێت بۆ رێككەوتنی ناچاری لەهەرێم.

پێش بڕیارەكانی زەیدی و دوای كۆوبونەوەكەی 4ی مانگی پەرلەمانی كوردستان بافڵ تاڵەبانی و تیمی یەكێتی لەبەغداد و شاسوار عەبدولواحید چەند جارێك چوونە بەغداد و لەسەر زۆر پرس رێككەوتن كە موچەو بودجەی سلێمانی جیابكرێتەوەو بە شێوەی دیفاكتۆ دوو ئیدارە هەبێت لە هەرێمی كوردستان و زۆرێك لەلایەنكانیش رازیكران، بەڵام لە كۆتا هەنگاودا، تۆم باراك ریسەكەی كردەوە بە خوری "ئێستا كاتی ئەوە نیەو دەتوانرێت هەنگاوی تر بگیرێتەبەر" 

ئەم قۆناغە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر هەستیارە، قۆناغێك رەنگە هەرگیز نەچێتەوە پێش بڕیارەكانی زەیدی و پێش 4ی مانگی كۆبوونەوەی پەرلەمان، ئێستا بڕیارەكانی زەیدی چارەنووسی هەرێمی بەرەو سێگۆشەی مەرگ بردووە، جێبەجێكردنی دەبێتە هۆی شكڵیبوونی دامەزراوەكانی هەرێم و رەتكردنەوەشی رەنگە هەرێم دووچاری چارەنوسێكی نادیار بەرێت.

ئەمەش هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی كردووە بە دوو بەشەوە:

 - هەندێك پێییان وایە ئەمەی زەیدی دەیكات دژی هەرێم ئەمە شەڕفرۆشتنە، ئەگەرنا بۆچی سەركردەكانی عێراق هەمووی قاچاغچی و ملیاردێر و دزنین؟؟، هەموویان میلیشیان نیەو گەندەڵ نین، كێ دۆخی عێراقی بەو دەردەبرد، سودانی و مالكی و عەبادی و خەزعەلی و ئەوان نین؟، بۆچی زەیدی لێپرسینەوە لەوان ناكات، پێچاویەتییە هەرێمەوە، كەواتا هەنگاوەكانی زەیدی هەنگاوێكی ئاسایی نین، هەوڵێكە بۆ لەقاڵبدانی هەرێم هاوشێوەی رۆژئاوای كوردستان، ئەندازیارەكەی تۆم باراك و فایەق زەیدان و بە پێخۆشبوونی ئێران و توركیا كە پێیان وایە هەرێم دومەڵێكە لەبەردەم لوتیاندا، پێویستە نەمێنێت. 

- دیوێكی تر شەڕی نەوت و غازە كە ئەمریكا خۆی سەرپەرشتی دەكات لەناوچەكەو ئەو هەموو نەوت و غازە لەژێر دەستی بەرپرسانی هەرێمدا پێویستە لەژێردەستیان دەربهێندرێت. 

- هەندێكی تری هاوڵاتیان كە دڵخۆشن بە بڕیارەكانی زەیدی پێیان وایە بەڕاستی ئێستا كاتی گۆڕانكاری و رزگاركردنی هەرێمی كوردستانە لەژێر دەستی ئەو بەرپرسە گەندەڵانەی هەرێم كە دەیان ساڵە نەوت دەبەن و پارە دەبەن بۆ خۆیان و منداڵ و كوڕەكانیان، 
- ئەوان دەڵێن ئێستا گۆڕانكاری نەكرێت كەی دەكرێت؟، بە وتەی زەیدی بەرپرسێكی كورد (14) ملیار دۆلار و یەكێكی تر (32) ملیار دۆلاری لە حیساب بانكی بێت، ئەمانە هەمووی پارەی میللەت و موچەی موچەخۆرانە، كە لە (11) ساڵی رابردوودا تا ئێستا (18) موچە نەدراوە كە نزیكەی (17) ترلیۆن دینار دەكات (34) موچە بە پاشەكەوتەوە دراوە (10) موچە بە لێبڕینەوە، كۆی پارەی موچەخۆران كە حكومەتی خەرجی نەكردووە (24) ترلیۆن دینارە جگە لە (6) ترلیۆن دیناری (تەرفیع) بەرزەموچە، سەرەڕای ئەوەی یەك مانگ موچە لەكاتی خۆی نەهاتووە (45) رۆژ و (60) رۆژ و تا (92) رۆژیشی خایاندووە، ئەوە كەی حوكمڕانیە،

- حوكمڕانییەك كە هیچ پەیوەندی بە هاوڵاتی بوونەوە نەبێت و حزب خۆی حكومەت بێت، خۆی مودیر و كارگوزار و فەرمانبەر دابنێت و كۆمپانیا حزبییەكان دەستبەسەر تەواوی بازاڕو سەرمایەدا بگرن، ئەوە كەی حوكمڕانیە ئەوە پێی دەوێترێت (كلیپتۆكراسی) حوكمڕانی چەتەكان، ئەمڕۆش نەبێت سبەی هەر دەڕوخێت، زەیدیش نەیروخێنێت، یەكێتی و پارتی خۆیان بەم سیاسەتانەیان كۆتایی بە هەرێمەكە دەهێنن. 

- ناكرێت لە هەرێمێكدا (57) بلۆكی نەوتی و (3) بلۆكی غازی هەبێت و نەوت بە ئەفغانستان و پاكستان و توركیا و ئێران بفرۆشێت و خاوەنی (4) پاڵاوگەی زەبەلاح بیت، بەنزین و نەوتت نەبێت، ناكرێت بەرمیلی نەوت بە كەمتر لە (60) دۆلار بە پاكستان و ئەفغانستان بفرۆشیت و لەناوخۆدا بەرمیلێك نەوتی سپی بە (390) هەزار دینار بێت، ناكرێت لە پاڵاوگەی كارو بازیان نەوت بۆ كەركوك و موسڵ و سەڵاحەدین بپاڵێویت لەوێ بەرمیلی بدەنە (30) هەزار بە هاوڵاتیان لە بازاڕةكانی هەرێمیش یەك دەبە بە (35) هەزار دینار بێت، لەپاڵاوگەكانی كوردستان بەنزین بۆ كەركوك و موسڵ بپاڵاوێت ئەوان لیتری بدەنە (450) دینار و لەناوخۆی هەرێمدا بیدەنە (2250) دینار، ئەمە سەرەڕای هەزاران ناعەدالەتی و بێسەرو بەری تر.

- هاوڵاتییەك كە دڵی بە بڕیارەكەی زەیدی خۆشە دەڵێت وەڵا ئێمە  كوردستان نیشتمان و خاكی خۆمان خۆشدەوێت، هەرگیز خیانەتی لێناكەین، بەڵام 35 ساڵە ناوسكمان رەشبووەوە ئەم دوو هێزە رێك دەكەون موچەو نەوتی خەڵك دەخۆن رێك ناكەوت خەڵك دەخنە مەترسیەوەو مەترسی لەسەر هەرێم درووست دەكەن.

- هاوڵاتییەكی تر دەڵێت كێ وای كرد زەیدی ئەو بڕیارە دەربكات، هاوڵاتی قاچاغی نەوت دەكات یان بەرپرسان؟، هاوڵاتی پارەی نەوت و سامانی وڵات دەبات یان بەرپرسان؟، ئەوان خۆیان هۆكارن بۆ دەركردنی بڕیارەكانی زەیدی ئیتر بۆچی گلەیی لە خەڵكی دەكەن، ئەوان ئێستا باجی تاوان و سامانی دزراو و نەوتی قاچاغ دەچننەوە كە بەرهەمەكەی بۆ خۆیان بووە، خۆیان شوقەو ڤیڵاو زانكۆ و كەناڵی زەبەلاحیان بۆ خۆیان و كۆڕەكانیان داناوە، دەبێت باجی تاوانەكانیان بدەن كە بەسەر هەرێمیان هێناوە.

-ئەوانەی كە دژی بڕیارەكەی زەیدین (ئەوانەیان لێدەربكە كە مەترسی لەدەستدانی پۆست و پلەی بەرپرسە حزبی و كەمبوونەوەی دەسەڵاتی حزبەكانیان هەیە) ئەوانی تر دەڵێن مەترسیەكەمان لە جێگەی خۆیەتی پلانەكەی زەیدی تەنیا بە دەروازە سنورییەكان و كێڵگە نەوتییەكانەوە ناوەستێت و ئەوەی دەیكات پلانێكی روونە بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانیش روونە (نمونەی رۆژئاوای كوردستانیش) لەبەرچاوە، كە پێشتر ئەمریكا بە پارەو چەك پشتوانی رۆژئاوای كرد، لەپڕدا پارەو چەكی وەستاند و گڵۆپی سەوزی بۆ سوریا و توركیا هەڵكرد، وڵاتانیش بێدەنگ بوون، ئەم ئەزموونە خەریكە بۆ هەرێمیش راست دەردەچێت، لە هەردوو ئەزموونەكەدا كارەكتەرە سەرەكییەكە تۆم باراكە، بێدەنگی هەموو لایەكە، رازی بوونەكە توركیا و ئێران و وڵاتانی ناوچەكەیە، هەمان تویت لە ترەمپەوە" پشتیوانی تەواو لە بڕیارەكانی ئەحمەد شەرع دەكەم بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو لایەكدا" بۆ بڕیارەكانی زەیدیش توێتەكەی ئەمڕۆی ترەمپ" پشتگیری لە هەوڵەکانی زەیدی دەکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرانسەری عێراقدا و راگرتنی بەقاچاخبردنی نەوت".

چی دەكرێت؟

بەهەموو پێوەدانگێك نە سیاسەتی ناوخۆی هەرێم، نە رای گشتی و سیاسەتی عێراق، نە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەمریكا لەبەرژەوەندی كورد نیە. ئەگەر بەرپرسانی هەرێم خەمی هەرێمیان دەبێت چەند رێشوێنێكی بەپەلە بگرنە بەر: 
-پێویستە هێڵی یەكەمی سیاسەتكردن لە كوردستان كە شكستی هێناوەو تۆمەتبارە، بێنە دواوەو هێڵی دووەم بچێتە پێشەوە كە لە سیاسەتمەدارو شارەزای یاسایی و دڵسۆزو ئاساییە كەسانی حزبی و كارەكتەری مەقبولبن لە ئاستی عێراق و هەرێمایەتی.
-كورد پێویستی بە بیركردنەوەیەكی ئارام هەیە، دەبێت ژووری عەمەلیاتی هاوبەشی هەبێت بۆ ئیدارەدانی دۆخەكە، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە.
-ئەوەی زەیدی داوای دەكات بە گفتوگۆو لێكتێگەیشتن، دوور لە موزایەدەو "قبوڵی ناكەین" ناكرێت، گفتوگۆ لەگەڵ زەیدی بكەن بۆ سوككردنی بڕیارەكانی زەیدی بە جێبەجێكردنەوە، چونكە وەك خۆی دەڵێت "دەبێت جێبەجێبكرێت".
-كورد ئێستا هیچ كارتێكی ناوخۆیی نێودەوڵەتی و دۆست و پشتیوانییەكی بەدەستەوە نیەو هەمووی لەدەستداوە، دەبێت لەسەرەتاوە دەستپێبكاتەوە چۆن؟ 
-یەكەم هەنگاو گفتوگۆ لەگەڵ زەیدی بۆ شێوازی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی بەكەمترین زیان لەسەر پێگەو ناووبانگی هەرێم، كە یەكێتی و پارتی نابوتیان كردووە. 
-گفتوگۆی ناوخۆیی و هەوڵدان بۆ رەوینەوەی كێشەناوخۆییەكان، دوور لە لوتبەرزی و عینادی، بەهەموو هێزە سیاسیەكانەوە، بەبێ گفتوگۆی ناوخۆیی و رەوینەوەی كێشە ناوخۆییەكان هیچ هەنگاوێك سودی نیە.
-داننان بە هەڵەكان، لە قاچاغچێتی، بردنی سامانی گشتی، ناعەدالەتی ، پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینە بەشەراكەت، كە رەنگە پێویست بە دووركەوتنەوەی مەسرور بارزانیش بكات، وەك چۆن ساڵی 2017 دوای ریفراندۆم مەسعود بارزانی دەستیلەكاركێشایەوەو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی دابەشكرد.
-رەنگە لەم قۆناغەدا پێویستی بە یەك حكومەت و یەك ئیدارەو پەرلەمان هەبێت، شێوە لامەركەزی و دەسەڵاتی ناوچەیی هەبێت.
-بەشێك لەم هەنگاوانە بەدوور دەزانرێت، بۆیە ئەگەر بەشێك لەم هەنگاوانە نەنرێن، رەنگە شتێك نەمێنێت بەناوی هەرێمی كوردستان.
-دەكرێت هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بە یەكگرتوویی و گوتارێكی یەكگرتووەوە بتوانن فشاری جدی بكەن بۆ گۆڕانكاری، كە ئامانجی ئەوانە، دەتوانن هەموویان تواناكانیان یەكبخەن و فشاری جدی بكەن لە یەكێتی و پارتی، بەڵام لە ئێستادا گوتارەكەیان تەنیا هەوڵە بۆ ناوبژیوانی نێوان پارتی و یەكێتی نەك نەیارێكی رادیكاڵی ئەو هێزانەبن خۆیان بە بەدیل نەناساندووە، ئەمەش شەرمێكە دەبێت تێی پەڕێنن..!!. (هەندێكیش دەڵێن ئەم شێوازە مامەڵەیەی ئۆپۆزسیۆن لەم دۆخەدا بەرپرسیارانەیە) زۆر بە حەزەرەوە مامەڵە دەكەن، ترسیان لە تۆمەتی خیانەتبوون هەیە، ناشیانەوێت ببنە بەشێك لە ئەجێندای دەرەكی. 

-بەمشێوازە رەنگە بۆخۆیان هەنگاوو كاری گەورەبێت، بەڵام هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان كە دژی ناعەدالەتی و دەسەڵاتی یەكێتی و پارتین چاوەڕوانی ئەوەیان لێناكرێت لەم قۆناغەدا ببنە بەدیلی یەكێتی و پارتی، چونكە ئەوان هێز و پارەو دەسەڵاتیان لایە، بیرمە ساڵی 2018 دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و ریفراندۆم كە دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی لاواز بووبوو، لە زانكۆی ئەمریكی لەگەڵ كونسوڵی ئەوكاتی ئەمریكا (ستیڤن فەیگن) كۆبووینەوە چەند كەسێك بووین لەسەر داوای خۆیان، لە كۆتاییدا من وتم ئێوە سەرنجێكم هەیە، ئێوە هەر پشتیوانی لە دەسەڵات دەكەن بەتایبەت لە یەكێتی و پارتی ئێوە راتان گرتوون ناتانەوێت گۆڕانكاری لە هەرێم درووست بێت، ئەو وتی شتێكت پێدەڵێم بەس بۆخۆت" ئێمە سەردانی هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانمان كرد، هەستمان كرد ئەوان خەونی گەورەیان نیە، بیركردنەوەیان لە زۆر شتدا نزیكە لە یەكێتی و پارتی، بۆیە پێمان وایە ئەمان بەدیلی دەسەڵات نین لە هەرێم".

-هەندێكیش دەڵێن، دۆخی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێك دەبێت خراپ بكرێت، بۆ ئەوەی چاكبكرێتەوە، واتا كێشەكان هێندە زۆرن قەیرانەكان هێندە قوڵن بە پینەكردن چاكناكرێن، وەك دەستێكی گیراوە وایە، دەبێت بشكێندرێتەوە بۆ ئەوەی لە بنەڕەتەوە بە دروستی چاكبكرێتەوە.

ئێستا چی؟ 

دۆخی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێك، ناكۆیەكانی یەكێتی و پارتی، قاچاغی نەوت، ناعەدالەتی و دۆخی موچەو نەوت و بەنزین و چارەنووسی هەرێم، هاوڵاتیانی كردووە بە دوو بەشەوە:
-بەرگریكردن لە بڕیارەكانی زەیدی بەواتای وەستانەوە لە دژی ناعەدالەتی و قاچاغی نەوت و دەسەڵاتی بنەماڵەیی كە هەموو شتێكیان قۆرغكردووە.
-دژی بڕیارەكانی زەیدی واتا بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی و قاچاغی نەوت و سامانی وڵات (ئەگەرنا بۆچی خۆیان دژی نابن، بۆ رێگە دەدەن دەرەوە دەستوەردان بكات)
-رێگەی سێیەم بەرگریكردنە لە چارەنووس و داهاتووی هەرێمی كوردستان، نیشتمانیانەو كوردانە، كۆتاییهێنان بە قۆناغی قۆرخكاری دەسەڵات و بنبڕكردنی دزی و قاچاغچیێتی و سامانی وڵات بۆ هاوڵاتیانی نەك بۆ حزب و كوڕو بنەماڵەكان (نیشتمانێك، كە دەنگی خەڵك بڕیاردەربێت، نەك حوكمڕانییەكی حزبی و پەرلەمانێكی بێ هەیبەت)
-ئەگەر یەكێتی و پارتی قۆناغێكی نوێییان دەستپێكرد (كە ئەستەمە) كوردستان ئەم تەنگەژەیە تێدەپەڕێنێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لەسەر عینادی و مۆنۆپۆڵی هەمووشتێك رەنگە یەكێتی و پارتی هەرێمی كوردستانیش بەخۆیانەوە بسوتێنن.!!!!
عەبدوڵا پەشێو دەڵێت: ئێمە لەناو بەیتونێكین دوو ئەسپی كوێر رایدەكێشێت


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن