13وتار

1ـی مانگ چی ڕوودەدات

11/28/2026 11:58:00 AM
تێکۆشەر حسێن

کۆمەڵێک ڕووداو وپێشهات بەخێرایی ڕوودەدەن، ئەگەر بچینەوە ڕووداوەکانی ڕابردووی ساڵی پار ئەوەی کە لەڕۆژئاوا ڕوویاندا، بەتایبەت دوای ئەوشەوەی کە تۆمباراک هاتە هەولێر بارزانی باوک وبارزانی کوڕو مەزڵوم عەبدی هەموویان پێکەوە دانیشتن، هەر ئەوەشەوە دەم وچاوی هەمووان هەموو ئەو شتانەیان پێگوتین.

بەڵام با بەو پرسیارە بچینە نێو تەواوی ئەو ڕووداوانە، باشە بۆچی ئەوکات بافڵ تالەبانی لەو دانیشتنەدا ئامادە نەبوو؟

هەندێک کەس ولایەن، پێیان وابوو، کەوا بافڵ تاڵەبانی بانگهێشت نەکرابوو، ڕەنگیشە هەروابووێت، هەڵڵایەکی ئیعلامی گەورە وماکینەیەکی گەورەی ناشیرنکردنیان دژی ئەو لەسۆشیال میدیا دەست پێکرد، بەوەی کە ئێمە خەریکی چین، ئەوانیش خەریکی چین؟
جارێ پێشتر بڕیارمەدە، زۆرجار شت دەنووسم، زۆرینە دەڵێن لایەنگیری یەکێتیت پێوە دیارە، دوور ناڕۆین بۆئەوەی کەمێک ئەوە بڕەوێتەوە، لەو کۆتاییانە دوای کاراکردنەوەکەی پەرلەمان، بینیمان بافڵ تاڵەبانی گوتی؛ ببین ئەوان خەریکی چین وئێمەش خەریکی چین...
لێرەوە کەمێک بەرچاوڕوونی دروستەبێت کەڕووداوەکان زۆرینەیان پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، چۆن؟
یەکەم ـکاراکردنەوەکەی پەرلەمان
لای هەمووان مەعلوم بوو، تەنانەت بەلای کادیرانی پارتیشەوە دیار بوو، ئەو پەلەپڕوزێیە لەو دانیشتنە دیاربوو کە موزەییەفە وهیچ ئەرزشێکی نەبوو، دەریشکەوت وپشتگوێش خرا، پارتیش خۆی ئێستا ئەوە باش دەزانێت.
پەرۆشی دامەزراوە شەرعیەکان، یانیش پێکهێنانی حکومەت نەبووە، بەڵکو کاتەکەیان لێنزیک بوویەو کەوا لەهەمان شەوەکەی دانیشتنەکەی تۆمباراک پێیان گوتراوە بۆ ساڵی ئاییندە ئێوەش خۆتان ئامادەبکەن. 
ئەمریکاش لەڕێگەی عەلی زەیدییەوە کارنامە وئەجێنداکانی خۆی لەو هەرێمە جێبەجێ دەکات.
دووەم ـپەرلەمانتارەکان 
ڕووداوی بەشداریکردنەکانی پەرلەمانتارەکانی دیکەی دەرەوەی فڕاکسیۆنی پارتیش، بۆ هەندێکیان ترس وبۆ هەندێکیشیان کڕین وفرۆشتن بوو، بۆ هەندێکیشیان نەزانی وبۆ هەندێکیشیان نەنگی بوو، ئەشکرێت لەوێش دیسان هەندێکیان تەڵەیان تەقاندبێت بە پارتی تاوەکوو دانیشتنەکە نیسابی یاسایی خۆی تەواوبکات.
ئەوەیان زۆری لەسەرنووسرا وزۆری لەسەر گوترا

سێیەم ـ واژۆکۆکردنەوەکانی بەهەرێمکردنی سلێمانی

 ئەوەیان تەنها مەشغوڵکردن وسەرقاڵکردنێک بوو، کەف وکوڵێک بوو وکۆتایی پێهات وبێئەرزش بوو...
بەڵام، لێرەشدا؛ دەکرێت بابەتی دوو ئیدارەیی ودووهەرێمی بەئەنقەست فڕێدرابێتە گۆڕەپانی سیاسەت وشەقامی کوردی، بۆئەوەی بۆ عێراق ببێتە بەربەست، فریای بڕیارەکان نەکەوێت. بەڵام دادی نەدان.

چوارەم ـ بڕیارەکانی عەلی زەیدی

 بەڵام عەلی زەیدی زۆر لەوان زیرەکتربوو، خەیاڵتان خاوە بۆ بەهەرێم کردن وئاڵۆزکردنی زیاتری کێشەکان، تەنانەت هەستان بەهێرشکردنە سەر کۆرمۆر، 
بۆ ئەوەی پڕۆسەکە خاوبکەنەوە، دواتر چی...

پێنجەم ـ پێکنەهێنانی حکومەت 
بۆ ئەمەیان یەکێتی وپارتی هەر لەدوای هەڵبژاردنەوە خۆیان چاک دەیانزانی حکومەتیان بەم جۆرە پێ تشکیل نابێت، چ بە عینادی سیاسی پارتی بێت، یانیش استحقاقی هەڵبژاردنی یەکێتی بێت، ناگەنە یەک...
بۆیە موماتەڵەیان بەکات دەکرد

شەشەم ـ سوربوونی یەکێتی لەهەندێک بابەت ودانوساندا
چونکە بەرچاوی هەردولایان ڕوونبوو، بۆیە هیچ سازشێک لەلایەن هیچیانەوە نەبوو، تەنانەت پارتی هەر نەشی دەویست دانیشتن لەسەر ئەو بابەتە بکرێت..

حەوتەم ـ لێکچوونی دووبارەبوونەوەی هەمان ڕووداوی 16ـی ئۆکتۆبەر
لەڕووداوی 16ـی ئۆکتۆبەردا پارتی ماکینە ئیعلامیەکانی خۆی خستەگەڕ کەوا یەکێتی خیانەتی کرد وکەرکوک وناوچەدابڕێنراوەکانی ڕادەستی عێراق کرد، لەکاتێکدا فەرماندەی گشتی هێزه چەکدارەکانی ئەوکات، کاک مسعود بوو، پێشتر پارتی خۆی شەنگالی ڕادەست کردبوو، دیاریش بوو ئەوکات یەکێتی لەکەرکوک شەڕی کرد وشەهیدی زۆریشی دا، بەڵام ئەوکات پارتی هێزەکانی خۆی بەرەو هەولێر کشاندەوە، ئەوکات یەکێتی نەیتوانی ۱٦ـی ئۆکتۆبەر لەکۆڵ خۆی بکاتەوە، ئێستاکەش هەمان شت وهەمان سیناریۆ لەگۆڕێن، بەڵام بابەتەکە کەمێک جیاوازترە مەسەلەکە خاک نیە، بەڵکو تەنها خاڵە سنوری ودەروازە سنوریەکانن لەگەل هەندێک کێڵگەی نەوت، بە دوو پاکێچ بۆ کێڵگە نەوتییەکان، چ ئەوانەی لەدەروەی سنوری ئیدارەی هەرێمن، چ ئەوانەشی کە لەسنوری هەرێمی کوردستانن...

هەشتەم ـ بڕیارەکانی عەلی زەیدی چۆنن
بڕیارەکان چ دەڵێن؛ دەڵێت ئەبێت هەناردەی نەوت خۆم بڕیار بەدەست بم لێی، خۆ ناڵێت ناهێڵم نەوت بڕوات، دەڵێت؛ ناهێڵین ئێوە بەقاچاغ نەوت بنێرنە دەرەوەی هەرێم، و بیفرۆشن وبیخەنە گیرفانی خۆتان وبنەماڵەکانتان ونەوە ونەتیجەکانتان...
نۆیەم ـ هەردوولا چ پارتی وچ یەکێتی ڕازین بەهەموو بڕیارەکان، چونکە ناتوانن ڕازی نەبن. هەردوکیشیان لێکدیکە بەفێڵن، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتی براوەیە، چونکە کاتی هەڵبژاردنەکان، بافڵ تاڵەبانی گوتی؛ 
مەگەر بەسەر جەستەی مندا غازی کۆرمۆر هەناردەی دەرەوەبکرێت، ئێستا نەوتەکەیان لەدەست چووە، نەوتەکە تەواو کە لەژێر دەسەڵاتی پارتی بوو، بەڵام غازەکە ماوە، ئەوەش بافڵ نەیشاردۆتەوە کەوا با بخرێتە خزمەت خەڵک، زیادەکەش با عێراق کەموکوڕیەکانی خۆی پێپڕبکاتەوە. بابەتەکە بەم جۆرەیە؛

بەشی خۆم بۆ خۆم، بەشی تۆش دەخۆم...

دەیەم ـ لەکوێوە دەست پێبکرێت
باسلەوە دەکرێت کەوا قسە لەسەر ئەوەش کراوە بالێرەوە دەست پێبکرێت، بەعەمدەنیش باسەکە تێکەڵ بەغازەکەش دەکرێت، بەڵام بافڵ زیرەکە وئاگای لە هەمووشتێکە تازە ناوەندەکان بەهێز دەکرێنەوە. 
یانزەهەم ـ ئەی بەیانە هاوبەشەکە چی بوو؟
لەوێدا دیسان یەکێتی زیرەکانە بڕیاری دا بە هاوبەشی پێکردنی خۆی لەگەل پارتی، ئەگەر وانەبووایە ئەوکات دیسان دوورنەبوو وەکو ۱٦ـی ئۆکتۆبەر بکەوێتەوە بەر نەشتەر ولێشاوی هەڵڵا ئیعلامیەکەی خیانەت. بەڵام پارتی نەیپێکا، وە هەوڵی ئەوەشی ئەدا بە کۆکردنەوەی خەڵک وخۆپیشاندان، ولەهەمانکاتیشدا ناشیرنکردنی زۆنی سەوز وخەڵکی سلێمانی بە تۆمەتی دووکەرتبوون ودوولەتکردنی باشور، لەکاتێکدا ئەوە ڕوونادات، عێراقیش بەم جۆرە نایەوێت، عێراق ئەوانی یەکخستەوە لەوبابەتە، بەڵام بەتاکتیکێکی دیکە، یەکێتیش سیحرەکەی پارتی بەتاڵکردەوە لە بەتەخوینکردن. 

دوانزەهەم وکۆتایی؛
بەیانەکەی بافڵیش بخوێننەوە، خۆی شتێک دەڵێت وبەیانە هاوبەشەکەی نێوان یەکێتی وپارتی شتێکی دیکەیە.
لە بەیانەکەی خۆیدا، دەڵێت؛
" لەهەمان کاتدا، سەقامگیری ڕاستەقینە پێویستی بەلێپرسینەوە هەیە، ئێمە بەتەواوی بڕوامان وایە کەشەفافیەت بەردی بناغەی حکومڕانی بێت، گەندەڵیش متمانەی گشتی لاواز دەکات...."
لێرەدا دەردەکەوێت؛ هەردووک لا چ یەکێتی وچ پارتیش بەئامانج گیراون لەو پڕۆسەیە، بەڵام پارتی پشکی شێری بەرکەوتووە لەو هەموو تهریب وبەهەدەردانە. چونکە هەموو جومگە سەرەکیەکان وهەرسێ سەرۆکایەتیەکە بەدەست ئەوەوە بووە، یەکێتیش لە مەرزەکان وبەقاچاغ بەڕێکردنی نەوت بۆ دەرەوەی هەرێم موستەفید بووە. 
لەو بانگهێشتەی سەرەتای مانگی نوێش، بچن ونەشچن هیچ لەمەوزوع ناگۆڕێت، هەموو شتێک کۆتایی هاتووە...
ڕەنگیشە لەداهاتوودا مەلەفی پێشمەرگەش بهێنرێتە گۆڕێ، بەوەی لەچوارچێوەی مەنزومەی دەوڵەتی عێراق بەچ میکانیزمێک جێیان بکرێتەوە....


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن