ڕێکارەکانی (علي الزيدي) و بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٢٦٨/اتحادية/٢٠٢٦)
11/28/2026 12:12:00 PM
بڵند دلێر شاوەیس
بڕیارەکانی (علي الزيدي) سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان پلانێکی ورد و ستراتیجییە، زنجیرە ڕێکارێکی دەستوری، یاسایی، کارگێڕی یەک لەدوای یەکن، بە دروشم و وتاری سۆزداری بەرپەرچ نادرێتەوە.
ڕێکارە سیاسی و کارگێڕی و داراییەکانی (علي الزيدي) عەقڵێکی دەستوری و ڕاوێژکاری یاسایی بەتوانا و کەسانی سیاسی خاوەن ئەزموونی دەوڵەتمەدارانەی لە پشتەوەیە، هەنگاو بە هەنگاو لە ڕێگای بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتیحادی پاڵپشتی دەکرێت و شەرعیەتی دەستوری پێدەدرێت، بەرەنگاربوونەوەی بڕیارەکانی (علي الزيدي) خوێندنەوەی قوڵ و تیمی شارەزا و بە ئەزموونی دەوێت.
جگە لەوەی ململانێ ناوخۆییەکانی نێو ماڵی شیعەی دامرکانەوە و ناڕەزایەتی گروپەکانی حەشدی شەعبی و پرسی (جرف الصخر)ی لەبیر هەموو لایەک بردەوە و کۆدەنگی شەقامی عێراقی لەگەڵە جگە لە کورد.
دادگای باڵای ئیتیحادی بڕیاری ژمارە (٢٦٨/اتحادية/٢٠٢٦) لە ٢٠٢٦/١١/٢٥ دەرکرد دوابەدوای نوسراوی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٣٠٥٦ / ٢٦٨٩٥٦١) لە ٢٠٢٦/١١/٢٤، کە تیایدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران "علي فالح الزيدي" سەرەڕای کارەکەی داوایەکی تۆمار کرد سەبارەت بە شرۆڤەکردنی دەقی مادەکانی (١، ١٠٩ ، ١١٠/ثانيا و ثالثا ، ١١١ ، ١١٢/اولا ، ١١٤/اولا ، ١٤٣) لە دەستوری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ز.
حکومەتی فیدراڵی داوای لە دادگای باڵای ئیتیحادی کرد پێش گرتنەبەری ڕێکارەکانی تایبەت بە (پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوریەکان و بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت و گاز و داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و بنەمای دەستوری ئەو ڕێکارانە و سنوری پسپۆڕیەتی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێم) دیاری بکات.
هەروەها حکومەتی فیدراڵی داواکارە بەگوێرەی مادەی(٩٣/ثانيا) لە دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ز و مادەی (٤/ثانيا) لە یاسای دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموار کراو و مادە (٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ دادگای باڵای ئیتیحادی شرۆڤەی مادە پەیوەندیدارەکان بکات بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێ پسپۆڕیەتییە دەستورییەکانی جێبەجێ بکات لەم پرسانەی خوارەوە:
یەکەم- پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزی چەکداری .....
دووەم- بەڕێوەبردنی دەروازە سنوریەکان لە هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتی کردنیان و دیاریکردنی سنوری پسپۆڕیەتی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێم لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوریەکانی هەرێم ....
سێیەم- بە ئەلکترۆنی کردن و گرێدانەوەی دەروازە سنوورییەکان و خاڵە گومرگییەکان بە سیستەمێکی یەکگرتوو (أتمتة المنافذ الحكومية والكمارك).
چوارەم- سەبارەت بە کێڵگەکانی نەوت و گاز، دیاریکردنی سنوری دەسەڵات و پسپۆڕیەتی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگانەی لە مادەکانی (١١١) و (١١٢/اولا) لە دەستور باسیان لێوەکراوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٥٩/اتحادیة/٢٠١٢ وموحدتھا ١١٠/اتحادیة/٢٠١٩) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٢/١٥، سەرەڕای دەرنەچواندنی یاسای نەوت و گاز بە گوێرەی مادە (١١٢/اولا) لە دەستور ......
پێنجەم- سەبارەت بە پرسی داهاتە نانەوتییەکان ( الرسوم والضرائب والرسوم الكمركية) و دیاریکردنی سنوری پسپۆڕیەتی حکومەتی فیدراڵی لەم پرسەدا لەبەر ڕۆشنایی مادەی (١١٠/ثالثا) و (١١٤/اولا) لە دەستور و یاسای (قانون الادارة المالية الاتحادي) ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩......
شەشەم- دیاریکردنی سنوری جوگرافی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی مادە (١٤٣)ی دەستور کە بەردەوامی داوە بە کارکردن بە بڕگەی (أ) لە مادە (٥٣) و مادە (٥٨)ی (قانون ادارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية)، مەبەست چییە لەوخاکانەی کە لە ڕێکەوتی ٢٠٠٣/٣/١٩ بەڕێوەی دەبردن لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، دیالە، نەینەوا...
لەم بارەیەوە دادگای باڵای ئیتیحادی بڕیاریدا:
یەکەم: سەبارەت بە پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان لە پسپۆڕیەتی دەسەڵاتی فیدراڵییە بە گوێرەی مادە (١٠٩)ی دەستور "پاراستنی یەکپارچەیی عێراق و سەربەخۆیی و سەروەری سیستەمی دیموکراتی فیدراڵی " هەروەها دەقی مادە (١١٠/ثانيا) لە دەستور کە باس لە "داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و جێبەجێکردنی، لە نێویدا پێکهێنانی هێزە چەکدارەکان و بەڕێوەبردنیان بەمەبەستی دڵنیابوون لە پاراستن و زامنکردنی ئاسایشی سنوورەکانی عێراق و بەرگریکردن لێی"
لەسەر ئەم بنەمایە پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان لە دەسەڵاتە دیاریکراوەکانی دەسەڵاتی فیدراڵییە.....
ئەمەش ناکۆک نییە لەگەڵ مادە (١٢١/خامسا) لە دەستور کە لە پسپۆڕیەتی حکومەتی هەرێم " پێکهێنان و ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمە وەک پۆلیس، ئاسایش، پاسەوانی هەرێم " کە پسپۆڕیەتی ئەم هێزانەش تایبەتە بە پێویستییەکانی بەڕێوەبردن و ئاسایشی ناوخۆ...
دووەم: پسپۆڕیەتی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان لە سەرپەرشتی کردن و چاودێری کردن و کۆنترۆڵکردنی کاری فەرمانگەکان لەسەرجەم دەروازە سنوریەکان لە عێراقدا بە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بە گوێرەی حوکمەکانی یاسای دەستەی دەروازە سنوریەکان ژمارە (٣٠) ساڵی ٢٠١٦ (هيئة المنافذ الحدودية رقم ٣٠ لسنة ٢٠١٦) و ياسا پەیوەندیدارەکانەوە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی مادە (١١٤/اولا) لە دەستور سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی کە ڕێک نەخراون لە هەرێمدا.
سێیەم: دامەزراندنی سیستەمێکی نیشتمانی یەکگرتوو بۆ یەکخستنی دەروازە سنوریەکان و گومرگەکان و گرێدانەوەیان بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی بە وەزارەت و دەستە فیدراڵییە تایبەتمەندەکانەوە لە هەموو عێراقدا، لە نێویاندا دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دانانی پێوەر و ڕێکاری هونەری و دارایی و گومرگی پێویست بۆ بەکارخستنیان دەکەوێتە نێو پسپۆڕیەتی دەسەڵاتە فیدراڵیەکان لە داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە سنوری هەرێم و پارێزگاکان بە گوێرەی مادەی (١١٠/ثالثا) لە دەستور ، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەو هەماهەنگییەی لە مادە (١١٤/اولا) باسی لێوەکراوە.
چوارەم: بەڕێوەبردنی نەوت و گاز کە دەردەهێنرێت ئەنجام دەدرێت بە گوێرەی مادە (١١٢/اولا) لە دەستور لەلایەن حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی بەرهەمی دەهێنن، هەروەها بە گوێرەی مادە (١١١)ی دەستور نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و ئەو لایەنە چاودێرییە فیدراڵییانەی تایبەتمەندن دەسەڵاتی دەستوری و یاسایی خۆیان پەیڕەو دەکەن لە سەرپەرشتی کردن و چاودێری کردن و وردبینی کێڵگەکان و کارەکان و گرێبەستەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و دەرهێنانیان و بەبازاڕکردنیان و هەناردەکردنیان بە گوێرەی دەستور و یاسا بەرکارەکان و بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٥٩/اتحادیة/٢٠١٢ وموحدتھا ١١٠/اتحادیة/٢٠١٩) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٢/١٥، لەگەڵ ئەنجامدانی گرێبەستەکانی پەیوەست بەم پرسە لە ڕێگای لایەنی تایبەتمەندەوە.
شایانی باسە بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٥٩/اتحادیة/٢٠١٢ وموحدتھا ١١٠/اتحادیة/٢٠١٩) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٢/١٥ یاسای نەوت و گازی هەرێم (ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٧)ی هەڵوەشاندەوە و بە نادەستوری ئەژماری کرد و دۆسێی نەوت و گازی تەسلیم بە حکومەتی فیدراڵی کرد.
پێنجەم: بە گوێرەی مادەی (١١٠/ثالثا) لە دەستور، دەسەڵاتە فیدراڵیەکان سیاسەتی دارایی و گومرگی دادەڕێژن و پێوەر و تەعریفەی گومرگی یەکگرتوو دیاری دەکەن و سەرپەرشتی داهاتە گشتییە کۆکراوەکان لە رسومات و باج و داهاتە نانەوتییەکان لە هەموو عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکات، لەگەڵ وردبینی و تاوتوێ کردنی و گێڕانەوەی بۆ خەزێنەی گشتی (خەزێنەی فیدراڵی) بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، بە شێوەیەک ناکۆک نەبێت لەگەڵ مادە (١١٤/اولا) لە دەستور سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی کە ڕێک نەخراون لە هەرێمدا و بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (٢٢٤ وموحدتھا ٢٦٩/اتحادیة/٢٠٢٣) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٤/٢/٢١.
شەشەم: سنوری جوگرافی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی حوکمەکانی مادەی (٥٣/أ) لە (قانون ادارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية) كە مادە (١٤٣)ی دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ز بەردەوامی پێداوە، بریتییە لەو خاکانەی حکومەتی هەرێم بەڕێوەی دەبردن لە ڕێکەوتی ٢٠٠٣/٣/١٩ لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، دیالە، نەینەوا.
کە نابێت پسپۆڕیەتی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان ئەو ناوچانە تێپەڕێنێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی مادە دەستورییەکانی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان کە لە مادە (٥٨) ی (قانون ادارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية) و مادە (١٤٠)ی دەستور هاتووە.
حەوتەم: بەڕێوەبردنی ئەو خاکانەی کەوتۆتە دەرەوەی سنووری جوگرافی دیاریکراوی پسپۆڕیەتی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی، هەریەکە و بە پێی تایبەتمەندی دەستوری و یاسایی خۆی، ئەمەش بەو مانایەی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم بۆ ناوچەکانی دەرەوەی سنووری دیاریکراوی خۆی بە شێوەیەکی کرداری هیچ پسپۆڕیەتییەکی دەستوری پێنابەخشێ.