بێ نەوشیروان مستەفا نوسینی مێژووی سلێمانی ناكامڵە كتێبەكانی نەوشیروان مێژووی راستی شارەكە دەردەخەن.
9/28/2026 1:40:00 PM
محەمەد نوری
هیچ هەڵەیەكی تێیدا نییە كە بنوسین لەدوای ئەمین زەكی بەگەوە هیچ كەسێك نەیتوانیوە هێندەی نەوشیروان مستەفا مێژووی سیاسیی وكۆمەڵایەتی وئەدەبی ورۆژنامەگەری سلێمانی بنوسێتەوە.
نەوشیروان مستەفا
زۆر زیاتر ئەمین زەكی بەگ تێدەپەڕێنێت ،ئەو لەرێی سەردەمی قەڵەم ومورجەعات ومیرایەتی بابان لەنێوان بەرداشی رووم وعەجەم و كتێبی رۆژنامەی ژیان وزیندوكردنەوە پێشەكی نوسین بۆ رۆژنامەی دیاری كوردستان ولێكۆڵینەوە تیروتەسەلەكەی لەبارەی مەولانا خالید و بنەماڵەی ساداتەوە ،توانی مێژووی سلێمانی لەهەموو روەكانەوە بنوسێتەوە.
ئەم سیاسییە بەئەزمون وپیاوە خوێندەوارە بەرخانەقاییە(بەو بنەماڵانە دەوترا كە خەڵكی گەڕەكی سەرشەقام كۆڵانی بەرخانەقای مەولانەن)
جگە لەنوسینەوەی مێژووی نەوتراوی سلێمانی ،هەنگاوێكی گەورەشی نا بۆ زیندوكردنەوەی ئەو شێوە زارە سلێمانییەی كە لەشارەكە قسەی پێ دەكرا،نەوشیروان بەرگی نوسینی دا بە زمانی ئاخاوتن.
ئەگەر نوسینەكانی بخوێنیتەوە بۆت دەردەكەوێت ئەم پیاوە بەشێوەزاری سلێمانی دەنوسێت.
بۆیەنوسینەوەی مێژووی سلێمانی قەرزاری تەواوی قەڵەمەكەی نەوشیروان مستەفایە.
بیرم دێت هەندێ نوسینی رەخنەیەم لە مەلیكی كوردستان گرت(شێخ مەحموودی حەفید)كە چوومە لای رەخنەیەكی زۆری لێگرتم،پێشنیاری چەند كتێبێكی بۆكردم لەسەر ئەزمون و ژیانی یەكەم مەلیكی كوردستان،تێبینی و سەرنجەكانی ئەو ئەوەندە ورد وپڕ زانیاری بوون وایكرد دوبارە بە نوسینەوەی بابەتەكانمدابچمەوە لەسەر مەلیكی كوردستان ، دێڕێكم بۆ دەربكەوێت كە غەدری نوسین لەمێژووی شیێخ مەحموود كراوە.
كتێبی میرایەتی بابان لەنێوان بەرداشی روم وعەجەم ،یەكێكە لەو سەرچاوە گەورە و مەزنانەی كە مێژووی ناكۆكی و ململانێی دەسەڵات و بەركەوتنی بابانێكان بەسەرچاوەی نوێ و بۆچونی تازە نوسییەوە.
نوسینی لێكۆڵینەوە گرنگ وگەورەكەی لەبارەی مەولانا خالیدی نەقشەبەندی خاڵێكی وەچەرخانی گەورەی كەشفكردنی ژیانی مەولانا خالیدی دەربەدەركراو.
كە زۆر لەنوسینەكەی مەلاكەریمی مودەریس لەبارەی مەولاناوە پڕتر وجیاوازتربوو.
سەردەمی قەڵەم وموراجەعات گەوهەرێكی ناوكتێبخانەی كوردییە لەسەر سەرەتای دروستبوونی سەردەمی بەرگریكردن بەهەڵویست ونوسین لەمەسەلەی كوردبوون دەردەخات.
تێگەیشتن لە سلێمانی لەروویی مێژوو وكەلتور وبەركەوتنە سیاسیی وكۆمەڵایەتییەكان بێ خوێندندنەوەی نەوشیروان مستەفا نەك لەق دەبێت بەڵكو خاڵی وبەتاڵ وبۆشە.
لەمێژووی سلێمانیدا نەوشیروان جگە لە سیاسییەك كە دروستكەری بیرۆكەی جوڵانەوەیەكی نوێی خەباتكردن بووە لە هەفتاكانی سەدەی پێشوو ،توێژەر ونوسەرێكە كە بێ زیادەڕویی راگر ونوسەری مێژوەكەیەتی.
چۆن شیعری كوردی لە سلێمانی بە نالی دەستیپێكرد وبەمردنی شێركۆ بێكەس قفڵ لە دەرگای شیعر تێیدا درا.
نوسینی مێژووی تەواوی سلێمانیش بە نەوشیروان مستەفا دەستپێكرد، ئەو ئەوەی نەوترابوو باسی كردوە و ئەوەی دەبێت بوترێت نوسیی.
سلێمانی ونەوشیروان دوو دوانەن كە تەواكەری یەكن. نەوشیروان بەقەڵەمە پڕ زانیارییە مێژووییەكانی لەسەر شارەكە و سلێمانیش وەك مەكان وبنكەی ژیانی ئەو قەڵەمە.