165 کوردستان

هەرێم کەمال ئاغا مژدەی هاتنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری راگەیاند

03:28 - 24/09/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بڕیایریدا، بە ڕادەستکردنی بڕی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بە حکومەتی هەریم بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٦، هەرێم کەماڵ ئاغا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنرانی عێراق ڕایگەیاند: دوای هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر بۆ بەدواداچوون بۆ قەیرانی سوتەمەنی بە تایبەتی ماددەی بەنزین لە عێراق و هەرێمی کوردستان و دیراسەکردنی هۆکارەکانی ئەم قەیرانە ، لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق هەستاین بە پێکهێنانی لێژنەیەکی لاوەکی سەبارەت بە تەرخانکردنی بڕی ٥۰ هەزار بەرمیل ڕۆژانە لە نەوتی خاو لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدرال و ڕادەست کردنی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاڵاوتنی و دابینکردنی سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەنرخێکی پاڵپشتیکراو هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق .

دەشڵێت: ڕاسپاردەکان لە لایەن لێژنەکەمانەوە بەرزکرایەوە بۆ بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان و لێرەوە ڕایدەگەینین کەوا لێژنەکەمان بەردەوام دەبێت لە بە دواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕاسپاردانە ، هیوا خوازین ئەم ڕاسپاردانە ببنە هۆکاری چارەسەری بنەرەتی بۆ کێشەی کەمی سوتەمەنی بەتایبەتی ماددەی بەنزین

ڕاسپاردەکان بریتین لەم خاڵانەی کە لە خوارەوە هاتوون :-

 یەکەم: دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی هەرێم لەلایەن کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە و بڕی شایستە بۆ هەر پارێزگایەکی هەرێم هاوشێوەی ئەژمارکردنی بڕەکە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق دیاری دەکرێت.
دابەشکردنەکەش بەپێی میکانیزمی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەبێت. لە حاڵەتی هەبوونی کەمی لە بڕی سووتەمەنیدا، بڕەکە بە یەکسانی بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت. لەم حاڵەتەدا، دابینکردنی ٥٠ هەزار ب/ڕ بۆ هەرێم هەڵدەوەشێندرێتەوە و لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرێت، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵێن دەدات کە بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی هەرێمدا بەپێی ئەو نرخە بفرۆشێت کە لای وەزارەتی نەوتی فیدراڵی پەسەند کراوە.
دووەم: لە حاڵەتی پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ زیاتکردنی نەوتی خاوی دابینکراو لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ زیاتر لە ٥٠ هەزار ب/ڕ، پێشنیاز دەکەین:
1. لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووان بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی قەیرانەکان هاوشێوەی هەموو پارێزگاکانی دیکە.
2. دیاریکردنی بڕەکە لە ڕێگەی لیژنەیەکی تەکنیکی بەشداری کۆمپانیاکانی پاڵاوگەکان و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان.
3. فرۆشتنی نەوتی خاوی ناوخۆیی بۆ هەرێم بە هەمان ئەو نرخەی پاڵاوگەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
4. ڕادەستکردنی نەوتی ڕەش بە هەمان ئەو میکانیزمەی كه لە باقی پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا پەیڕەو دەکرێت.
5. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵێن دەدات کە هاووڵاتییانی هەرێم بە هەمان ئەو نرخەی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا پەسەند کراوە دابین بکات.
6. یەکلاکردنەوەی تێچووی پاڵاوتن لە نێوان پاڵاوگەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا بە مەبەستی دانه وه ى تێچوەکان لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن