جەمسەرگیریی توند و نەمانی ناوەڕاست؛ کارەساتی سەردەم!
9/29/2026 4:07:00 PM
چیمەن محەمەد رەشید
جەمسەرگیریی توند؛ بە ئینگلیزی پێی دەڵێن (Acute polarization) وە بە عەرەبی
(الاستقطاب الحاد)، ئاماژەیە بۆ دۆخ و شێوازێکی
بیرکردنەوە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ژیان، تیایدا ناوچەی ناوەڕاست لە هزر و لە ڕاستیی
ژیاندا جێی نەماوە و تەنیا لە ئەمسەر و ئەوسەردا چڕ بووەتەوە و ڕاکێشان بۆ جەمسەرەکان
دیاردەیەکی سەردەمە، ڕاو بۆچوون بۆ دوو بەرەی دژ بەیەک دابەش دەبن و پردێکی پەیوەندی
لە نێوان ئەم دوو بەرەیە ئەستەمە و هێزی دورکەتنەوەکە زاڵە. دیاردەی یان سپی یان ڕەش؛ بێگومان سپێتی و ڕەشێتی چەندین هۆکار دیاریدەکات وەک هێز، هزر، بۆچوونی سەپاو، یان پاراستنی بەرژەوەندی،
... هتد، و هەروەها هەر جەمسەرێک خۆی بە سپی دەزانێت و ئەوی تر بە ڕەش، نەمانی
ناوچەی خۆڵەمێشی بۆئەوەی جەمسەرەکان نزیک
بکاتەوە یان شوێنێک یان ڕووبەرێک بێت بۆ بیرکردنەوە و شێوازی ژیان بەتەواوی تەسک
کراوەتەوە.
ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە کە لەژێر ناوی
ئازادی و مافی ئازادی ڕا دەربڕین، ڕای توند دەردەبڕدرێت و هەوڵی سەپاندنی دەدرێت. ڕای
جیاواز، ئازادی، و بیرکردنەوەی جیاواز، کە چەندین ساڵە قوربانیی بۆ دەدرێت و خەباتی
لە پێناودا دەکرێت، ئێستا بەهۆی جەمسەرگیریی توندەوە کەوتووەتە مەترسیەوە و خەریکە ڕا و بۆچوونە
توندەکان زاڵدەبن بەسەریدا. لەبەر ئەوەی رێگا بە ڕەخنە و بیرکردنەوەی داهێنەرانەی
کەسەکان نادرێت، سیاسەتی یان لەگەڵمیت یان دژمیت پەیڕەو دەکرێت. جەمسەرگیریی توند
سەرجەم بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، و کلتوری دەگرێتەوە، و لە
هەموو بوارەکاندا ڕا و بۆچوون و ژیانی کەسەکان دابەش دەبن بۆ دووان، و سێیەمی نییە.
لەناو ئەو دابەشکارییەدا بێگومان کۆمەڵگە لە ڕووی
ئابوری و ئاستی ژیانیشەوە دابەشدەبن بۆ چینی سەرەوە و چینی خوارەوە، چینی ناوەڕاست
وردە وردە ئەهاڕدرێت و نامێنێت. یان بە شێوازێکی تر چینەکان جەمسەرەکان دابەشدەکەن، لە هەردوو بارەکەدا چینی ناوەڕاست لە کۆمەڵگەدا
کەم دەبێتەوە، زۆرینەی بەرەو خوارەوە و چینی هەژار دەچن و کەمینە بەرەو سەرەوە و چینی دەوڵەمەند دەچن.
لە کاتی ئێستادا تەکنەلۆژیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە قوڵکردنەوەی جەمسەرگیریی
توند. لەجیاتی ئەوەی تەکنەلۆژیا دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە و چەندین ڕا و بۆچوون بخاتە ڕوو، هەروەها ڕێگا بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە
بکاتەوە و ببێتە هۆکارێک بۆ نزیک بوونەوە،
جێی نیگەرانی و هەڵوێستەیە تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد جەمسەرەکانییان توند کرد و
کۆمەڵگە لە جیاتی دیالۆگ و داهێنان وەک
دوو سەربازگەی زۆر دژ و دوو جەمسەری دوور لەیەک مامەڵە دەکەن.
بێگومان کۆمەڵگەی ئێمەش بەدەر نییە لەو دابەشکارییە، بەپێچەوانەوە هەندێک جار وا دەبینرێت کۆمەڵگە،
وەک ئەوەی چاوەڕێی بیانوویەک بێت بۆ پەرتبوون و جەمسەرگیریی توند، وەڵام و کاردانەوەی لا دروست دەبێت.
پێویستە خەمخۆران لەئاست ئەم جەمسەرگیرییە توندە بوەستن و کار بۆ نەهێشتنی
بکەن، بە تایبەت بۆ کۆمەڵگەیەک بە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەو کۆمەڵگەی ئێمە. دەسەڵاتەکان،
دامەزراوەکان بە هەموو جۆرەکانەوە، میدیا، سۆشیال میدیا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی،
هونەرمەندان، و نووسەران، ... هتد.
دەبێت هەموان هەماهەنگی بکەن بۆ هێنانەکایەی کەشێکی
ئازاد و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی ڕا و بۆچوون و ڕێخۆش کردن بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە
و داهێنەرانە، بوونی ڕا و ڕا و ڕای تر، بەکارنەهێنانی هیچ بۆچوونێک بۆ کارکردنە سەر
هەست و ڕا و بۆچوون، ڕا و بۆچوونەکان لۆژیکییانە بن و لە بەرژەوەندیی گشتی و تاکەکانی
کۆمەڵگە بن.