11وتار

گەشەی داعش لە حوکمڕانیدایە، نەک لە کشانەوە

9/28/2026 11:49:00 PM
سابر مەحمود قادر

پارێزەری خانەنشین؛
دوای کەمبوونەوەی ئامادەبوونی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، زۆرێک لە لێدوان و بەیاننامە فەرمییەکان باسی گەڕانەوە و گەشەکردنەوەی داعش دەکەن؛ بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا هەموو مەترسییەکە بە کشانەوەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، یان پێویستە سەیری ئەو ژینگە ناوخۆییەش بکەین کە دەتوانێت توندڕەویی تێیدا گەشە بکات؟

داعش لە مەیدانی جەنگدا شکستێکی گەورەی خواردووە، بەڵام شکستدانی هێزی چەکدار بە تەنیا بەس نییە؛ چونکە ئەگەر هۆکارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی توندڕەویی بەجێبهێڵرێن، ئەوا بیرۆکەکە دەتوانێت لە شێوەیەکی تر دەربکەوێتەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا، کێشەی حوکمڕانی، دابەشبوونی دەسەڵات، لاوازی دامەزراوەکان، بێکاری و بێ‌هیوایی بە تایبەتی لە نێوان گەنجان، بابەتی نوێ نین. گەنجێکی بێکار بەخۆی مەترسی نییە، بەڵکو سەرمایەیەکی لەدەستچووە؛ بەڵام کاتێک هەزاران گەنج هەستی بە بێ‌ئومێدی و بێ‌داهاتوویی بکەن، ئەو بۆشاییە دەتوانێت ببێتە شوێنی بانگەوازی توندڕەویی.

ئێمە لەبری ئەوەی هەلی کار و کارگە و دامەزراوەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی بۆ گەنجان فراوان بکەین، ئەگەر تەنها دوای دروستبوونی مەترسی بەدوای شانەی نهێنی و هێزی ئەمنی بگەڕێین، ئەوا بەشێکی گرنگی کێشەکەمان پشتگوێ خستووە. گەنجێک کە کاری هەیە و هیوای داهاتووی هەیە، بە ئاسانیدا نابێتە قوربانی بانگەوازی توندڕەویی.

لەبەر ئەوە، نابێت هەموو مەترسیی داعش بخەینە سەر کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان. ئەمریکا دەتوانێت هێزی خۆی بکێشێتەوە، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە پاساوێک بۆ پشتگوێخستنی کێشەکانی ناوخۆ.

بەرەنگاربوونەوەی داعش تەنها بە چەک و هێز نابێت؛ دادپەروەری، حکومڕانی باش، دامەزراوەی بەهێز، هەلی کار، پەروەردە و متمانەی گشتی بە دەسەڵات، هەموویان بەشێکن لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویی.

ئەگەر ئەمانە لاواز بن، ئەوا داعش دەتوانێت لە شوێنی جەنگ، لە بۆشایی کۆمەڵگا گەشە بکات.

بۆیە مەترسیی سەرەکی تەنها ئەوە نییە کە ئەمریکا دەڕوات؛ مەترسیی سەرەکی ئەوەیە کە هۆکارە ناوخۆییەکانی گەشەکردنی توندڕەویی پشتگوێ بخرێن.

چونکە داعش تەنها لە چیا و بیابان دروست نابێت؛ کاتێک حوکمڕانی لاوازە و هیوای گەنجان دادەبەزێت، ئەو بۆشاییە خۆی دەتوانێت ببێتە کانگای توندڕەویی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن