بەر لە وادەی دایەلۆگی نیشتیمانی تانە لە دەستووری بوونی بریارەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بدەن
11/29/2026 12:53:00 PM
هیوا حامید
لەوەتەی بریارەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەرێز عەلی زەیدی دەرچوە، قسەی سەرزارو بن زاری کۆی سیاسەتمەدارانی هەرێم لە گەورە تا بچوکییان، ئۆپۆزسیۆن تا دەسەڵات، جەختکردنەوە لە ئیحتیکامکردن بە دەستووری عیراقی بووە بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێکان نێوان هەرێم و بەغدا، وەلێ نەماندیت و نەمان بیست جوولەیەک بە ئاراستەی تانەدان لەو بریارانە لەبەردەمی دادگای ئیتیحادی بوونی هەبێت. رەنگە هەندێک پێیان وابێت کاتێک دادگای ئیتیحادی راڤەی ئەو دەقە دەستووریانەی کردووە کە سەرۆک وەزیران پشتی پێیان بەستووە لە دەرکردنی بریارەکانی، تانەدان چی سودێکی هەیە، هەندێکی دیکە پێیان وابێت پلانگێرییەکە گەورەترە لە بابەتی تانەیەکی دەستووری، لە یەککاتدا پشتیوانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و دەرکردنی بریارە راڤەییەکانی دادگای ئیتیحادی و جەختکردنەوەی بەرپرسانی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیرانی عیراقی و بێدەنگی وڵاتانی دوورو دەرو دراوسێ بەیەکەوە ئاماژەن بۆ پلانێکی پێش وەختەی هەمەلایەنە بۆ چوارچێوەدارکردنی سنووری دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان.رەنگە هەندێکی دیکەش هەبن بڵێن ئاراستەی بیرکردنەوەو پێگەی دادگای ئیتیحادی لەو ململانێیەدا روونەو ئەستەمە شتێکی پێچەوانەی راڤە دەستتورییەکەی بڵێت کە پێش چەند رۆژێک دەریکردوە وەک جۆرێک لە چەتری رەوایەتیدان بە بریارەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. هەموو ئەو بۆچونانە وەجاهەتیان تێدایەو لێکدانەوەی جددین بۆ کۆی ململانێکە، بەڵام بۆلایەنێک کە لاواز دەردەکەوێت لە هاوکێشەکەدا یەکەم هەنگاوی دەبێت پەنابردن بێت بۆ داوەریکردن بە دەستوور، چۆن دەکرێت لەو رۆژەوە تا نووسینی ئەم بابەتە سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران لە هەرێمی کوردستان تانەیان نەدابێت لە بریارەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە کاتێکدا دەستوورو یاساکان ئەو مافەیان دەستەبەرکردووە، خۆ ئەگەر هەندێک لە یاساناسان پێیان وایە ئەم راڤەیەی دادگای ئیتیحادی بۆ چەند ماددەیەکی دەستووری، رێگرە لەبەردەمی ئەو داوایە، ئەمە بۆچونێکی هەڵەیەو بریارەکانی ئەنجومەنی وەزیران پیادەکردنی دەسەڵاتی دەستووری و یاسان، راڤەی دەقە دەستووریەکان رێگر نابن لە نانەدان لێیان. خۆ ئەگەر بروابون بەوەی داواکە دەدۆرێنن بۆتە رێگر، ئەوەشیان بۆچونێکی دروست نییە، سەرەرای ئەوەی بریارەکان کەلێنی یاساییان تێدایە کە شایستە بە تانە لێدانن، دەمەوێت ئەوە بلێم کە خودی دەستگرتن بە مافی بەرگری لە خۆکردن لەرێگەی دەستوورو دادگای ئیتیحادییەوە لە رووی یاساییەوە رەمزییەت و بەهای خۆی هەیە و تەنانەت لە پرسی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کۆی ململانێکە، ئاخر ناکرێت تۆ خۆت بە مافدار بزانیت و تەنها چاوت لەسەر دیوەخانی سولح و ئاشتەوایی سیاسی بێت، بەڵی هەمومان دەزانین دواجار لەعیراق پرسەکان لەو دیوەخانە یەکلایی دەبنەوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە میکایزمە دەستوورییەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی هەرێم پشتگوێ بخرێت، لانیکەم وانە لە داواکەی زەیدی وەربگرن لە کاتێکدا ئەم هەموو پشتیوانییەی هەیە بەڵام راڤەی دادگای ئیتیحادیشی بەلاوە گرنگە.
ئی خۆ ئەگەر لە بەرنامەتان دایەو بە نیازن تانە لە بریارەکان بدەن زەحمەت نەبێت دەکرێت بپرسین کەی؟
لە کاتێکدا دوای دوو رۆژی دیکە گفتوگۆی راستەوخۆو دایەلۆگی نیشتیمانی لەسەر ئەم پرسە بەرێوە دەچێت. لایەنی بەغدا پشت ئەستوورە بە راڤەی دادگای ئیتیحادی و تۆیش تەنانەت تانەت نەداوە لە بریارەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، تا لانیکەم نیشانی بدەی بۆ لایەنی بەرامبەر لەو کۆبوونەوەو تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کە تێبینی و سەرنجی یاسایی و دەستووری جدیت هەن لەسەر رەوایەتی ئەم بریارانە. بۆمن جێگەی داخە تا نووسینی ئەم بابەتە جوولەو هەنگاوێکی لەم چەشنەم نەبینیوە چونکە ئەزموونی تاڵم لەگەڵ ئەو جۆرە خەمساردیە کوشندە هەیە، بۆ مێژوو سەرگوزشتەیەکتان بۆ دەگێرمەوە رەنگە زۆربەتان نەتان بیستبێت، کاتێک بەرواری دادبینیکردنی ئەو داوایەی حەیدەری عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای عیراق و چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران نزیک ببۆوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بریاری ریفراندۆم و لێکەوتەکانی لە ساڵی ٢٠١٧، سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان راسپێردران لائیحەیەکی بەرگری ئامادە بکەن. لە کۆتا رۆژەکانی هەفتەی بەر لە وادەی دادبینییەکە، دانیشتنێک ئەنجام درا بۆ نوسینی لائیحەکە، بەندەش یەکێک بووم لە بەشداربوانی ئەو کۆبونەوەیە. لە گەرمەی ئامادەکاریدابووین بۆ نوسین لە پڕ ئاکادیمیستێکی یاسایی کە هاوکات ئەندامی پەرلەمان بوو هاتە ژووری کۆبونەوەکەو دوای ئەوەی کە بینی سەرقاڵی ئامادەکردنی لائیحەی بەرگرین سەرنجی یاسایی خۆی خستە روو کە هەرێمی کوردستان نابێت ئامادەی ئەو دادبینیە بێت چونکە ئەگەر بریارەکە بە غیابی دەربچێت هێزی پابەندکاری نابێت بۆ هەرێم، ئەو بەرێزەی سەرپەرشتی کارەکەی دەکرد کەوتە ژێر کاریگەری ئەو رایەو هەرچەندی هەوڵماندا روونی بکەینەوە کە ئەم بۆچونە هەلەیە سوودی نەبوو، ئەوەبوو کۆبوونەوەکە دواخراو دواجار دادگا بریری خۆیداو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەفەرمی رێزگرتنی خۆی بۆ بریارەکەی دادگا راگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر لەرێگەی رێکەوتێکی سەیرەوە برادەرێک باسیکرد کە بەداخەوە زۆر درەنگ تێگەیشتبوون لەوەی سەرنجی ئەو برادەرە هەڵەیەو بە پەلە لە هەمان رۆژی دادبینییەکە، سەرۆکایەتی هەرێم لائیحەی بەرگریان ناردوە بەڵام وەختێک گەیشتۆتە دادگا دادبینییەکە تەواو ببو بریار وەرگیرابوو. مەبەستی من لێرەدا ئەوە نییە ئەو لائیحەی بەرگرییە دەیتوانی بەر لە بریارە چاوەروانکراوەکەی دادگای ئیتیحادی بگرێت، بەڵام وەک هەمووتان دەزانن دادگای ئیتیحادی لە مەنتوق سیاقی بریارەکانیدا ئاماژە بە بەلگەو تێگەیشتنە یاساییەکانی داواکار و بەرگریکار دەکات و ئەمەش بایەخی یاسایی و مێژووی خۆی هەیە، لانیکەم بۆ دەیان ساڵ تێگەیشتنی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ریفراندۆم وەک دیکۆمێنتێکی یاسایی دانپیانراو دەمایەوە لە ناو ئەو بریارەدا. هیوادارم من هەلەبم و نەجوڵانی ئەمجارەش خەمساردی و هەڵەتێگەیشتنی یاسایی و دەستووری نەبێت لە پیادەکردنی ئەو مافە دەستوورییە.