عێراقی نوێ و هەرێمی نوێ !
11/29/2026 12:49:00 PM
د. ئیبراهیم محەمەد
ئەم ئیدارەی نوێیەی “کەیسەکان” لە بەغداد سەرچاوەی هێزیان بۆ جوڵەیەکی لەم شێوازە ،کە مۆرکی سیاسی دەستووری هەڵگرتوە ، لە سێ خاڵەوە بەرجەستەدەبێت:
یەکەم: بوونی گەندەڵی وناشەفافی و…هتد بەربڵاو، کەتەنانەت هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لەبوونی بکات ، نەک تەنها لەهەرێمی کوردستان بەڵکو لەکۆی عێراقدا، ئەمەش بوەتە زەمینەیەکی لەبار بۆ عەلی زەیدی وفایەق زەیدان ..هتد بۆ زەرورەتی هەنگاوێکی لەم شێوازە ولەم ڕوەوە پێویستە هەرێم پاڵپشتی هەنگاوی دژە گەندەڵی بێت وبیکاتە دەرفەتێک بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو.
دووەم: ئەم ستافەی ئێستای بەغداد بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا گەڕاونەتەوە بۆ دەقەدەستووریەکان پاڵپشت بە ڕاڤەی یەکلاکەرەوەی دادگای باڵای فیدراڵی. بەجۆرێک هەرێم لەو دەرگایەوە ناتوانێت هیچ بەدەست بهێنێت وزیاتر بەغداد ئیدارەی دەدات. ڕاڤەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبەرژەوەندی هەرێم نیە و داکۆکی کردن لە دەقی دەستووری خزمەت ناکات.
سێ یەم: توانیویانە دەستەبەری پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هەنگاوەکانیان بکەن بەتایبەت پشتگیری ڕاستەوخۆی ترەمپ. لەم خاڵەیاندا کورد لە پەراوێزدایە ودەنگی بەنزمیش ناگاتە لای ئیدارەی ترەمپ تاوەکو بتوانرێت تەنانەت تویتێک لەبەژەوەندی کورد بکات. ئەمەش یەکێکی ترە لە شکستەکانی پەیوەندی کورد-ئەمریکا. چونکە ترەمپ بێ باکە بەرامبەر بە کورد وپرسی کوردستانی بەلاوە گرنگ نیە ، تەنانەت لەماوەی جەنگی لەگەڵ ئێران چەندین جار ووتی کورد ئەو چەکانەی ناردمان بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بۆ خۆیان هەڵگرت ولەبیری ناچێتەوە.
بەکورتی ئەوەی گرنگە ئەوەیە لەم عێراقی نوێ یەدا هەرێمی کوردستان بەدەر لەوەی پاکانەو پاساو بۆ قاچاغی وگەندەڵی بهێنێتەوە وپێویستە ئەمانە لە پرسە نەتەوەییەکەی جیابکاتەوە بەر لەوەی “ئیدارەی ئێستای عێراق” بیکاتە ئەمری واقیع وبگاتە قۆناغی مەترسیدار کە هاووڵاتیان باجەکەی بدەن.
بڕیارەکانی زەیدی دڵنیام پڕاوپڕ وەک خۆی جێ بەجێ نابێت بەڵام ئەوە بابەتێکی ترە پێویستە کورد لە چوارچێوەیەکی نوێدا لەگەڵ ئەم عێراقی نوێ یەدا مامەڵە بکات ، ئێستای جیهان وناوچەکە وناوخۆی عێراقیش بەداخەوە لە بەرژەوەندی کورد نیە هەرێمیش بە هەمان عەقڵیەت وسیاسەتی ئیدارەدانی ڕابردوو قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە ، لێرەوە نوێ بوونەوەی هەرێم و بەهێزی لە هاوکێشەناوخۆییەکەدا دەبێت سەرچاوە گرتووبێت لە سەر لەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەت وبەڕێوبردن و بن بڕکردنی گەندەڵی وئاشتبوونەوەی هاووڵاتیانەوەبێت، نەک بە پینە وپەڕۆ کردنی قەیران وئالنگاڕییەکان، چونکە دواجار ڕاستە هەموو سەرنشینانی کەشتیەکە زەرەرمەند دەبن بەڵام ئەوەی زۆرتری هەبێت ماڵکاولییەکەی زیاترە.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا نوێ دەبینەوە یان هەروەکو جاران بەردەوام دەبن؟