یا کوردستان یا مافیای قاچاخچییان
11/29/2026 12:57:00 PM
هەردی مەهدی میکە
(بەداخەوە ئەم بابەتە وەک ئەڵقەی دووەمی بابەتی «ئاگر لە تاران دووکەڵ لە شام»ە، کە نزیکەی ساڵێک بەر لە ئێستا لە دۆخی ڕۆژئاوا و پێش هەڵوەشانەوەی قەسەدە نووسیم، لینکەکەی لە کۆمێنت دادەنێمەوە، ئێستا ئەم بەشەی بۆ ئەمڕۆی هەرێم نەک ڕۆژئاوا دەنووسم)
-١- خۆماڵیکردنەوەی داواکەی زەیدی
بەر لە هەر شتێک دەبێت هەرێمی کوردستان هەندێک لەو خاڵانەی کە زەیدی هەڕەشەیان پێدەکات وەک دەرفەت وەربگرێت، خۆماڵییان بکاتەوە و خۆی دەستبەجێ جێبەجێیان بکات و بەتایبەت لە پرسی مەرزی ناڕەسمی و قاچاخی کە گوزەرانی خەڵک و توانای حکومەتی بەچۆکدا هێناوە لە پێناو مافیای قاچاخیی بڕێک لە سەرانی حزبەکان و هەروەها لە نەوتفرۆشی بۆ ئێران و پێچپێلێدانی گەمارۆکان خۆی لابدات، ئێمە لە ئەرمینیا و ئەفغانستان و عێراق بەهێزتر نین و دەبێت ئەوە بکرێت کە بەدڵنیایی بۆ خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵات باشترینە.
-٢-ئەزموونی قەسەدە وانەیەک بۆ سەدەیەک
هەمان ئەو هۆیەی قەسەدە و ڕۆژئاوای پێ کەوت و کەوتە پەراوێزی سیاسەتی کۆشکی سپییەوە، دوور نییە هەمان هۆ هەر ئەکتەرێکی دەوڵەتی (وەک عێراق) و نادەوڵەتی (وەک هەرێم)یشی پێ بکەوێت. ئەڵبەت هەروەک چۆن هەڕەشەیە ئاواش دەرفەرتی زێڕینە. کورت و پوخت ستراتیژیی بەرگری و سیاسەتی ئەمریکا لە ئاستی جیهانی فشارە لەسەر چین و لە ئاستی هەرێمایەتی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست فشار و گەمارۆدانی توندتری ئێرانە. لەم هاوکێشەیەدا جێگەی خۆت کردەوە هاوبەشیت و لە بەهێزە براوەکانیت، بێلایەنی یان پێچەوانە ئەوا وەک بەشار ئەسەد (وانە بۆ عێراق) و وەک قەسەدە و ڕۆژئاوا(وانە بۆ هەرێم)ت لێ دێت. چونکە ئەو دووانە پێچەوانە یان بێلایەن بوون و هاوکاری ئەمریکا نەبوون لە سزاکانی سەر ئێران.
-٣-قاچاخی خۆرەی باشوور و ڕۆژهەڵات
مەرزی ناڕەسمی و نەوتدزین لە سەر ئاستی نێوخۆ زیانی کوشندەی لە خەڵکی کوردستان (کە ژیانی پەکخستوون) و حکومەتی هەرێم داوە کە ناتوانێت بودجە و داهاتی پێویست لە ڕێی ڕسوماتی نێوخۆیی و مەرزە ڕەسمییەکانەوە دەستبکەوێت و بەڕێوەبردنێکی باشتر پێشکەش بکات، دیارە ساڵانێکە خەڵک و حکومەت چاری ئەو مافیایانە ناکەن. لە سەر ئاستی دەرەکی گەزەند لە پلانی ئەمریکا دەدات کە دەیەوێت گەمارۆ و فشار بگەیەنێتە پلەی سازشی تەواو یان سڕکردن و بەرەو هەڵوەشاندنەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران (بە بێ پەلاماردان و جەنگی گەرم).
دەی قاچاخ و مەرزی ناڕەسمی و نەوتفرۆشی بۆ ئێران و ڕاگرتنی گەیشتنی چەک بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان ئەم پلانەی ئەمریکا لە عێراق و بەتایبەت لە هەرێمەوە پووچدەکاتەوە، بۆیە ئەمریکا وەک ئێمە بێتوانا نییە و ئەمە پەسەند ناکات، لێرەدایە بەشێکی شیعە و بەشێک لە کورد و مافیاکانیان کەوتوونەتە بەرامبەر ئەمریکا و هەرێم و عێراقیان ساڵانێکە خستووەتە سەر لێواری مەترسی و تیاچوون، ئێمە لە کام بەرەین؟
-٤-بێلایەنی لایەندارییە
لە پاش جەنگی ساردەوە بێلایەنەکان زیایر باجیان داوە تا لایەنگرەکان، بێلایەنی لە دوای ١٩٩١ی جەنگی ئەمریکا و ٢٠٠١ی جەنگی دژەتیرۆر، لە دیدی ئەمریکا ئەوە بڕاوەتەوە کە یان لایەنگریت یان دژ. خۆ ئێرانی خومەینی و کوبا و میسری ناسری و …تاد لە بلۆکی شەرقی و غەربیدا گووایە بێلایەن بوون، بەڵام چییان بەسەردا نەهات! تەنانەت هەمان بێلایەنی ٥ ساڵەی تورکیا (١٩٣٩-١٩٤٤)لە جەنگی دووەمی جیهانیدا چەتری کەمالیزمی لەرزاند و خراپی گوزەران و برسێتی و توڕەیی خەڵکی هێنایەگۆڕێ و دواجار پارتی گەلی کۆماری و عیسمەت ئینینۆی لە سەر تەخت هێنایەخوار و بۆ دەساڵ بایار و موندەریسی کردە جڵەوداری تورکیا.
جەنگی ئەمریکا-ئێران وەک چۆن بە ١٢ ڕۆژە و چل ڕۆژە دەستی پێنەکرد و زۆر لەپێشتر بوو، بە چل ڕۆژ و لێکگەیشتننامە فریودەرەکەش کۆتایی نەهات، بۆ ئەمریکا ئامانجی دوێنێی لە بەهێزکردنەوەی سوریای شەرع و پشتیوانی (تۆ بڵێ دەرفەتدان و تاقیکردنەوەی هەنووکەیی)، بۆ ئەمڕۆش بۆ عەلی زەیدی هەر هەمان ئامانجە و لە دیدی ئێستای کۆشکی سپی جەنگی نەرمی ئابووری و سزادانی ئێران زۆر سەختتر و کاریگەرترە لە جەنگە گەرمەکەی ٤٠ و ١٢ ڕۆژە وێرانکەرەکەی، لای ئێرانیش هەروایە و دەزانێت گەر بۆمبی گەرمی ئەمریکا سەری نەخواردبێت دوور نییە ئەم «نە شەڕ نە ئاشتییە» سەری بخوات، دەی ئەمە پێش مەرجی هەیە و پێویستی بە عێراق و سوریا و هەرێمی کوردستانە لە قۆڵی ڕۆژئاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، گەر ئەمان هاوکار نەبن ئەوا وەک ٢٠ ساڵی ڕابردوو ئێران خۆی دەدزێتەوە و پێچ بە گەمارۆکان دەدات و ناکاریگەریان دەکات.
-٥-بەرداشی قاچاخیی ئێرانی و گەمارۆی ئەمریکی
ئایا ئێران بە بێلایەنی هەرێمی زانی؟ بێگومان نەخێر، زیاتر لە هەزار درۆن و شەهیدبوونی زیاتر لە سەد کەس لە ئان و پاشی ئاگربەستیش شاهێدن، لە کاتێکدا نیوهێندەی لە ئەمریکا و ئیسرائیل و کەنداوییەکان نەکوشت! ئەمە ئەمڕۆ بەسەر کورددا دێت بەرهەمی ئەو پشتکردنەیە لە ئەمریکا، نەک ئەوەی شەڕی بۆ بکەین بەڵام لانیکەم دەبوو نەبینە بەشێک لە هۆی لاوازی پلانەکانی لە ڕووی سووککردنی گەمارۆ و بانگەشەی میدیایی و سڕکردنی ڕۆژهەڵاتییەکانی بۆ ئێران.
ئێستا هەقیەتی پرسیارێک بکەین، ئایا کورد بەڕاست بێلایەن بووە لە بەرامبەر سیاسەتی ئەمریکا؟ گەرچی خۆی دەڵێت بێلایەنم بەڵام بەدڵنیایی نەخێر: ١- هەندێ سەرکردەی ینک و پدک لەبەرژەوەندیی ئێران میانجیگەریی گیانانەیان بۆ مانەوەی ئێران کرد. ٢. خۆیان هیچ، ڕێگەشیان نەدا ڕۆژهەڵاتییەکان (نەک بچنە ناوەوە بەڵکو نەیانهێشت چالاکیی نێوخۆییش ئەنجام بدەن)، بگرە هێزێکی ڕۆژهەڵاتیزەکراو، زوو زوو ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژهەڵاتدا ئەنجامدەدات گوایە شەڕی سوپا دەکات، بەڵام چەکی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی کە لە عێراق و سوریا وەریگرتوون جێدەهێڵێ بۆ ئێران و دەگەڕێتەوە باشوور! ٣. بە دەروازە ناڕەسمییەکان ئێرانیان بوژاندەوە و سزاکانیان ناکاریگەر کردووە. ٤. داهاتی حکومەتی هەرێمیش بەهۆی قاچاخییەوە کەمکردەوە.
-٦-یان کوردستان یان قاچاخچێتی
بۆیە زۆر پێویست و گرنگە لەبەر قاچاخچی و گەمارۆشکێنەکان و داهاتدزەکانی هەرێم و خەڵکەکەی، کوردستان و ئایندەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکەینە قوربانی نەزۆ و شەهوەتی مافیای قاچاخچییان جا بەهەر ناوێکەوە بێت چ کوردایەتی یان میانجیگەری یان ئاشتیخوازی و دۆستایەتی و بێلایەنی… تاد.
ئەڵبەت ئەوەش بیرناچێت کە بەشێکی ئەم داهاتی ئەم قاچاخییە بۆ ئەو میدیا و دیجیتاڵمیدیا و فیگەرانە دەڕوات کە ڕۆژانە هەرێمی کوردستان بێبایەخ دەکەن و کەسایەتیی مرۆڤی کورد زەلیل دەکەن و بانگەشە بۆ گێڕانەوەی ئێرانییەکان پەرەپێدەدەن و بە کوردییەکی ڕەوان و لە سێبەرەوە ئەم کارانە دەکەن و سووری بەر لەشکری سیاسەتی توند و نەرمی سەردەستەکانن.