18 کوردستان

قوباد تاڵەبانی: پڕۆژەی گەشەپێدانی دەڤەری راپەڕین گرفتی وەبەرهێنان چارەسەر دەکات

04:54 - 31/05/2026

زەمەن_هەواڵ

 

بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە رێوڕەسمێکدا لە ئیدارەی راپەڕین، دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین بە فەرمی راگەیەنرا و لە ئەمڕۆوە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەشەپێدانی دەڤەری راپەڕین دەستپێدەکات.

لە رێوڕەسمەکە کە بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە کونسوڵەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەرمینیا بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران لە وتارێکدا رایگەیاند، پاش توێژینەوە و راوێژێکی زۆر لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتیش حکومەتی بەریتانیا، پڕۆژەی دروستکردنی دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕینمان دروست کرد.

وتیشی، ئەم دەزگایە وەک چەترێک وایە کە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی و زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان، کۆمەڵگای مەدەنی و هەموو چین و توێژەکانی دەڤەرەکە  بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدار دەکات لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئیدارەی راپەڕین.

قوباد تاڵەبانی روونیشیکردەوە، دەزگاکە جگە لەوەی کە ناوەندێکی توێژینەوەیە، شێوازێکی نوێشە بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە و هەموو گرفتەکانی بەردەم گەشەپێدان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا چارەسەر دەکات و هاوکار دەبێت لە جێبەجێکردنی بیرۆکە نوێیەکان و ناوچەکە دەکاتە سەنتەرێک بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی. 

جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەتیش حکومەتی بەریتانیای کرد کە پشتیوان و بەشدارن لە پرۆسەی پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین و وتیشی لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم مۆدێلە لە پەرەپێدان لە ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن