23 کوردستان

مووچە بۆ توشبووانی ئۆتیزم دابین دەکرێت

01:34 - 01/06/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، دۆسیەی 16 هەزار کەمئەندام ڕەوانەی بەغدا کراوە بۆ بڕینەوەی موچە لە بودجەی ٢٠٢٦ـدا، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەرامبەر.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند: کە ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە هەرێم لە ١١ سەنتەرەوە گەیشتوەتە ٦٩ سەنتەر (13 حکومی و 56 ئەهلی)، تێچوی چارەسەریش دابەزیوە؛ هاوکات جەختی کردەوە کە دۆسیەی ١٦ هەزار کەمئەندام ڕەوانەی بەغدا کراوە بۆ بڕینەوەی موچە لە بودجەی ٢٠٢٦دا، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەرامبەر.

سەبارەت بە پشتیوانی خێزانەکان، وەزیری کار باسی لەوەکرد،کە گۆڕانکاری لە ڕێنمایی مۆڵەتی بەخێوکەردا کراوە، بە جۆرێک ئەگەر خێزانێک زیاتر لە منداڵێکی ئۆتیزمی هەبێت، هەردو دایک و باوکەکە دەتوانن مۆڵەت وەربگرن، کە تاكو ئێستا ٥٦٩ کەس سودمەندبون. هەروەها ئێستا زیاتر لە هەزارو ٧٠٠ منداڵ لە سەنتەرەکاندا خزمەتگوزاری فێربون و چارەسەر وەردەگرن.

کوێستان محەمەد تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و وتی، "دۆسیەی 16 هەزار کەمئەندام و منداڵانی ئۆتیزممان ڕەوانەی بەغدا کردوە تا لە بودجەی ٢٠٢٦ـدا تەرخانی داراییان بۆ بکرێت." ئاماژەی بەوەشکرد کە تیمێکی وەزارەت بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی منداڵان ببنە خاوەنی موچەی مانگانە.

هەروەها وەزیر دو بڕیاری نوێی سەرۆکی حکومەتی بۆ ئاسانکاری منداڵانی ئۆتیزم ڕاگەیاند، کە بریتین لە پشکنین و چارەسەری بێبەرامبەر لە سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پێدانی لە پێشینەیی و ڕاییکردنی خێرای مامەڵەکانیان لە فڕۆکەخانەکاندا بەبێ چاوەڕوانی.

ئۆتیزم تێکچونێکی گەشەی مێشکە کە کاریگەری دەکاتە سەر توانای پەیوەندیکردن و تێکەڵبونی کۆمەڵایەتی. توشبوان زۆرجار کێشەیان لە قسەکردن و تێگەیشتنی هەستی کەسانی تردا هەیە، هەروەها هەندێک جوڵەی دوبارە یان پابەندبونی توند بە ڕۆتینی ڕۆژانەیان تێدا دەردەکەوێت.

ئەم بارودۆخە نەخۆشییەکی کاتی نییە تا بە دەرمان بنەبڕ بکرێت، بەڵکو جۆرێکە لە جیاوازی لە کارکردنی مێشکدا. باشترین ڕێگە بۆ یارمەتیدانیان بریتییە لە دەستنیشانکردنی زو و ناردنیان بۆ سەنتەرەکانی ڕاهێنان، تاوەکو کارامەییەکانیان پەرەپێبدەن و باشتر لەگەڵ کۆمەڵگەدا بگونجێن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن