32 جیهان

ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی بۆسەر باشوری ئێران ئەنجام دا

01:16 - 26/05/2026

زەمەن-هەواڵ

 

 ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە کەناڵی فۆکس نیوز بڵاویکردووەتەوە هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان ئۆپەراسیۆنێکیان لە باشووری ئێران ئەنجامداوە.

 جێنیفر گریفین، پەیامنێری فۆکس نیوز شەوی دووشەممە، بە کاتی واشنتن ڕایگەیاند، تیم هۆکینز وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، بەو کەناڵەی ڕاگەیاندووە هێزەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ لە وەڵامی هەڕەشی هێزەکانی ئێران، هێرشی بەرگرییان لە باشووری ئێران ئەنجامداوە.
وتەبێژەکە هەروەها بەو کەناڵەی ڕاگەیاندووە ئەو ئامانجانەی هێرشیان کراوەتە سەر شوێنی هەڵدانی مووشەک و بەلەمەکانی کۆماری ئیسلامی بوون کە "هەوڵی چاندنی مین"یان داوە.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی تابناک کە سەر بە حکومەتی ئێرانە لە ڕاپۆرتێکی هەواڵیدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە دوو بەلەمی خێرای سوپای پاسداران بە هێرشێکی ئاسمانی کراونەتە ئامانج.
هەروەها ئەو دەزگا میدیاییە ناوی چوار کەسی وەک کوژراوی هێرشەکان بڵاوکردووەتەوە.
هاوکات پەیامنێرێکی کەناڵی جەزیرەش بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە بەلەمەکانی سوپای پاسداران کراونەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە هێزەکانی سوپای پاسداران پێش ئەوەی بکرێتە ئامانج هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک.
چەند کاتژمێرێک پێشتر لە سۆشیال میدیادا هەواڵی جۆراوجۆر بڵاوکرایەوە کە چەندین تەقینەوە لە بەندەر عەباس و سیریک و بەندەری جاسک بیستراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن