23 جیهان

بەپەلە.. خامنەیی رابەری ئێران داوای نزا لە حاجیان دەکات

03:50 - 26/05/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 موجتەبا خامنەیی، بە بۆنەی وەرزی حەجی ئەمساڵ پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە حاجیان دەکات لە پێناو ئازادیی فەڵەستین، مزگەوتی ئەقسا و سەرکەوتن بەسەر بە خۆ بەزلزانی جیهان، نزا بۆ یەکڕیزیی موسڵمانانی جیهان بکەن.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦، موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای ئیسلامیی ئێران پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "بە رووخاندنی رژێمی پەهلەوی، دەستی ئەمریکا بڕدرا و کۆتایی بە هەژموونی ئیسرائیلیش هێندرا، چیتر میلی کاتژمێری ناوچەکە ناگەڕێتەوە".
هەروەها دەڵێت "میلی کاتژمێر بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و گەلان و وڵاتانی ناوچەکە، چیتر نابنە قەڵغانی بنکە ئەمریکییەکان. هەربۆیە ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی چیتر شوێنێکی ئارامی بۆ بەدکاری و جێگیرکردنی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا نابێت، رۆژ لە دوای رۆژ هەژموونی کەم دەبێتەوە. هاوکات ئیسرائیل لە کۆتا رۆژەکانیدا نزیکبووەتەوە".

لە بەشێکی دیکەدا، رێبەری باڵای شۆڕشی ئسیلامیی ئێران ئاماژەی بە فەریزەی حەج، بەستنی ئیحرامی، تەواوفی کەعبەی پیرۆز و بەردبارانکردن کردووە و دەڵێت "گەلی ئێران بە شۆڕشی ئیسلامی دەستی بەم کۆچە کرد و وەڵامی بانگەوازی ئیبراهیمی دایەوە، بەرگی ژێردەستەیی داماڵی و ئیحرامی بەختەوەریی دنیا و قیامەتی پۆشی، بە گوتنەوەی (اللە اکبر)، گەلی موسڵمانی ئێران 47 ساڵ لەمەوبەر راپەری و رژێمی دیکتاتۆری پەهلەوی رووخاند، دەست و پێی ئەمریکای تەماحکار و سەرکوتکەری لە وڵاتدا بڕی و هەژموونی ئیسرائیلیشی بە تەواوی بنبڕ کرد".

ئاماژەی بە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق کردووە و نووسیویەتی: هەر بە چەکی (اللە اکبر)، جەنگاوەرانی بوێر و گیانفیدای ئێران توانیان بەرانبەر بە دەستدرێژیی رژێمی بەعسی سەددامی بۆ سەر خاکی ئێران، هەشت ساڵ بەرگرییەکی پیرۆز بکەن، ئەمە سەرەڕای پاڵپشتیی هەموو هێزەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە رژێمی بەعس؛ هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین ساڵ دواتر بەرانبەر گەمارۆ ئابوورییەکان، سزا ستەمکارییەکان، هێرش و هەڕەشە سیاسی، پڕوپاگەندە ئابوورییەکانی دوژمنان، هەر بە خۆڕاگری و بە بەهێزییەوە مایەوە.

رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەڵێت "موسڵمانان و گەلانی ناوچەکە بەرژەوەندییەکی زۆر و هاوبەشی هەیە کە سیاسەتی نوێ ناوچەکە و جیهان دابڕێژنەوە، بۆیە لە پێناو چاکە و چاکسازیدا بە دڵسۆزی و پاکییەوە داوای دۆستایەتی و هاوکاریی لە سەرجەم وڵاتان و حکوومەتە ئیسلامییەکان دەکەم، بۆ ئەوەی بە هاوکاریی یەکتر لە پێناو پێشکەوتنی نەتەوەی ئیسلامی و چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهانی ئیسلامدا هەنگاو بنێین".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن