10وتار

پەرلەمانتاری بندیوار دەنگدەری بەڕێز بۆ ناپرسی کوا دەنگەکەم؟

5/31/2026 4:40:00 PM
عەزیز ڕەئوف

دروست دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لە ١٨/١٠/٢٠٢٥ لە چاوپێکەوتنێکی یەک کاتژمێریدا باسم لە خراپی ئەدای پارلەمان و ئۆپۆزسیۆنی ساختە و مەرگی خەباتی پارلەمانی کرد. لەو چاوپێکەوتنەدا باسم لەوە کرد کە خەباتی پارلەمانی لە هەرێمی کوردستان تەواو بووە و هیچ لە دنیای ئێمە ناگۆڕێت و تەنها دەوڵەمەندکردن و دابەستەکردنی هەندێ کەس و خێزانی ترە و هیچی تر.

ئیستا دوای ساڵێک و هەشت مانگ ٩٧ پارلەمانتار کە سوێندی یاساییان تەنها بۆ ئەوە خواردووە تا بڕی هەشت ملیۆن و دووسەد هەزار دینار بچێتە سەر هەژمارەکەیان.  واتە بۆ حەڤدە مانگ هەر پەرلەمانتارێک 139 ملیۆن و 400 هەزار دیناری وەرگرتووە.
کۆی گشتی مووچەی 97 پەرلەمانتارەکە بۆ 17 مانگ، 13,521,800,000 (سیازدە ملیار و پێنج سەد و بیست و یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار) دیناری عێراقی.

من ئیستا لە دەنگدەری کورد دەپرسم: هەڵبژاردن چی لە دنیای تۆ گۆڕی؟  باشە دەنگدەری ئازیز دڵنیام بەوپەڕی دڵسافی و نیەتپاکیەوە دەنگت داوە، بۆ ئیستا ناپرسی کوا دەنگەکەم؟ دوای ساڵێک و هەشت مانگ ئەم هەموو پارلەمانتارە بندیوارە بۆ یەک ڕۆژ دەوامیان نەکردووە، بۆ کەسێکیان ئازایی ئەوەی تێدا نەبوو بچێتە بەردەمی پارلەمان و مان بگرێت؟ یان ئەگەر هیچی پێ ناکرێت بۆ کەسیان ئامادەنەبوون دەستلەکار بکێشنەوە؟ 

من هەر لەسەرەتاوە پێم وابوو هەڵبژاردن تەڵەیەکە بۆ دووبارە شەرعیەتدانەوە بەو سیستەمە حوکمڕانییە خراپە. دەسەڵاتی کوردی لە هەر شتێکدا سەرکەوتوو نەبووبێت، بۆ دروستکردنی هێز و ئۆپۆزسیۆنی ساختە سەرکەوتوو بووە. بۆ چەند ساڵێک کەسێک یان هێزێک دروست دەکەن و پارە لە ژێرەوە و میدیا بە ئاشکرا دەخەنە خزمەتی و جەنابی ئۆپۆزسیۆنی ساختە بە دڵی خۆی قسە بە دەسەڵات دەڵێت و لای خەڵک و دەنگدەری دڵسافیش وایە ئەمە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەیە. دوای ماوەیەک لە ڕێکەوتنە ژێربەژێرەکاندا کورسییەکانی خۆیان کە بەدەنگی ڕەش و ڕووت هاتووە ( ئەگەر هەڵبژاردن دیزایین نەکرابێت) دەخەنەوە خزمەت ئەجێندای دەسەڵات و لەبەینی دوو هێزی سەرەکیدا دابەشیان دەکەن.

ئەمەیە چیرۆکی هەڵبژاردن و تەڵەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ساختە. گرنگە خەڵکی کوردستان و دەنگدەران چاوەکانیان هەڵگڵۆفن و با چاوێکی تر دنیای پڕ لە فێڵ و تەڵەکەبازی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ساختە ببینن. See less


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن