22وتار

تێگەیشتنە فەرامۆشکراوەکە

6/1/2026 1:41:00 PM
فازڵ میرانی

حوکمڕانی بریتییە لە بەرنامە و جێبەجێکردنی بڕیارەکان. با لە کێشە کارگێڕییەکانی نێوان ناوەند و هەرێمەوە دەست پێ بکەین، و کێشە سیاسییە حزبیەکانی خۆمان بەلاوە بنێین (ئەگەر وا دای بنێین کە سیاسەت پاڵنەری کێشەکان نییە).
بۆ ئەوەی ئەم کێشانە (لە ڕووی دەستووری، یاسایی، کارگێڕی و داراییەوە) نەمێنن، مەسەلەکە پەیوەندی بە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێوە نییە، وەک ئەوەی پێکهێنانی نوێ یەکێک بێت لە مەرجەکانی چارەسەر؛ ئەمە ناڕاستە. بەڵکو ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەبێت بەرنامەیەکی کردەیی بۆ چارەسەری کێشەکان دابنرێت، کە پشت بە ئامرازی گونجاو ببەستێت بۆ جێبەجێکردن.

کەواتە کێشەکە کێشەی ئاراستە و بەرنامەیە، نەک پرسێکی بەستراوە بە بوونی حکومەتێکی نوێوە.
جۆرە تێکەڵاوییەک لە چەمکی (نوێ)دا لای زۆرینەی سیاسی و جەماوەری هەیە، کە وای کردووە تێڕوانینی سیاسی ببەسترێتەوە بە پێشکەشکردنی ئەو شتەی کە خوازراوە یان وا بڕیارە بکرێت. ئەمە دروست نییە و نابێت ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەردەوام بێت. گرنگ ئەوەیە کە دەسەڵات وەها بەڵێنێک نەدات ئەگەر توانای جێبەجێکردنی بەرنامەکانی نەبێت.

لە مێژووی حوکمڕانیدا، حکومەتی نوێ هەبووە کە بە ئەنقەست کارەساتی بۆ گەلی خۆی و گەلانی تریش هێناوە، لە بەرامبەریشدا حکومەتی نوێ هەبووە کە بناغەی بۆ دۆخێکی باشتر داناوە.
دەتوانین هاوکێشەکە بەم شێوەیە سادە بکەینەوە:

نوخبەیەکی سیاسی یان سەربەخۆ، پێداویستییەکانی گەشەپێدان دەستنیشان دەکەن، خۆیان بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەیەک لەگەڵ ئامرازەکانی جێبەجێکردن ئامادە دەکەن، پاشان حوکم لەسەر ئەنجامەکان دەدرێت. ئەمەش دەکرێت لە چوارچێوەی هۆشیاریی دەسەڵاتێکی حاکمدا بێت و ڕێڕەوەکە ڕاست بکاتەوە، یان لە ڕێگەی حکومەتێکی نوێوە بێت.

بەستنەوەی ئەمە بە پێشەکی وتارەکەوە، لەگەڵ چارەسەربوونی هەندێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان، ئەو توخمەی کە ئێمە سەرنجی دەدەین ئاراستە و مەبەستە، هەروەها ئەگەری سەرکەوتنی ئەو ئاراستەیەی کە لە دەسەڵاتە بڕیاردەرەکانەوە دەردەچێت.

جیاوازییەکی ڕوون هەیە لە نێوان بەڵێنی زارەکی و بەدیهێنانی بەڵێن لە کرداردا. لە نێوان بەڵێن، بەڵێندەر و ئەو کەسەی بەڵێنەکەی بۆ دراوە، پرسێکی یەکلاکەرەوە هەیە، ئایا لایەنی پەیوەندیدار توانای جێبەجێکردنی هەیە یان نا؟ ئایا بەرنامەیەکی هەبێت کە ئامرازی بەهێزی لەبەردەست بێت؟ ئایا ئەم ئاراستەیە ڕاستگۆیانەیە؟ ئایا پێویستی بە یارمەتییە؟ ئایا تێڕوانیکی تر  هەن کە لە بەرژەوەندییاندا نییە بەڵێندەر بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات؟

ئەمانە و زۆر پرسیاری سەرەکی و ناوەندی تریش، کە وەڵامەکانیان هەمووی لە "دەستوور"دایە.

لەکۆتاییدا:
هەر کەسێک بیەوێت "نوێ، سوودبەخش و جیاواز" بێت لە ناوەرۆک و ڕواڵەتدا، دەبێت بەپێی توانای خۆی بەڵێن بدات. پێویستە ئەوەی لەبیر بێت کە دەستوور و کەڵەکەبوونی ئەزموونی حکومەتەکانی ڕابردوو، باڵی جێبەجێکردنیان بۆ کردووەتەوە و دەسەڵاتیان پێ داوە. ئەگەر کەمتەرخەمییەک ڕوویدا، دەبێت پێداچوونەوە بە ئامرازەکانیدا بکات، بەتایبەتی کە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی سەرپێچیکارانی دەستوور دروستیان کردووە، مەحاڵ نییە، مەگەر تەنها بۆ کەسێکی دەستەوەستان یان کەسێک کە ڕێگر بێت لە جێبەجێکردنی دەستوور.

ئەمەیە ئەو بیرۆکەیەی کە لە لەفەزای گفتوگۆکاندا لەبیرکراوە.

وەرگێڕان؛ سەردار پێنجوێنی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن