٢٥ی ئەیلولی ۲۰۱۷؛ ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەو ڕۆژەیە کە دەبێت لێی فێربین!
9/25/2026 3:59:00 PM
هونەر حاجی جاسم
٢٥ی ئەیلولی
٢٠١٧، بۆ من خاڵێکی گرنگە لە مێژووی سیاسیی کوردستان؛ ڕۆژێک کە دەبێت بە دوور لە حەماسە
و هەست، بە چاوێکی سیاسی و مێژوویی لێی بڕوانین. ئەو ڕیفراندۆمە تەنها دەنگدانێک نەبوو؛
بڕیارێکی ستراتیژی هەلە بوو کە لە کۆنتێکستێکی ناسکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەدا ئەنجام
درا و لێکەوتەکانی کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی سیاسیی کوردستان دانا. من خۆم، وەک ئەندامی
ئەنجوومەنی باڵای «نەخێر» لەو کاتەدا، هەرگیز خۆم لە بەرپرسیاریی ئەو هەڵوێستە سیاسییە
نادزمەوە. ئەو کاتە پێم وابوو و هێشتاش پێم وایە کە ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی بوو بۆ
ئێمە کە مەترسییەکان بە ڕوونی بخەینەڕوو و گەل لە ئەگەری لێکەوتەکانی بڕیارەکە ئاگادار
بکەین. لەبەر ئەوە، نابێت بەرپرسیاریی خۆم بخەمە سەر شانی کەسانی تر و خۆم لێی دوور
بخەمەوە.
بەداخەوە، بەشێک لەو کەسانەی
ئەوکات لەگەڵ ئێمە بوون، ئێستا لە هەڵوێست و دەربڕینەکانیاندا بە شێوەیەک دەجوڵێنەوە
کە لەگەڵ هەڵوێستی ئەوکاتەیان جیاوازییەکی زۆر هەیە. من ناتوانم هۆکاری ئەو گۆڕانە
بە دڵنیایی دیاری بکەم؛ بەڵام لە دیدی منەوە، نابێت بەرژەوەندیی مادی یان شەخسی ببێتە
هۆی گۆڕینی خوێندنەوەی ڕووداو و فاکتە مێژووییەکان. ڕەخنە لە خۆ و پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکان
شتێکی سرووشتییە، بەڵام گۆڕینی ڕابردوو بەپێی پێویستیی ئێستا شتێکی ترە. لە ڕوانگەی
سیاسی و زانستیشەوە، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان ئیرادەی نەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی
و توانای سیاسی بۆ گۆڕینی ئەو ئیرادەیە بۆ دەوڵەتێکی جێگیر. دەنگی گەل بنەمایەکی گرنگە،
بەڵام بە تەنیا کافی نییە. دەوڵەت پێویستی بە دامەزراوە، دەسەڵاتی یاسایی، توانای بەڕێوەبردن،
ئابووری، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و توانای پاراستنی بڕیارەکانی هەیە.
لەو ڕۆژەدا، مەشخەل کەولۆسی
و کاکە حەمە خەریکی کێشانی سنووری دەوڵەت بوون؛ هەڵکەوت زاهیریش مۆسیقای ئامادە دەکرد.
مەلا عەلی کەلەک دەیگوت: «سەلات و ئیستخارام کردووە، خوای گەورە لە خەودا پێی گوتم:
بڕۆن ڕیفراندۆم بکەن.» عەلی فەیلیش ئەوەندەی شاتە شات کرد، خەریک بوو مێشکمان ببات!
کابراش وێنەی پاسپۆرت و پارەی دەوڵەتەکەی کەمال کەرکوکی و عادل باخەوانی درووست کردبوو.
ئەم گێڕانەوەیە، هەرچەندە بە شێوەی گاڵتەئامێزە، پرسیارێکی قووڵی سیاسی لە پشتەوەیە:
ئایا لەو کاتەدا جیاوازییەکی ڕوون لەنێوان ئامانجی نیشتمانی و پلانێکی جێبەجێکردنی
دەوڵەت هەبوو؟ چونکە بڕیاری ستراتیژی تەنها بە ئامانجی کۆتایی ناپێورێت؛ دەبێت توانای
جێبەجێکردن، هاوسەنگیی هێزەکان، هەڵوێستی هاوپەیمانان و دژبەران، و سناریۆکانی دوای
بڕیارەکەش لەبەرچاو بگیرێت.
بۆیە لەوێوە ڕەخنەی بەرپرسیارانە
دەست پێ دەکات. پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە «ڕیفراندۆم دروست بوو یان هەڵە؟»؛ بەڵکو
دەبێت بپرسین: ئایا هەڵسەنگاندنی هێزی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە دروستی کرا؟
ئایا بۆ ئەگەری ڕەتکردنەوەی بەغدا و دەوڵەتانی ناوچەکە پلانێکی سیاسی و دیپلۆماسی هەبوو؟
ئایا پێش بڕیارەکە کۆدەنگییەکی پێویست لە ناوخۆی کوردستان درووسترابوو؟، هەر گەلێک
کە لە ڕووداوێکی سیاسی تەنها بە زمانی شانازی و حەماسە بڕوانێت، ئەگەری ئەوە هەیە لە
هەڵسەنگاندنی هەڵەکانی خۆی دوور بکەوێتەوە. ڕەخنەکردن لە بڕیارێکی سیاسی نابێت بە مانای
ڕەتکردنەوەی ئامانجی نیشتمانی بێت؛ بەڵکو دەتوانێت ئامانجە نیشتمانییەکان لە هەڵەی
تاکتیکی و بڕیاری خێرا بپارێزێت.
نموونەی شەڕی یۆم کیپور
لە ١٩٧٣ لە ئیسرائیل پیشان دەدات کە شکەست دەتوانێت ببێتە دەستپێکی پێداچوونەوەی دامەزراوەیی؛
کۆمسیۆنی ئەگرانات بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵسەنگاندنی هەڕەشەکان و پرۆسەی بڕیاردان دامەزرا.
وانەکە ئەوەیە کە لە دوای هەر شکەستێکی ستراتیژی، پێویستە پرسیار لە سیستەمی بڕیاردان
بکرێت، نەک تەنها لە تاکە کەسەکان.
بۆیە پرسیارەکە تەنها
«کێ هەڵەی کرد؟» نییە؛ دەبێت بزانین بۆچی هەڵەکە ڕوویدا، چ پرۆسەیەکی بڕیاردان وای
کرد ئەو هەڵەیە بگاتە ئاستی بڕیارێکی نیشتمانی، و چی دەبێت بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی دووبارە
نەبێتەوە.
لە ٢٥ی ئەیلولەوە دەبێت
فێربین کە ئامانجی نیشتمانی، هەرچەندە گەورە بێت، بە تەنیا بە حەماسە ناگاتە ئەنجام.
دەبێت لەگەڵی هەڵسەنگاندنی واقیع، دیپلۆماسی، دامەزراوە، یەکگرتوویی و توانای جێبەجێکردن
هەبێت. دەوڵەت بە دروشم درووست نابێت؛ بە کار و دانایی و بەرپرسیاریی درێژخایەن درووست
دەبێت. بۆیە پێم وایە ٢٥ی ئەیلول نابێت ببێتە ڕۆژێک بۆ شانازیی بێلێکدانەوە، و نابێتیش
ببێتە ڕۆژێک بۆ لێدوان و بەرائەتکردنی خۆمان لە بەرپرسیاری. دەبێت ببێتە ڕۆژی پرسیارکردن
لە خۆمان؛ ڕۆژی ئەوەی کە بزانین لە کوێ هەڵەمان کرد، بۆچی هەڵەمان کرد و چۆن دەکرێت
ئەو هەڵەیە دووبارە نەبێتەوە، چونکە نەتەوەیەک بەوە گەورە نابێت کە هەرگیز هەڵە نەکات؛
بەوە گەورە دەبێت کە لە هەڵەکانی خۆی نەپۆشێتەوە، ڕاستییەکانی نەگۆڕێت، بەرپرسیارییەکانی
نەخاتە ئەستۆی ئەوانی تر، و لە شکەستەکانی خۆی هێزی داهاتووی خۆی درووست بکات. ٢٥ی
ئەیلول دەبێت لە مێژوودا بمێنێت؛ بەڵام نە وەک کۆتاییی خەونێک، بەڵکو وەک دەرسێک بۆ
ئەوەی خەونەکە جارێکی تر بە هۆشیاریی زیاتر و بەرپرسیاریی قووڵتر بخرێتە ڕێگا تاکو
بە دەرەنجامی نەرێنی کۆتایی پێ نەهێت!