قەیدکردنی دووسەرەی گۆڕان و سڕکردنی پڕۆژەی نەوشیروان مستەفا
8/29/2026 1:37:00 PM
بەختیار نامیق
پارتی و یەکێتی، وەک دوو هێز و درێژکراوەی ململانێ و بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئێران ، لە دوای مەلا مستەفا و دابەشبوونی بزووتنەوەی کوردایەتی بۆ دوو بەش و دواتریش دروستبوونی دوو حیزب ، یان ڕوونتر بڵێین، (جەلالی مەلایی ) بوون بە دوو هێز لەسەر هێڵی بەرژەوەندیی تورکیا و ئێران ، سنووری جوگرافیایی هەر یەکێکیان دیاری کرابوو و لەو کاتەوە تا ئێستا هێزی سێیەم تەنانەت ئەگەر زەمینەکەشی بۆ دروستبوون لەبار بووبێت ، نەهێڵراوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و کاریگەر دروست ببێت.
ئەگەر هێزێک لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی دروست بووبێت ، بە گشتی دوو جۆر بووە: یەکێکیان هیچ زیانێکی بۆ بەرژەوەندیی هاوبەشی پارتی و یەکێتی نەبووە ، یان ڕوونتر بڵێین، بەشێک بووە لە بەرەی کوردستانی و دواتریش سەر بە ڕێککەوتنی ستراتیژی بووە، وەک سۆسیالیست، زەحمەتکێشان، پاسۆک، پارتی گەل، حیزبی یەکگرتن، یەکگرتوو، کۆمەڵ و شوعی.
خۆ ئەگەر حیزبێک یان باڵێک بە جدی لە ناو یەکێک لەو هێزانەدا دروست بووبێت ، ئەوا حیزبەکەی تر بۆ بەرژەوەندی خۆی هاوکاری کردووە تا هاوسەنگییەکە بپارێزێت ، بەڵام ئەگەر گەیشتبایەتە ئاستی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردووکیان ، پشتی تێدەکرد و بە شێوەیەکی توند لە نێوی دەبرد ، وەک ئاڵای شۆڕش، کۆمۆنیستەکان و دواتریش لاهورییەکان.
لە ئەنجامدا، هەر حیزبێک کە لە سنووری هەریەکێکیاندا دروست بووبێت، لە بازنەیەکدا دانراوە ، ئەگەر بچووک بووبایە هاوکاری دەکرا، بەڵام ئەگەر گەورە بووبایە و لەو بازنەیە دەرچووبایە لێی دەدرا.
ئەوەی لەم مێژووەدا هەڕەشەیەکی جدی بووە بۆ سەر بەرژەوەندیی گرێدراوی پارتی و یەکێتی، یان بڵێین تاران و ئەنقەرە ، سەرەتا بزووتنەوەی ئیسلامی بووە کە لە ماڵی مەلا عوسمانەوە دەستی پێ کردووە ، سەرەتا تاران هاوکاری کرد تا گوشارێک بخرێتە سەر دۆستەکەی ، کە یەکێتی بوو.
پارتی و یەکێتی دەیانزانی ماڵی مەلا عوسمان مەترسییە بۆ سەر بەرژەوەندیی هاوبەشیان ، بۆیە هەم ڕێککەوتنی کاتییان لەگەڵ کردووە و هەم دژیان بوون تا ئاستی خوێن ، دوای مەلا عوسمان، بۆ لەناوبردنی ئەو هێزە و ڕێگریکردن لە دروستبوونەوەی، هەوڵیان دا بە دەیان بەش دابەشیان بکەن.
دەزانین کە هەموو حەرەکە ئیسلامییەکان لە ماڵی مەلا عوسمانەوە سەرچاوەیان گرتووە، لە ئەنسارەوە بۆ یەکگرتوو ، دوای مەلا عوسمان نەک هەر نەیان هێشت عیرفانی کوڕی بزووتنەوەکە ڕێکی بخاتەوە ، بەڵکوو کاریان کرد تا بزووتنەوەکە لەگەڵ کامیلدا ببێتە دوو باڵ.
ئەوەش دوای چەندین ساڵ، تا ئێستا لە ڕێی خدعەی کۆمیسیۆن و یاسای ئەحزابەوە نەکەوتووەتە بەرەیەکەوە ، بەڵکوو دووسەرەییان کردووە و بیرۆکەکەیان لە قۆناغی سڕبووندا هێشتووەتەوە.
ئەڵبەت، یەکگرتوو و کۆمەڵ بەشێکن لە ڕێککەوتننامەی ستراتیژی، بەڵام هەمان سیاسەتی «پەرتکە و زاڵ بە» بۆ ئەوانیش بەکار دێت ، بۆ نموونە ، لە ناو یەکگرتوودا سەلاحەدین و حەمەفەرەج.
لە دوای بزووتنەوەی ئیسلامییەوە، تاکە هێزێک کە شانۆی پارتی و یەکێتیی هەژاند و بومەلەرزەی سیاسییەکەی گەیشتە سەر بەرژەوەندیی گرێدراوی تورکیا و ئێران ، نەوشیروان مستەفا بوو.
بزووتنەوەی گۆڕان بە هەمان سیناریۆی پارتی و یەکێتی ، دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، هەمان پلان بۆ پەرتکردنی گۆڕان و سڕکردنی پڕۆژەی نەوشیروان مستەفا جێبەجێ کرد ، بە پاڵپشتی ئەنقەرە و تاران و خستیانە ناو بازنەیەکەوە ، بازنەیەک کە دە ساڵە کەس نازانێت خاوەنی یاسایی و حیزبییەکەی کێیە.
لە نێوان کوردستان و گردەکەدا کۆت و پێوەندی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا کراوە و یاری بە هەموو ئەو کەمە گۆڕانانە دەکرێت کە ماونەتەوە.
ئەگەر گۆڕان بچێتە لای هەر یەکێک لەم ئاراستەیە و پڕۆژەی نەوشیروان مستەفایان هەبێت، ئەوا دەبێتە ترسێکی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندیی پارتی و یەکێتی و ئەنقەرە و تاران ، بۆیە لە ناو بازنەیەکدا دەیانخۆڵێننەوە، بە هەمان شێوەی بزووتنەوەی ئیسلامی.
ناهێڵن هیچ لایەنێکیان ببێتە خاوەنی گۆڕان، و لە ناو بازنەی درۆینەی یاسای ئەحزابدا دەیانخۆڵێننەوە بە مانایەکی تر، گۆڕان لە سەحایەکدا وەک دوو تیم ململانێ دەکەن، بەڵام ئەو سەحایە هی پارتی و یەکێتییە.
دەزانین گۆڕان بە فەرمی هێزی لە دوو هێزەوە گۆڕی بۆ سێ هێز ، خۆ ئەگەر حیزبێکی تر هەمان گوتاری هێزی سێیەم هەڵبگرێت، نایانهێڵن گەورە ببێت ، یان فەیکێکە و خۆیان دروستی دەکەن، وەک نموونەی شاسوار ، ئەوەی ماوەتەوە هەڵوێستە و بزانین ئەوانیش چۆن دەکەن بە چەند بەشەوە.
ئەم هاوکێشەیە کۆمەڵێک زانیاریمان دەداتێ کە گۆڕان یاریی پێ دەکرێت لە نێوان «گردەکە» و «کوردسات»؛ واتە مەلەکردنی هەردوو لا لە حەوزی سیناریۆی پارتی و یەکێتیدایە.
چونکە پارتی و یەکێتی ململانێ و بەرژەوەندیی خۆیان هەیە، لە کاتێکدا پڕۆژەی نەوشیروان مستەفا دژی بەرژەوەندیی گرێدراوی پارتی و یەکێتی و ئەنقەرە و تاراندا بوو ، کە دوو حاکمی دانراوی دوو زۆن و دوو جوگرافیای سیاسین.