21وتار

چارەنووسی ٢.٧ ملیار دۆلار بۆ «هێزی ڕۆژ»؛ ئەنجامەکە چی بوو؟

8/29/2026 2:49:00 PM
هونەر حاجی جاسم

دوای دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی و تێکچوونی دۆخی ناوخۆی سووریا، پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتە دروستکردنی هێزێکی سەربازی بە ناوی «هێزی ڕۆژ»، کە دواتر بە ئەنەکەسەوە گرێدرایەوە. ئەم هێزە ساڵانێکە لەژێر دەسەڵاتی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەتەوە و بەڵێنێکی گەورەی سیاسی و سەربازی لە پشتەوەی دروستبوونی هەبوو.

بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: لە ماوەی ئەم پانزە ساڵەدا، «هێزی ڕۆژ» چیی بۆ کورد کردووە؟

بودجەیەکی زیاتر لە ١٥ ملیۆن دۆلار مانگانە بۆ ئەم هێزە خەرج کراوە؛ واتە لە ساڵی ٢٠١١ەوە تاکو ٢٠٢٦، ئەگەر ئەو ژمارەیە بە بنەمای حساب بگیرێت، کۆی خەرجییەکان دەگاتە سەرووی ٢.٧ ملیار دۆلار. ئەمە تەنها ژمارە نییە؛ ئەمە ملیارەها دۆلارە لە بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا خەڵکی هەرێم ساڵانێکە لەگەڵ قەیرانی دارایی، دواخستنی مووچە و کەمبوونی خزمەتگوزارییەکان دەژین.

لە بەرامبەر ئەم خەرجییە گەورەیەدا، پرسیارێکی ڕوون هەیە:

«هێزی ڕۆژ» لە ماوەی پانزە ساڵدا چ ڕۆڵێکی کردووە لە بەرگری لە ڕۆژئاوای کوردستان؟

تا ئێستا، ئەم هێزە نەک ڕۆڵێکی بەرچاوی سەربازیی لە ڕۆژئاوا بینیوە، بەڵکو بەردەوام بووە لە دۆخێکدا کە زۆرتر وەک هێزێکی ئامادەباشی سیاسی و ناویەکی سەربازی مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
بەڵێ، لەوانەیە جەماعەتی ئەنەکەس بڵێن هێزەکانی هەسەدە ڕێگرییان لە گەڕانەوەی ئەم هێزانە کردووە؛ بەڵام ئەمە بە تەنیا ناتوانێت وەڵامی پرسیاری سەرەکی بداتەوە:

ئەگەر هێزێک بۆ پانزە ساڵ دروست دەکرێت، بودجەی ملیارەها دۆلاری بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام نە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەی خۆی و نە ڕۆڵێکی بەرگریی دیاریکراوی هەیە، ئەوا سوودی ستراتیژیی ئەو هێزە چییە؟

لە لایەکی تریشەوە، بۆ هەرێمی کوردستان پرسیارەکە قورس‌ترە:
ئەم ملیارەها دۆلارە بۆچی خەرج کراون؟

ئایا خەڵکی هەرێم نابێت بزانن بودجەی گشتی لە کوێ خەرج دەکرێت؟
ئایا نابێت بزانین ئەم هێزە چیی بۆ ئاسایش و بەرگریی هەرێم زیاد کردووە؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە حسابێکی ڕوون و شەفاف لەسەر ئەم خەرجییە گەورەیە بدرێت؟

ئێستا دەگەینە پرسیاری چارەنووس.

ئەگەر ڕێکەوتنی دیمەشق بگاتە قۆناغێک کە هەسەدە پێکهاتەی ئێستای خۆی لەدەست بدات، ئەوا چارەنووسی «هێزی ڕۆژ» چی دەبێت؟

ئەگەر ئەو هێزانە بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوا و لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سووریا جێگیر بکرێن، ئەوا مانای ئەوەیە کە ئەو هێزە دوای پانزە ساڵ، لە کۆتاییدا دەچێتە ژێر دەسەڵاتی دیمەشق و بودجەکەشی لەلایەن حکومەتی سووریاوە دابین دەکرێت. ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوا پرسیارێکی سیاسیی گەورەتر دروست دەبێت:

ئایا ئەو ملیارەها دۆلارەی ساڵانێک لە بودجەی هەرێمی کوردستان خەرج کراوە، بۆ دروستکردنی هێزێک بوو کە لە کۆتاییدا دەخرێتە ژێر وەزارەتی بەرگریی دیمەشق؟

ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، ئەوا پێویستە بزانین:
کێ بەرپرسیارە؟ کێ حساب دەدات؟ و کێ وەڵامی ئەو ملیارەها دۆلارە دەداتەوە؟

لەوانەیە ئەم قۆناغە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتە هەلی چارەسەرکردنی مەلفێکی سیاسی کە پانزە ساڵە لەسەر دەستی ماوەتەوە؛ هێزێک کە لە ڕۆژئاوا نەبووە بە هێزێکی بەرگریی کاریگەر، و لە هەرێمی کوردستانیش بارێکی داراییی گەورەی خستووەتە سەر بودجە.

بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگ‌تر، پرسیارەکە بۆ خەڵکی کوردستانە:

ئەگەر هێزی ڕۆژ دوای ئەو هەموو ساڵ و ئەو هەموو خەرجییە، لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ سووریا و دەخرێتە ژێر وەزارەتی بەرگریی دیمەشق، ئەوا پانزە ساڵی ڕابردوو چی بوو؟

ئایا ستراتیژییەک بوو؟
ئایا پڕۆژەیەکی سیاسی بوو؟
یان تەنها مەلفێکی سیاسی بوو کە ساڵانێک بە پارەی خەڵکی هەرێم بەردەوام کرا؟

ئەمە پرسیارەکانی ئەمڕۆن؛ و مێژوو لە داهاتوودا وەڵامیان دەداتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن