27وتار

دۆخی رۆژاڤا نە ئەو شکست و تراژیدیایە، نە ئەو دەسکەوت سەرکەوتنەشە

8/29/2026 1:36:00 PM
د.ئارام ڕەفعەت

بەگشتی وێنەیەکی نادرووستی دۆخی رۆژاڤا دەخرێتە روو.

نەیارانی دۆزی کورد و رۆژاڤا وەک شکست و ئاشبەتاڵ و لایەنگرانی تەڤگەری ئاپۆییش وەک دەسکەوت و سەرەکەوتن وێنای دەکەن.

بەڵام هیچکامیان وێنا درووستەکە نین. 

بۆ تێگەییشتن لە دۆخی ئەمڕۆی رۆژاڤا پێویستە پایەکانی ئەزموونی دوێنێی رۆژاڤا بخەینە بەرچاو و بزانین چەند پایەی رووخاوە و کامەی ماوە.

ئەگەر ئەزموونی رۆژاڤا وەک باڵەخانەیەک بخەینە بەرچاو، ئەوا تا رووخانی رژێمە عەڕوبییە فاشیستیەکەی ئەسەد،  ئەو باڵەخانەیە لەسەر  پێنج پایەی سەرەکی وەستابوو. 

پێنج پایەکە بریتی بوون لە:
١) هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، 
٢) بوونی رووسەکان وەک جەمسەری دووەمی ناو هاوکێشەکانی سووریا، 
٣) هاوپەیمانی هەسەدە و خێڵە ئەعڕابییەکان، 
٤) ئایدیۆلۆژیائ ئاۆلپۆیی و پرەنسیپ و سیاسەتی برایەتی گەلان،
 ٥) هێز یان ماتڕیاڵی مرۆیی کوردی.

هاوپەیمانان پایە هەرە سەرەکییەکە بوون، ئەوان هەم دامەزرێنەری سەرەکی و هەم پارێزەری رۆژاڤا و ئەزموونەکەی بوون.

بە هاتنی تڕەمپ و تۆم باراک و راگەیاندنی کۆتایی هاوپەیمانێتی هاوپەیمانان لەگەڵ هەسەدە، یەکێک لەسەرەکیترین پایەکانی رۆژاڤا رووخا.

پایەی دووەم، بوونی رووسەکان بوو وەک جەمسەرەکەی تری هاوکێشەکانی سوریا لە بەرامبەر ئەمریکادا. 

کورد بۆ ١٠ ساڵ یاری و موناوەرەیەکی جوانی لەنێوان ئەم دوو  جەمسەرەدا دەکرد و زیرەکانە خۆیان و خەڵکەکەیان و ئەزموونەکەیان پاراست.

بۆ نموونە، لە داگیرکردنی سەرێکانیێ لەلایەن تورکەکانەوە،  کە بە رەزامەندی و چرای کەسکی ترەمپ بوو، ژەنەڕاڵ کۆبانێ راستەوخۆ لەگەڵ ژەنەڕاڵە پایەبڵندە رووسەکان هاتە سەر خەت و بەیەکەوە لە ڤیدیۆ-کۆنفرانسدا دەرکەوتن. 

ئەم موناوەرەیەی ژەنەڕاڵ کۆبانێ کاریگەری جدی هەبوو لەسەر پاشەکشەی ترەمپ و رێگرتن لە تورکەکان بۆ فراوانکردنی هێرشە داگیرکارە وەحشییەکانیان.

بەرووخانی ئەسەد و چوونە دەرەوەی رووسەکان لەهاوکێشەی سوریا لە دیسەمبەری ٢٠٢٤دا، کورد ئەو هەل و بوار و زەمینەیەی موناوەرەکردن و مانەوە و خۆپاراستنی لەدەست چوو. 

بەمجۆرە، پایەی دووەمیش کە ئەزموونی رۆژاڤای لەسەر دامەزرابوو رووخا.

پایەی سێیەمی ئەزموونی حوکمڕانی رۆژاڤا، هاوپەیمانێتی نێوان شەڕڤانانی کورد و خێلە ئەعرابییەکان بوو، کە لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریای دیموکڕات، هەسەدە رێکخرابوو.

ئەندازیار و پاڵنەر و درێژە پێدەری ئەم هاوپەیمانێتیەی کورد و خێڵە ئەعڕابییەکان ئەمریکا بوو.

بە راگەیاندنی کۆتایی هاتنی هاوپەیمانی نێوان شەڕڤانان و ئەمریکا، هۆکارێک نەما بۆ بەرەەوامی ئەم هاوپەیمانێتییە ناتەندروستەی نێوان کورد و خێڵە ئەعڕابییەکان.

سەرەنجام خێڵە ئەعڕابییەکان هەڵدەگەڕێنەوە و خیانەت لە کورد و شەڕڤانان دەکەن و خەنجەری خیانەت لە پشتەوە لە سەدان کەس لەو شەڕڤانانە کوردانە دەدەن، کە بۆ چەندین ساڵ ئەوانییان لە داعش و ئەلقاعیدە و ئەسەد پاراستبوو.

لەم هەڵگەڕانەوە و خیانەتەدا، تورکەکان، ئەعڕابەکانی کەنداو و باندەکانی جۆلانی و خودی تۆم باڕاک بەشدار بوون، کە بەکارەسات بەسەر کورد و ئەزموونی رۆژاڤادا شکایەوە. 

خیانەتی خێڵە ئەعڕابییەکان هەم بەمانای روخانی پایەی سێیەم و هەم راستەوخۆ بەمانای روخانی پایەی چوارەمی ئەزموونی رۆژاڤاش بوو، کە فەلسەفەی برایەتی گەلان و خۆسەری دیموکڕاتیک بوو.

لەرووخانی ئەم دوو پایەیەدا، کورد هەم حوکمارانی بەسەر زیاتر لە  ٪٦٠ی خاکدا لەدەست دا و  هەم   فەلسەفەی برایەتی گەلان و خۆسەری دیموکڕاتی شکستی خوارد.

لە ٢٩ی ژانیوەری ئەمساڵ بەدواوە، لەو پێنج پایەی ئەزموونی رۆژاڤا تەنها یەک پایە ماوەتەوە، کە بریتییە لە هێزی ماتڕیاڵی مرۆیی شەڕڤانانی کورد و دیمۆگڕافیای ناوچە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی فواراتە.

ئەوەی ئەم ماتڕیاڵە مرۆییە کۆدەکاتەوە و ساز و ئاراستەی دەکات تێکەڵەیەکە لە نەتەوەیی بوون و کوردبوون وە فەلسەفەی ئاپۆیی.

فەلسەفەی ئاپۆیی بەهۆی خیانەتی خێڵە ئەعڕابیەکان و شکستی ئەزموونی برایەتی گەلان و تێزی نامۆ و تەسلیمگەرایی ئینتیگراسیۆن و ئیندیماج لەژێر فشاری کەمپینێکی هەمەلایەنەی  تەشهیر و شێواندندا، تا رادەیەکی زۆر لە پاشکشەدایە.

لەم دۆخەدا، مانەوەی رۆژاڤا وەک دیموگڕافیا و ئەزموونی رۆژاڤاش وەک ماتڕیاڵی مرۆیی (پایەی پێنجەم) خودی دەسکەوت و سەرکەوتنی رێژەیی رۆژاڤایە.

بۆ ئەوەی لەو هاوکيشەیە تێبگەیین چوار ئەزموونی هاوشێوە هەیە بۆ بەراورد کردن.

دوو ئەزموونیان هی رۆژاڤان، کە هی عەفرین و سەرێکانیێن، ئەزموونی سێیەمیش هی حەماس و غەززەیە و چوارەمیش حیزبوڵا و باشوری لوبنانە.

هەرچوار ئەزموونەکە، کە بەرخۆدانی هێزگەلی رەسەن و خاوەن مافبوون لە دۆخێکی ناهاوسەنگدا بە کارەسات و تراژیدیا کۆتایی هات.

عەفرین و سەرێکانیێ داگیرکران و سەدان هەزار کورد ئاوارە بوون و رووبەڕووی گەورەترین سیاسەتی داگیرکاری و تەعریب کران.

غەززە بەتەوای وێران کرا، زیاتر لە ٧٠ هەزار لەدانیشتوانی کوژران لەگەڵ زۆربەی سەرکردەکانی حەماس.

دۆخی حیزبوڵڵا و باشوری لوبنانیش زۆر لە هی سێ ئەزموونەکەی سەرەوە باشتر نییە.

هێزی شەڕڤانان لەقاڵبێکی دیکە و چوارچێوەی سوپا باندیستەکەی جۆلانی رێکخراونەتەوە، بەڵام هەن و ماونەتەوە.

سەرکردە سەربازی و سیاسییەکان لەناو دامەزراوەکانی سوریادا جێگەیان کراوەتەوە و ئیدارەی قامیشلۆ و حەسەکە و کۆبانێ لەدەست کوردا ماوەتەوە.

ئەوەی وادەکات ئەم سەرکەوتنە رێژەییە بەرجەستە ببێت گەڕانەوەی کوردە بۆ هەردوو ناوچەی عەفرین و سەرێکانیێ.

بەڵام لەبەرامبەردا، کورد نیمچە دەوڵەتێک و لەشکرێکی ١٠٠ هەزار شەڕڤانی و چواریەکی خاک و سامانە سرووشتییەکانی سوریا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەدەست چوو.

خاڵێک زۆر گرنگە ئاماژەی پێبدرێت، سێ لە چوار پایە رووخاوەکەی ئەزموونی رۆژاڤا، واتە کۆتایی هێنانی هاوپەیمانێتی ئەمریکییەکان، نەمانی رووسەکان  و خیانەتی خێڵە ئەعڕابییەکان، هەرسێکیان لەدەرەوەی ئیرادە و دەسەڵاتی کوردا بووە.

خاڵێکی دیکە کەزۆر گرنگە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە، هەڵە و شکستی ئایدیۆلۆژی هەبووە، بەڵام کەم و زۆر خیانەت لە ناو ئەزموونی رۆژاڤادا   و لەناو شەڕڤانانی کوردا نەبووە.

پێچەوانەی زۆرینەی ئەزموونە شکستخواردنەکانی دیکەی کورد، خیانەتی ناوخۆیی هۆکار نەبووە بۆ پاشەکشە و شکستی کورد لەرۆژاڤا، ئەمەش بۆخۆی سەرکەوتنێکی مەعنەوی گەورەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن