چیا و نما لە نێوان دەستەڵاتی نەوەی دوهەمی سەرکردەکانی شاخدا
6/14/2026 1:14:00 PM
بەختیار نامیق
بە پێی واقعی ئێستای هەرێمی کوردستان ئەگەر مۆدێلی خلیجی یان وەلی عەهدی و ئیماراتی لە هەرێمی کوردستاندا بێت جیا لەوەی چیمان دەوێت و چ جۆرە مۆدێلێکی دەستەڵات پێویستە ، ئەوەی ئێستا هەیە و بوەتە دەستەڵاتێک لە هەرێمی کوردستاندا حوکمی نەوەی دوهەمی سەرکردەکانی شاخە ، ئەوەش دەزانین ئەگەر بازنەی یەکەمی حکومڕانی کوردستان نەوەکانی سەرکردەی بازنەی یەکەمی شاخە ، بە پلەبەندی سەرکردەکانی پلە دوو تا دوا پلە ، نەوەکانیان وەک شاخ بەچواردەوری نەوەی دوهەمی سەرکردە پلە یەکەکانی شاخەوەن لە چوارچێوەی حیزبدا ، بەم شێوەیەیە ئەمە وێنەکەیە ئیتر بمانەوێ یان نەمانەوێ.
لە ئێستادا ئەگەر حکومداری هەرێم بۆ سەرکردە پلە یەکەکانی شاخ دابەش بوبێت ( نەوشیروان مستەفا ، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی) ئەوا بەهەمان پێوەر دەبێت شۆڕ ببێتەوە بۆ نەوەکانیان وەک مۆدێل واتا بۆ بافڵ و قوباد ، مەسرور و براکانی ، چیا و نما ، لەم نێوەندەدا وەک دەستەڵات و حوکمی مێژوی خەباتی شاخ و ڕاپەڕین دەبوو چیا و نما دەستەڵاتیان لە نەوەکانی بارزانی و تاڵەبانی زیاتر بوایە ، بەڵام لەبەر ئەوەی نەوشیروان مستەفا دیدی جیاوازی هەبوو پڕۆژەی ڕیفۆرم و دەستکاریکردنی ڕێککەوتنی وڵاتانی ناوچەیی هەبوو ، دەیویست هەرێم زیاتر نقومی لەناوچون نەبێت ، وە دەیوست مۆدێلێکی جیاواز لە وەلی عەهدی بسەپێنێت ، بەڵام مادام واقع بوە حوکمی کوڕانی سەرکردەکانی شاخ ، دوای خۆی بەپێی حوکمی واقعی سیاسی و حکومڕانی دەبێت چیا و نما ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ ، خۆ ئەگەر چیا و نما دەستەڵاتی زیاتریان نەبێت لە مەسرور و بافڵ ئەوا نابێت کەمتر بێت ، خۆ ئەگەر حکومڕانی هەرێم لە سێکوچکەی ( نەوشیروان+تاڵەبانی+بارزانی) بکرێت بە دوو کوچکە و بچێتەوە ناو بازنەی دوو زۆنی و دوو حیزبیەوە و ڕێککەوتننامەی دەباشان زیندو بکرێتەوە ، ئەوا بافڵ و چیا نەک دەبنە خاوەن مێژوی یەکێتی بەڵکو دەبنە خاوەن بەشێکی گەورەی پارتیش چونکە باپیری بافڵ بە نیوەی مستەفا بارزانی خاوەنی پارتی بوە .
بەهەمان شێوە کوڕانی سەرکردەکانی بازنەکانی خوارەوە پێگەی شاخی باوکیان لەچواردەوری نەوەی سەرکردە پلە یەکەکان وەردەگرنەوە ، خۆ ئەگەر نەوشیروان مستەفا پاکجێکی چاکسازی بوبێت بەهۆی دژایەتی وڵاتانی ناوچە ئەوا ئێستا بەناچاری هەرێم و دەستەڵاتەکانی هەردوو زۆن و هەردوو حیزب دەبێت ئەو ڕێگایە بگرنە بەر.
چیا و نما بەقەد بافڵ و قوباد و مەسرور و بابۆ دەبێت دەستەڵاتیان هەبێت ، خۆ ئەگەر ئەمە حوکمی واقعی حکوڕانی بێت ، ئەی بۆ وانیە؟
نەوشیروان مستەفا دەیویست دەستەڵاتێکی دامەزراوەیی و نیشتمانی هەبێت ، جیاواز لە دیدی بارزانی و تاڵەبانی بەڵام دوای خۆی هاوڕێکانی کەوتنە دژایەتی چیا و نما و بە بیناوی تەوریس و گردەوە زیاتر لە دووژمنەکانیان تەخوینیان کردن و نەیانهێشت ببنە بەشێک لەو مۆدێلەی ئێستا هەیە ، بە پێچەوانەوە نەوەکانی تاڵەبانی و بارزانی توانیان دەستەڵات و مۆدێلەکە بچەسپێنن و بەشێکی زۆری هاوڕێیانی باوکیان پشتیوانیان کردن ، ئەوەش دەزانین دەنگەکانی نەوەی نوێ و شاسوار کە هاوسەنگی هێزی بۆ یەکێتی گێڕایەوە ، پێگە و گوتاری کوڕانی کاک نەوشیروان بو ، بەڵام بەهۆی غیابی ئەم کوڕانەوە لە بۆشایدا شاسوار توانی ئەم گۆڕەپانە داگیر بکات و ئەو سەروەتە مرۆییەی چیاونما بۆ خۆی ببات ودواتر بۆ خۆی بەکاری بهێنێت.
تاکە هۆکاری نەبونی خاوەنداریەتی سەرکردایەتی پێگەی نەوشیروان مستەفا بە پلەی یەکەم هاوڕێکانی بو ، بە پلەی دوهەم کوڕەکانی بون ، بەڵام ئەگەر ژینگەی هەرێم نەتوانێت لەدەرەوەی بنەماڵەی سەرکردەکانی شاخەوە ، دەستەڵاتێکی مەدەنی بونیاد بنێن و مەحکوم بن بە مۆدێلی وەلی عەهدی و خلیجی ئەوا نەک چیا و نما هەر ئەوەندە بن کە هەن ، بەڵکو دەبێت چیا وەک بافڵ و مەسرور خاوەن پێگە و دەستەڵات بێت ،چونکە تا ئێستاش کلیلی دەروازەی پێگەی سێهەم لە گیرفانی چیا نەوشیروان مستەفادایە ئەگەر بیەوێت ، پرسیارەکە لێرەدایە ئایا چیا و نما وەک نەوەکانی تاڵەبانی و بەرزانی دەتوانن جوڵە بکەن.