5وتار

مارکێتین و تەڵەی نەزاهە بۆ عەلی حەمەساڵح

6/13/2026 12:25:00 PM
بەختیار نامیق


بۆ پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ، جگە لە کارتی هێزی دەوڵەتانی هەرێمی کە وەک سەقفێک ڕێککەوتنیان هەیە ، لەژێر سەقفەکەدا یاری جواروجۆر هەیە ،  یەکێتی و پارتی دنیایەک یاری و سیناریۆ لە نێوانیاندا هەیە ، لە ئێستادا یەکێتی هەوڵی هاوسەنگی هێز دەدات بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ستراتیژی ، ڕێککەوتنی لەگەڵ نەوەی نوێ سەرەتای ئەم گەڕانەوەیە بو  ، یەکێتی سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ خۆی مسۆگەرکرد ، واتا ئەگەر دوای گۆڕان نەوەی نوێ سیناریۆی خۆیان بو بێت ، ئەوا ئێستا پارتی دەیەوێ وەک ساڵانی تر هەمو جومگە سەرەکییەکانی حکومەت و پەرلەمان و دادوەری لای خۆیان بێت و ڕازی نین بە گەڕانەوە بۆ پەنجا بە پەنجا بۆیە ئەویش دەست بۆ سازدانی سیناریۆ دەبات.

ئەوە دەزانین ئەگەر هەڵبژاردنی تر بکرێتەوە یان کاتێکی تر بکرێت ، نەوەی نوێ بنکەی جەماوەری لەدەستداوە و دەنگەکانی تەواو کەمدەبێتەوە ، ئەم دەنگانە دەنگی بازنەی دەرەوەی یەکێتی و پارتییە ، واتا یەکێتی دەنگدەرێکی تایبەتی هەیە ، پارتی بەهەمان شێوە ، بازنەی سێهەم دەنگدەرێکن جوڵە دەکات و جێگر نیە ، دواجار ئەم بازنەی سێهەمە ئاراستەی هێز دیاری دەکات ، ئەم دەنگدەرە ئێستە زۆرینەی ڕوو لە هەڵوێست و عەلی حەمەساڵح و هاوڕێکانیەتی .

لە ئێستادا کە لیژنەی نەزاهە بڕیاری دژ بە گەندەڵی دەدات مارکێتینێک و تەڵەیەک دەخاتە بەردەم عەلی حەمەساڵح و هاوڕێکانی ، واتا سیناریۆیەک لە پشتی ئەم هەڵمەتی ڤەلاچۆکردنی گەندەڵییە هەیە ، کە هەر سەرانی هەرەمی سەرەوەی دەستەڵات دایان ڕشتوە ، دەستەڵات خۆیان باش دەزانن کە دوو ئیدارەییە و دوو دادگاییە و دەزانن کەس ناتوانێ ڕوبەڕوی هەندێ پرسی ئابوری بێتەوە کە پڕە لە گەندەڵی  ، گەندەڵی لە لوتکەی دەستەڵاتی هەردوو زۆنەکەدایە ، ئیتر ئەگەر سیناریۆ و شتێکی لەپشت نەبێت چۆن بڕیار دژی خۆیان دەردەکەن وەک ئەوە وایە تاوانبارێک لە لە لوتکەی دەستەڵاتدا ئەمری گرتن و زیندانی بۆ خۆی دەربکات.

هەموو دەزانین کە ئێستا تاقە هێزێک کە ڕوبەڕوی دەستەڵاتی هەردوو زۆنەکە بوەتەوە تەنها عەلی حەمەساڵح و هاوڕێکانیەتی ، وە زۆرترین مەلەفی گەندەڵیان لایە ، ئەگەر پێشتر شاسوار خاوەنی بەشێک لەم مەلەفانە بوبێت ، ئەوا ئێستا ئەم مەلەفانەش چوەتە بازنەی هەڵوێستەوە ، ئەگەری سیناریۆکە بەم شێوەیەیە ،  نەزاهە جوڵێنراوە لە بەرژەوەندی هەڵویست ، بە شێوەیەک هەموو بنکە دەنگدەرە ناڕازییەکانی نەوەی نوێ و لاهوری و بێلانەکان و بەشێک لە بنکەی دەنگدەری یەکگرتو و کۆمەڵیش دەچێت بۆ عەلی حەمەساڵح و کورسییەکانی زۆر زیاد دەکات ، دواتر دەزانین ئەم هەنگاوە ناگاتە لوتکەی دەستەڵات ، دەکرێ تەڵەیەک لە پشتی ئەم مارکێتینەوە بۆ عەلی حەمەساڵح و هاوڕێکانی هەبێت ، تا بنکە دەنگدەرەکەی بازنەی سێهەم بە تەواوی بچێتە ناو بازنەی عەلی حەمەساڵح و هاوڕێکانی و دواتر تەڵەیەک بێت دەرچون لێی ئەستەم بێت .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن