سلێمانی پلەی یەکەمە
01:57 - 13/06/2026
زەمەن_هەواڵ
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەپێی پلانێکی نوێی وەزارەتی کشتوکاڵ، گەنمی ناو پلان و دەرەوەی پلان بە دوو نرخی جیاواز لە جووتیاران وەردەگیرێت.
ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە سایلۆی پیرەمەگروون، دەست بە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ کرا، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 400,000 تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و ئەم بڕە دابەشکراوە بۆ دوو بەش، کە 292,000 تۆنی لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیدایە و 108,000 تۆنەکەشی وەک گەنمی دەرەوەی پلان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
هاوکات، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ، لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە بۆ نوێنەرایەتی حکومەت لە بەغداد، وردەکاریی دابەشبوونی ئەم بڕەی بەسەر پارێزگاکاندا ڕوونکردووەتەوە، کە پارێزگای سلێمانی گەورەترین پشکی بەرکەوتووە کە کۆی گشتییەکەی 150,209 تۆنە، لەو بڕە 109,658 تۆنی لە ناو پلان و 40,551 تۆنی لە دەرەوەی پلانە. پارێزگای هەولێر لە پلەی دووەمدایە و پشکەکەی 122,680 تۆنە، کە 89,561 تۆنی ناو پلان و 33,119 تۆنی دەرەوەی پلان دەگرێتەوە.
بۆ پارێزگای دهۆک 116,083 تۆن گەنم وەک پشکی گشتی دیاریکراوە، کە 84,745 تۆنی بەپێی پلان و 31,338 تۆنی لە دەرەوەی پلان وەردەگیرێت. پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین پشکی بۆ تەرخانکراوە کە کۆی گشتی 11,028 تۆنە، لەو بڕە 8,036 تۆنی ناو پلانە و 2,992 تۆنی وەک گەنمی دەرەوەی پلان مامەڵەی پێوە دەکرێت.
حکومەتی فیدراڵ دوو نرخی جیاوازی بۆ کڕینەوەی گەنم لە جووتیاران دیاریکردووە، هەر تۆنێک گەنم کە لە ناو پلاندا بێت بە 700,000 دینار وەردەگیرێت، بەڵام گەنمی دەرەوەی پلان هەر تۆنێکی بە 500,000 دینار دەبێت و کۆی پارەی تەرخانکراو بۆ کڕینەوەی تەواوی گەنمەکە دەگاتە 258,400,000,000 دینار، کە 204,400,000,000 دیناری بۆ گەنمی ناو پلان و 54,000,000,000 دیناری بۆ گەنمی دەرەوەی پلان تەرخانکراوە.