عێراق لە هەوڵدایە بۆ بەدەرکردنی فڕۆکەخانەکانی لە سزاکانی ئەمریکا دژ بە ئێران
11:29 - 26/09/2026
زەمەن - هەواڵ
حکوومەتی عێراق
لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی لە سزاکانی ئەمریکا دژ بە ئێران بەدەربکرێن.
لە ڕاگەیاندراوێکدا،
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە، سەرقاڵی گفتوگۆی ڕاستەوخۆن لەگەڵ
ئەمریکا، بۆ لێخۆشبوون لە فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی گەشتەکان بەرەو ئێران
دەست پێ بکەنەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی
نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە: "لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێوشوێنانەی وەزارەتی
گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە،
لەنێویاندا ئەوانەی لە عێراق دیاریکردووە؛ حکوومەتی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆی ڕاستەوخۆیە
لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بۆ دەستەبەرکردنی لێخۆشبوون بۆ هەندێک فڕۆکەخانەی عێراق لەم ڕێوشوێنانە".
نووسینگەی سەرۆکوەزیران
ڕاشیگەیاندووە کە مەبەست لەو خواستە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بە هۆکاری
مرۆییە بۆ چارەسەری پزیشکی، پەروەردە، زیارەتی ئایینی و بەرژەوەندیی خەڵکی مەدەنی.
وەزارەتی گەنجینەی
ئەمریکا بڕیاری داوە بە سزادانی هەر وڵاتێک کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە فڕۆکە ئێرانییەکان
بکەن و بەو پێیە وڵاتان پێویستە کایەی ئاسمانی خۆیان بەڕووی گەشتەکانی ئێران دابخەن.
لەسەر بنەمای ئەو
سزایانەی حکوومەتی ئەمریکا، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق هەموو گەشتەکانی ئێران
بۆ فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی ڕاگرتووە.